شارپرێس:
سەرۆکی رەوتی حیکمەی نیشتیمانی ڕایدەگەیەنێت، بەهێزیی دەوڵەتی عێراق لەوەوە سەرچاوە دەگرێت کە سەرجەم پێکهاتەکان هەست بکەن هاوبەشی ڕاستەقینەو ڕەسەنی وڵاتەکەیانن.
عەممار حەکیم، سەرۆکی ڕەوتی حیکمەی نیشتیمانی، لەمیانەی پێشکەشکردنی گوتارێکدا ڕایگەیاند، هێزی عێراق لەو کاتەوە دەستپێدەکات کە هەموو پێکهاتەیەک هەست بەوە بکات هاوبەشێکی ڕەسەنە؛ عێراق بەشکاندنی ئیرادەکان بەڕێوە نابرێت و هەرگیز بەسەرکەوتنی لایەنێک بەسەر لایەنێکی دیکەدا سەقامگیری بەخۆیەوە نابینێت.
عەممار حەکیم، لەبارەی گۆڕانکارییە هەرێمییەکانەوە، ئاماژەی بەوەشکرد، عێراق لەناو چەقی ناوچەیەکدا دەژیت کە شایەتی وەرچەرخانی قوڵ و خێرایە. جەختی کردەوە، کە نابێت سیاسەتی دەرەوەی عێراق بگۆڕدرێت بۆ پەرچەکردار بەرامبەر بەململانێکانی ئەوانی دیکە؛ پاراستنی سەربەخۆییی بڕیارو راگرتنی هاوسەنگی لەپەیوەندییەکاندا پێویستی بەدەوڵەتێکی بەهێزو خاوەن دەسەڵات هەیە
هاوکات ئاماژەیدا کە پاراستنی پرۆسەی سیاسی تەنیا بەوتارو قسە بەدی نایەت، بەڵکوو لەڕێگەی چاکسازی و پەرەپێدانی بەردەوامەوە دەبێت، بڕیاری شەڕ و ئاشتیش تەنیاو تەنیا لەئەستۆی دامەزراوە دەستورییەکانی دەوڵەتدایە.
سەرۆکی ڕەوتی حیکمەی نیشتیمانی دوپاتی کردەوە کەهیچ سەروەرییەکی تەواو لەسایەی فرەییی ناوەندەکانی بڕیاردا نایەتەدی و هیچ دەوڵەتێکی بەتواناش بەبێ گەڕانەوە بۆ دەستور بونیاد نانرێت.
ڕاشیگەیاند، پشتبەستنی نیمچە تاکڕەوانەی عێراق بەنەوت بەخاڵی لاوازیی ستراتیژی دادەنرێت؛ لەکاتێکدا وڵات خاوەنی سامان، پێگەی جوگرافی و توانایەکی زۆرە کە شیاوی ئەوەیە سەرچاوەکانی داهاتی فرەچەشن بکات.
عەممار حەکیم، لەبەشێکی دیکەی وتارەکەیدا تیشکی خستە سەر پەیوەندییەکانی نێوان بەغداو هەولێرو وتی، ئەو ئاستە پێشکەوتوەی ئێستا لەگفتوگۆ و دیالۆگی نێوان حکومەتی فیدراڵ و هەرێمی کوردستاندا دەیبینین، رێڕەوێکی دروستەو پێویستە زیاتر پەرەی پێ بدرێت؛ چونکە هەر پێشکەوتنێک لەنێوان بەغداو هەولێردا بەدەستبێت، پێشکەوتنە بۆ سەرجەم خەڵکی عێراق.
جەختیشی لەوە کردەوە، کە بەهێزیی بەغداو سەقامگیریی دامەزراوە دەستوورییەکانی دەوڵەت، تاکە گەرەنتیی راستەقینەیە بۆ پاراستنی ماف و ئاسایشی هەموو عێراقییەکان بێ جیاوازی.
