شارپرێس:
چوارچێوەی هەماهەنگیی، کە هێزە سیاسییە شیعە حاکمەکانی عێراق لەخۆ دەگرێت، پاش بەرزکردنەوەی نرخی دۆلار بەرامبەر دیناری عێراقی، کۆمەڵێک پێشنیاری خستەڕوو و داوای لە حکومەت و بانکی ناوەندی کرد دەست بە جێبەجیکردنی بکەن.
لە پێشنیارەکاندا جەخت لەسەر کۆنترۆڵکردنی بازاڕی هاوتەریب و کەمکردنەوەی یارییکردن بە دراو کراوەتەوە، بۆ ئەوەی نرخی دراو جێگیر بێت و ڕێگریی لە بەکارهێنانی بڕیارە نوێکە بۆ بەرزکردنەوەی نرخی کاڵا و خزمەتگوزارییەکان بکرێت.
چوارچێوەی هەماهەنگیی، هەروەک داوای دانانی "سەبەتەی نرخی پارێزراو"ی کردووە کە کاڵا سەرەتاییەکانی خواردن، دەرمان و کەرەستەی بیناسازی لەخۆ بگرێت و بۆ ماوەی 6 مانگ لە باج و گومرک ببەخشرێت. هەروەها نرخە بنەڕەتییەکانی ئەم کاڵایانە بە شێوەی بەردەوام بڵاوبکرێنەوە و دەستە چاودێرییەکان بە خێرایی لەگەڵ هەر دەستکاریکردنێکی نایاسایی مامەڵە بکەن.
لە بواری پەروەردەشدا، داوای لە حکومەت کراوە خوێندنگە و زانکۆ و کۆلێژە تایبەت و حکومییەکان کرێی خوێندن بە ڕێژەی 15% بۆ ساڵی خوێندنی ئێستا دابەزێنن، بۆ کەمکردنەوەی کاریگەریی گۆڕینی نرخی دراو لەسەر خێزانەکان.
هەروەک، پێشنیاری وەرگرتنی تەواوی باج لە کۆمپانیاکانی پەیوەندیی، بانکەکان و کۆمپانیا گەورەکان و بڵاوکردنەوەی لیستی ئەو
دامەزراوانەی پابەند و ناپابەندن کردووە.
هەمان کاتدا، داوای دامەزراندنی سندوقێکی جێگیری نرخی دراو کراوە کە لە جیاوازی نرخی نەوتی فرۆشراو و نرخی دانراو لە بودجە دابین بکرێت و تەنیا بۆ پاراستنی دینار و بەهێزکردنی پاشەکەوتی دراو بەکاربهێنرێت.
جگە لەوەی پێشنیار کراوە بەشێک لە ئەو داهاتە زیادەیەی حکومەت لە گۆڕینی نرخی دراو بەدەستی دەهێنێت، بۆ قەرزی ئاسان و بێ سوود بۆ پڕۆژە کشتوکاڵی و پیشەسازییەکان تەرخان بکرێت، بەتایبەتی ئەو پڕۆژانەی جێگرەوەی هاوردەن، لەگەڵ تەرخانکردنی بەشێک بۆ دامەزراندنی دەرچووان.
چوارچێوەی هەماهەنگیی هەروەها داوای پێداچوونەوە بە گرێبەستەکانی بەڵێندەران و پڕۆژە حکومییەکان کردووە کە بە گۆڕینی نرخی دراو زیانیان پێ گەیشتووە، بۆ ئەوەی بەردەوامی پڕۆژەکان دڵنیابکرێت و بارگرانی نایاسایی لەسەر دەوڵەت و هاووڵاتی نەخرێت.
هەروەک ئاماژە بەوەکراوە کە بۆ جێبەجێکردنی ئەم پێشنیارانە، سەرۆکایەتیی حکومەت دەبێت لیژنەیەک لە وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان پێکبهێنێت. ماوەیەکی گواستنەوەش دیاری دەکرێت کە تا 31ی کانوونی یەکەمی 2026 بەردەوام دەبێت و دوای ئەو بەروارە مامەڵەکان بە نرخی نوێی دراو ئەنجام دەدرێن.
ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی
