کوڕەکەی مادورۆ تێکچونی باری تەندروستیی باوەژنەکەی لەبەندینخانەدا ئاشكرادەکات

جیهان

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2181 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

کۆمەڵەی دارایی‌و هەواڵگریی نێودەوڵەتی ئاشکرایانکرد، سیلیا فلۆریس هاوسەری (مادۆرۆ) سەرۆکی لادراوی ڤەنزوێلا کە هاوشێوەی ئەو لەویلایەتەیەکگرتوەکانی ئەمریکادا بەندکراوە، بەدەست کێشەیەکی زۆر هەستیاری دڵەوە دەناڵێنێت، ئەمەش به‌گوێره‌ى ئەوەی کە کوڕەکەی بەئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاندوە.


نیکۆلاس مادورۆ گێرا كوڕى سه‌رۆكى له‌سه‌ر كارلادراوى ڤه‌نزوێلا ڕایگەیاندوە، باوەژنەکەی تووشی کێشەیەکی زۆر هەستیاری دڵ بوه‌و لە 15ی تشرینی یەکەمی داهاتودا ته‌مه‌نى دەبێتە 70 ساڵ، لەناو بەندینخانەکەدا هیچ بارودۆخێکی گونجاو لەئارادانییە کە ڕێگەی پێبدات بەتەواوی لەنەشتەرگەرییەکی وەک ئەوەی کە پێویستە بۆی بکرێت، چاک ببێتەوە.

پێشتریش پارێزەری فلۆریس کە لەسەرەتای ئەمساڵدا لە پڕۆسەیەکی سەربازیی ئەمریکیدا لەگەڵ هاوسەرەکەیدا دەستبەسەرکرابوو، لەمانگی ئەیلولی ڕابردودا داوایکردبوو، لەبەندینخانە بهێنرێتە دەرەوەو بخرێتە ژێر چاودێریی مانەوەی زۆرەملێ لەماڵەوە بۆ وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی.

کوڕەکەی مادورۆ بەفرانس پرێس-ی وتوه‌، "فلۆریس لەبەندینخانەکەدا لەگەڵ 40 ژندا لەناو یەک هۆڵدا دەژیت‌و بێگومان ئەمەش ژمارەیەکی یەکجار زۆرە، لەڕۆژانی ڕابردودا، شەڕ لەنێوان دوو ژندا دروستبوه‌و هێزە ئەمنییەکان بەگازی بیبەر هاتونەتەسەر هێڵ کە ئەمەش کاریگەریی نەرێنیی لەسەر هەناسەدانی باوەژنم دروستکردوە، چونکە ئەو نەخۆشیی تەنگەنەفەسیی (ڕەبۆ)شى هەیە".

هیوای خواستوه‌، لەم هەفتەیەدا کارێکی باش بۆ فلۆریس ڕوبدات، چونكه‌ له‌دوای سێی کانونی دوەمی ڕابردوەوە توشی بەرزبونەوەی پەستانی خوێن (فشاری خوێن) هاتوەو پێشتر هەرگیز ئه‌و كێشه‌یه‌ى نه‌بوه‌، ئەمەش ئاماژەیەكه‌ بۆ ڕێککەوتی دەستبەسەرکردنی لەگەڵ مادورۆدا لەکاراکاسی پایتەخت.

لەمانگی ئەیلولدا، هاوسەرەکەی مادورۆ کە لەگەڵ ئەودا لەئەمریکا ڕوبەڕوی تۆمەتی قاچاخچێتیی مادەی هۆشبەر بوەتەوە، داوایەکی پێشکەشکردبوو بۆ ئازادکردنی لەناوەندی دەستبەسەرکردنی لەنیویۆرک‌و خستنیە ژێر چاودێریی ماڵەوە بەهۆی کێشەکانی دڵییەوە.

پارێزەرەکەی ئاماژەی بەوەکردبوو، فلۆریس پێش دەستبەسەرکردنی لەگەڵ هاوسەرەکەیدا، خاوەن تەندروستییەکی زۆرباش بوەو چڵکاوو دەرمانی بۆ هیچ نەخۆشییەکی درێژخایەن بەکارنەهێناوە، جیا لەدەرزییەکی مانگانە.

لەسەر بنەمای ئەوەی کە بارودۆخی بەندینخانەکە ڕێگەی پێنادات چاودێریی پزیشکیی گونجاو وەربگرێت، تیمی بەرگریی داوادەکەن بخرێتە ژێر چاودێریی ناوماڵ لەناو پێکهاتەی ئەمریکادا، لەگەڵ سەپاندنی مەرجی توند کە چاودێریی چەکداریی 24 کاتژمێری، بەستنی قایشی ئەلیکتۆنی چاودێری لەپاژنەی پێیداو زەوتکردنی پاسپۆرتەکەی لەخۆبگرێت، بەڵام داواکاری گشتیی ئەمریکا پێیوابوو، پێویستە دادگا ئەو داواکارییە بەتەواوی ڕەتبکاتەوە.

مادورۆى (63 ساڵ)و فلۆریس-ى هاوسه‌رى ڕوبەڕوی تۆمەتی هێنان‌و قاچاخچێتیی مادەی هۆشبەر بۆ ناو ئەمریکا بونه‌ته‌وه‌، ئەوان ئەم تۆمەتانە ڕەتدەکەنەوەو مادورۆ خۆی وەک "دیلی جەنگ" تەماشا دەکات، فلۆریس-یش کە خۆی پارێزەرە، یەکێکبوو لەکەسایەتییە دیارەکانی ڤەنزوێلا، بەجۆرێک لەنێوان ساڵانی 2006 بۆ 2011 سەرۆکایەتیی پەرلەمانی وڵاته‌كه‌ى کردوەو لەنێوان 2012 بۆ 2013 پۆستی داواکاری گشتیی باڵای وڵاتی بەدەستەوە بوە، چاودێرانیش پێیانوایە، ئەو دەورێکی سەرەکی لەپێکهاتەی فەرمانڕه‌وایی‌و دەسەڵاتی وڵاتەکەیدا گێڕاوە.