شارپرێس:
چوارچێوەی هەماهەنگی کە هێزە شیعییەکانی عێراق
لەژێر چەتری خۆیدا کۆدەکاتەوە، خەریکی تاووتوێکردنی پێشنیازێکە بۆ گۆڕینی هاوپەیمانێتییە
سیاسییهكهى لەپێکهاتەیەکی سادەو کاتییەوە بۆ سەرکردایەتییەکی سیاسیى هەمیشەیی کە
خاوەن بڕیاری ڕاستەوخۆبێت لەسەرجەم هەنگاوەکانی حکومەتدا، ئەمەش لەڕێگەی پێکهێنانی
"ئەنجومەنی سەرکردایەتیی دەوڵەت" کە لەلایەن هەمام حەمودی سەرۆکی ئەنجومەنی
باڵای ئیسلامیی عێراقەوە لەمانگی ئابی ڕابردودا خرابوەڕوو.
بهگوێرهى ڕاپۆرتێکی ماڵپەڕی (ئەمج میدیا ـ Amwaj Media)ى بهریتانى، پێشنیازەکە ئەوە لەخۆدەگرێت
کە "ئەنجومەنی سەرکردایەتیی دەوڵەت" ئەرکی چاودێریکردنی کارەکانی حکومەت
بگرێتە ئەستۆ لەڕێگەی لیژنە پسپۆڕەکانی سەر بەچوارچێوەی هەماهەنگییەوە، بڕیاریشە ئەم
ئەنجومەنە دەستەیەکی ناوخۆیی جیاوازبێت لەهاوپەیمانیی بەرفراوانتری "ئیدارەی
دەوڵەت" کە هێزە شیعی، کوردیو سوننەکانی پاڵپشتیکەر لەحکومەت لەخۆدەگرێت.
سەرەڕای ئەوەی چوارچێوەی یاساییو دەستوریی ڕون
بۆ ئەم ئەنجومەنە پێشنیازکراوە لەئارادانییە، بەڵام سەرچاوەیەکی سیاسیى نزیک لەچوارچێوەی
هەماهەنگی ڕایگەیاندوە، ئەم ئەنجومەنە دەکرێت پلە بەپلە ببێتە سەرچاوەو مەرجەعی سەرەکیی
سەرجەم بڕیارە گرنگەکانی بەغدا".
ڕاپۆرتەكه لەزاری لێکۆڵەرانی عێراقییەوە بڵاوكراوهتهوه
کە ئەم هەنگاوە وەک "هەوڵێکە بۆ بەرتەسککردنەوەی ئازادیی بڕیاردانی عەلی زەیدی
سەرۆک وەزیران، بەتایبەت دوای دەستپێکردنی ههڵمهتهكهى بۆ بەرەنگاربونەوەی گەندەڵیو
داواکارییەکەی بۆ کۆنترۆڵکردنی چەک لەدەستی دەوڵەتدا"؛ کە ئەم دوو هەنگاوە
بونەتە هۆی دروستبونی دڵەڕاوکێ لەلایەن بەشێک لەسەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگیدا.
بهگوێرهى ئەم تێڕوانینە، ڕاپۆرتەکە پێیوایە، ڕۆڵی
سەرۆک وەزیران لەداڕێژەری سیاسەتەکانەوە دەگۆڕێت بۆ جێبەجێکاری ئەو بڕیارانەی کە لەناو
چوارچێوەی هەماهەنگیدا دەدرێن، کاریگەریی ئەم ئەنجومەنەش تەنها لەسەر کەسیی زەیدیی
ناوەستێتەوە، بەڵکو هاوسەنگیی هێز لەناو خودی هاوپەیمانێتییە شیعییەکەدا سەرلەنوێ ڕێکدەخاتەوە.
لەم چوارچێوەیەدا، ئیحسان شەمەری سەرۆکی ناوەندی
بیرکردنەوەی سیاسیى پێیوایە، هاوپەیمانێتیی شیعهكان ڕوبەڕوی قەیرانێکی بێدەنگ بوەتەوە
کە دانی پێدا نانێت، ئەمەش لەسایەی ململانێی نێوان نەوەکانو بەرژەوەندییە جیاوازەکانی
ناوخۆیدا، ئەم ئەنجومەنەش دەکرێت چوارچێوەیەک بێت بۆ چارەسەرکردنی ئەم ناکۆکییانەو
دورخستنەوەی هەمیشەیی موقتهدا سەدر ڕێبەری ڕەوتی نیشتمانیی شیعه لەدەسەڵات، هاوڕێ
لەگەڵ کۆنترۆڵکردنی پێگەی هێزە نوێیەکانی ناو هاوپەیمانێتییەکە.
لهلایهكى دیكهوه حامید سەید جێگری ئەمینداری
گشتیی ڕەوتی (ئاسۆی نیشتمانیی ئۆپۆزسیۆن)، بەماڵپەڕه بهریتانیهكهى وتوه، دامەزراندنی
ئەم ئەنجومەنە هەوڵێکە بۆ داخستنی تەواوەتی دەرگا بەڕوی هەر گەڕانەوەیەکی چاوەڕوانکراوی
ڕەوتی سەدرو کۆتاییهێنان بەبیرۆکەی "زۆرینەی سیاسیى"، جگە لەکورتکردنەوەی
بازنەی بڕیاردان لەناو چوارچێوەی هەماهەنگیدا بۆ ئەو هێزانەی کە خاوەن قورسایی گەورەی
پەرلەمانین.
لەلایەکی دیکەوە، شەمەری ئاماژەی بەوەشدا،
چوارچێوەی هەماهەنگی تەنها وەک گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمانی سەیری خۆی ناکات کە
مافی دەستنیشانکردنی سەرۆک وەزیرانی هەبێت، بەڵکو خۆی بەخودی حکومەت دەزانێت؛ کە ئەمەش
تەواو هاوتەریبە لەگەڵ هەڵوێستی پێشوی هادی عامری سەرۆکی ڕێکخراوی بەدر کە جەختیکردبوەوە
بڕیارە گەورەکانی تایبەت بەداماڵینی چەکی هێزە چەکدارەکان دەبێت بڕیارێکی بەکۆمەڵی
هاوپەیمانیی دەسەڵاتدار بێت، نەک تەنها بڕیاری کەسیی زەیدییو حکومەتەکەی بەتەنها.
ڕاپۆرتەکە تیشکیخستوەتەسەر ئەوەی، پێگەی زەیدیی
لەسەرەتای هەڵبژاردنیەوە وەک سەرۆک وەزیران بەبەرتەسک دەرکەوتوە، هەرچەندە هەڵبژاردنی
لەمانگی نیسانی ڕابردودا وەک چارەسەرێکی ناوەند هات دوای ململانێی نێوان كاندیدبونى
نوری مالیکی (سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا)و محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی
پێشوى عێراق، بەڵام ڕەزامەندیی ئەمریکاو
پاڵپشتیی دادوەریی لەمانگی ئایاردا، ڕێڕەوێکی باشی جوڵەی پێبەخشی لەکاتی وەرگرتنی
پۆستەکەیدا.
لهگهڵ ئهمانهشدا، شاڵاوەکەی زهیدیى بۆ بەرەنگاربونەوەی
گەندەڵی کە لەکۆتایی مانگی حوزەیراندا لەژێر ناوی "هێرشی بەرەبەیان" دەستیپێکرد،
بهگوێرهى ڕاپۆرتە بەریتانییەکە، ڕوبەڕوبونەوەی چەندین لایەنی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی
بوەوە، تا ئەو شوێنەی نەجم شابەندەر ڕایگەیاند، زەیدیی لەناو هاوپەیمانێتییەکەدا
"نەیارەکانی زۆر زیاترن لەهاوپەیمانەکانی".
ئەم گۆڕانکارییانە لەپرسى چەکدا زیاتر بەرتەسکبونەوە؛
دوای ئەوەی زەیدیی لە 14ی تەمموزدا ڕایگەیاندبوو، ڕێگە بەهیچ پارتێک نادرێت چەک لەدەرەوەی
چەتری دەوڵەتدا دوای 30ی ئەیلول هەڵبگرێت، ڕاپۆرتەکانیش لە25ی ئابدا ئاشکرایانکرد،
لیژنەیەکی سێ قۆڵی لە(مالیکی، سودانیو عامری) خەریکی گفتوگۆن لەگەڵ گروپه چەکدارەکاندا
لەسەر چەکەکانیان.
دواتر لە21ى ئەیلولدا، زەیدیی لەدیدارێكدا لەگەڵ
ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمزى ئهمریكى، پلانێکی نوێی خستەڕوو کە ڕاگرتنی هێرشەکانی
گروپه چەکدارەکان بۆ ماوەی 90 ڕۆژ لە30ى ئەیلولەوە لەخۆدەگرێت، بەجۆرێک کە پرۆسەی
ڕادەستکردنی چەک تا 30ی حوزەیرانی 2027 بەتەواوی کۆتایی بێت، ئەمەش وادەی پێشوی بەدرێژایی
نۆ مانگی دیكه درێژکردەوە.
لەسەر بنەمای ئەو پێشهاتانە، ڕاپۆرته بهریتانیهكه
لەکۆتاییدا ئاماژەی بەوەکردوە، کاردانەوەکان بەرامبەر شاڵاوی دژەگەندەڵیو پاشەکشەکردنی
خشتەی کاتیی داماڵینی چەک، ڕادەی سنورداریی ئەو هێزە نیشاندەدەن کە لەدەستی زەیدیدایە،
دامەزراندنی "ئەنجومەنی سەرکردایەتیی دەوڵەت"یش بۆ چاودێریکردنی حکومەت
لەڕێگەی لیژنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگییەوە، ئەم سنوردارییە کاتییە دەگۆڕێت بۆ میکانیزمێکی
سیاسیى هەمیشەیی لەوڵاتدا.
