ئامارێكی مەترسیدار لەبارەی قەڵەویی منداڵان لە جیهاندا بڵاودەكرێتەوە

تەندروستی

55 خولەک پێش ئێستا‌ 105 جار خوێندراوه‌ته‌وه

 

شارپرێس:

ڕێكخراوی تەندرووستیی جیهانی (WHO) ڕایگەیاندووە ڕێژەی قەڵەویی زۆر لە منداڵان و هەرزەكارانی تەمەن 5 تا 19 ساڵ لە ساڵی 1990ەوە چوار هێندە زیادیكردووە و لە 2%ەوە گەیشتۆتە نزیكەی 8%. .

بەپێی هەڵسەنگاندنەكانی ساڵی 2024، نزیكەی 400 ملیۆن منداڵ و هەرزەكاری ئەم تەمەنە زیادەكێشیان هەیە، كە زیاتر لە 170 ملیۆنیان تووشی قەڵەویی زۆرن.

ڕێكخراوەكە هۆشداریی دەدات كە ئەم دۆخە دەتوانێت لە تەمەنێكی زوودا كاریگەریی تەندرووستیی و كۆمەڵایەتیی هەبێت، لەوانە زیادكردنی گریمانەی تووشبوون بە نەخۆشییە نەگوازراوەكان، وەك شەكرەی جۆری دوو و نەخۆشییەكانی دڵ و خوێنبەرەكان.
 هەروەك، ئەم كەسانە زیاتر ڕووبەڕووی گاڵتەپێكردن ، جیاكاریی و تانەلێدان دەبنەوە، كە دەتوانێت كاریگەریی خراپی لەسەر تەندرووستیی دەروونییان هەبێت.

تەندرووستیی جیهانیی كۆمەڵێك ڕێنمایی بڵاوكردۆتەوە بۆ پڕكردنەوەی بۆشاییەكانی چارەسەری قەڵەویی زۆر. ڕێكخراوەكە پێشنیار دەكات گرنگی بە خواردنی تەندرووست، چالاكیی جەستەیی و گۆڕینی شێوازی ژیان بدرێت.
بەپێی ئەو ڕێكخراوە جیهانییە،  بۆ منداڵانی خوار تەمەن 9 ساڵ بەكارهێنانی دەرمان یان نەشتەرگەریی بۆ كەمكردنەوەی كێش پێشنیار ناكات. بۆ هەرزەكارانی 10 تا 19 ساڵیش، دەرمان تەنیا لەو كاتەدا پێشنیار دەكرێت كە بەرنامەی گۆڕینی شێوازی ژیان سەركەوتوو نەبووبێت.


ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی