شارەوانی ڕونكردنەوە لەئاگرەكەی تانجەرۆ دەدات

کوردستان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 258 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی لەڕونکردنەوەیەکدا هۆکاری دوبارە بەرزبونەوەی دوکەڵ و سەرهەڵدانەوەی ئاگرەکەی ناوچەی فڕێدانی خۆڵ و خاشاکی تانجەرۆی ئاشکرایکردو دەڵێت، ئاگرەكە تەنها بەهۆی هەورەتریشقەوە كەوتوەتەوە.


بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکەی سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی، ئاگرەکە بۆ یەکەم جار هەینیی هەفتەی ڕابردوو بەهۆی هەورەتریشقەوە کەوتوەتەوە. دوابەدوای ڕوداوەکە، تیمە پەیوەندیدارەکان بۆ ماوەی سێ رۆژ بەردەوام لەهەوڵدابون بۆ کوژاندنەوەی، تاوەکو یەکشەممە توانرا ئاگرەکە بەتەواوی کۆنترۆڵ بکرێت.

شارەوانی ڕونیشیکردەوە، بەهۆی سروشتی پاشماوەکان و مانەوەی گڕو پشکۆ لەچینەکانی ژێرەوەدا، ئەمڕۆ جارێکی دیکە ئاگرەکە سەری هەڵداوەتەوەو تیمەکانیش بەردەوامن لەهەوڵەکانیان بۆ دوبارە کۆنترۆڵکردنەوەی.

سەبارەت بەدەنگۆی ئەگەری دەستتێوەردان، سەرۆکایەتیی شارەوانی جەختیکردەوە، ڕوداوەکە بەهیچ شێوەیەک بەئەنقەست نەبوەو هیچ بەڵگەیەک بۆ بونی دەستێکی ئەنقەست لەئارادا نییە، هاوکات هاوڵاتییانی ناوچەکەش شاهیدی ئەوەن ئاگرەکە پەیوەندیی بەهەورەتریشقەکەی پێشوەوە هەیە نەک کردەوەیەکی دەستکرد.