شارپرێس:
مەزڵوم عەبدی، ڕاوێژكاری سەرۆكایەتیی سوریا، لەكۆبوونەوەیەكیدا لەگەڵ دانیشتووان و كەسایەتییەكانی شاری تەل تەمەر لە دەوروبەری حەسەكە، دوا پەرەسەندنەكانی پرۆسەی یەكخستن و چەندین بابەتی پەیوەندیدار بە ناوچەكەی لەگەڵ دا تاووتوێ كردن.
عەبدی لە كۆبوونەوەكەدا ڕایگەیاند كە پرۆسەی یەكخستن لەگەڵ دیمەشق گەیشتۆتە كۆتا قۆناغەكانی و پێشكەوتنەكانی بەهۆی باوەڕبوون بە هەنگاوەكانی گەیشتوونەتە ئەنجام، سەرەڕای هەوڵەكانی تێكدانی پرۆسەكە.
لەبارەی زمانەوە، عەبدی ئاماژەی بەوەكردووە كە زمانی كوردی بۆتە زمانێكی فەرمیی لە بواری وانەوتنەوەدا و جەختی كردەوە لە بەردەوامبوونی هەوڵەكان بۆ مسۆگەركردنی مافی فێربوون بە زمانی دایك.
هەروەك داوای لە دانیشتووانی ناوچەكە كردووە منداڵەكانیان بنێرن بۆ فێربوونی زمانی دایكیان لەگەڵ زمانی عەرەبیدا و گرنگیی پێ بدەن، چونكە بەشێكی سەرەكیی ناسنامە و كولتووری سوریایە و لە پڕۆگرامی خوێندنی حكومەتیدا جێگیر كراوە.
عەبدی هەروەك ڕایگەیاند كە لیژنەیەكی تایبەت بۆ بەدواداچوونی دۆسیەی ونبووان پێك هاتووە.
لە كۆتاییدا، جەختی لە گرنگیی پاراستنی ئاشتیی ناوخۆیی و بەهێزكردنی پێكەوەژیانی پێكهاتە جیاوازەكانی ناوچەكە كردەوە و وتی: "بۆ دواوە ناگەڕێینەوە و ڕێگا بە دروستكردنی ناكۆكی نادەین."
ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی
