شارپرێس:
ژوری بازرگانی هەولێر داوا لە حکومەتی عێراق و
لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکات بەزوترین کات پێداچونەوە بە بڕیاری گۆڕینی نرخی دراودا
بکەن و دەڵێت، پێویستە بارگرانی لەسەر بازاڕ و هاوڵاتییان کەمبکرێتەوە.
ژووری بازرگانی و پیشەسازیی هەولێر لەڕاگەیەنراوێکدا
دەڵێت،" وەك داکۆکیکار لە ماف و بەرژەوەندییە ئابورییەکانی توێژی بازرگانان، خاوەنکاران
و کەرتی تایبەت، نیگەرانیی قوڵی خۆی بەرامبەر بەو بڕیارانەی حکومەتی عێراق دەربڕین
کە پەیوەندیدارن بە بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار و دروستبونی ناگیرساندنەوە و فشار لەسەر
بەهای دراو و بژێویی هاوڵاتییان ".
ئەوەشیخستەڕوو،" ئەم جۆرە بڕیارە ئابورییە
ناهاوسەنگانە، راستەوخۆ دەبنە هۆی تێکدانی هاوسەنگیی بازاڕ، پەکخستنی جوڵەی بازرگانی،
هەڵکشانی نرخی کاڵا و پێداویستییە سەرەکییەکان، قورسکردنی باری گوزەرانی هاوڵاتییان
بە گشتی و چینی کەمدرامەت بە تایبەتی، هاوکات، ئاستەنگی گەورە لە بەردەم وەبەرهێنەران
و خاوەن کۆمپانیاکان دروست دەکات لە جێبەجێکردنی گرێبەستەکان و پلانی ستراتیژیی کارکردنیان".
ژوری بازرگانیی هەولێر، جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە
کە چارەسەرکردنی قەیرانە ئابورییەکان بە سەپاندنی بڕیاری نەرێنی لەسەر شانی کەرتی تایبەت
و بازرگانان و هاوڵاتیان نایەتە ئاراوە، دەشلێت، پێویستە حکومەتی فیدراڵ سیاسەتێکی
نەرمتر و زانستیتر پەیڕەو بکات کە پارێزگاری لە بەهای دراو و سەقامگیریی بازاڕ بکات.
