شارپرێس:
ڕۆژنامەی
"تەلەگراف"ی بەریتانی ئاشکرای کردووە کە بەریتانیا پێداچوونەوە بە گرێبەستێکی
سەربازیی بە بەهای 2.6 ملیار دۆلار لەگەڵ کۆمپانیای "لۆکهید مارتن"ی
ئەمریکی دەکات، کە ئامانجی دابینکردنی ژمارەیەک لە مانگی دەستکردی پەیوەندیی سەربازییە
لە نەوەی نوێ، لە چوارچێوەی سیستەمی "سکای نێت".
بەپێی ڕاپۆرتەکە،
وەزارەتی بەرگریی بەریتانیا نیازی هەبوو ئەو مانگە دەستکردانە بکڕێت، بەڵام نیگەرانییەکان
لەسەر پشتبەستن بە تەکنەلۆژیای ئەمریکی زیاد بوون، دوای ئەو ڕاپۆرتانەی باسی کۆتوبەندکردنی
دەستگەیشتنی سوپای ئۆکرانیا بە تۆڕی پەیوەندیی مانگی دەستکردی "ستارلینک"یان
کرد.
سەرچاوەکانی
"تەلەگراف" ئاماژەیان بەوەداوە کە نیگەرانییە سەرەکییەکان پەیوەستن بەوەی
واشنتۆن بتوانێت مافی ڕەتکردنەوەی شێوازی بەکارهێنانی ئەو سیستەمە لەلایەن بەریتانیاوە
بۆ خۆی بپارێزێت. بەپێی ڕۆژنامەکە، ئۆفیسی ئەندی بێرنهام، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا،
دەستی بە پێداچوونەوە بە گرێبەستەکە کردۆتەوە.
سەرچاوەیەک لە
وەزارەتی بەرگریی بەریتانیا بە ڕۆژنامەکەی ڕاگەیاندووە کە تەواوکردنی گرێبەستەکە دەتوانێت
"کلیلی کوژاندنەوە" بخاتە دەستی کۆشکی سپیی، بۆ کۆنترۆڵکردنی مانگە دەستکردە
بەریتانییەکان؛ ئەمەش پرسیار لەسەر سەربەخۆیی تواناکانی سەربازیی بەریتانیا لە کاتی
قەیرانەکاندا درووست دەکات.
ڕۆژنامەکە هۆشداریی
داوە کە ئەم پشتبەستنە دەتوانێت کاریگەریی لەسەر بەرژەوەندییەکانی بەریتانیا هەبێت،
ئەگەر ناکۆکییەک لەگەڵ ئەرجەنتین سەبارەت بە دوورگە ناکۆکیی لەسەرەکانی فۆکلاند
درووست ببێت.
ئەم گۆڕانکارییانە
دوای ئەوە دێن کە سێرگی ستێرننیکۆ، جێگری پێشووی وەزیری بەرگریی ئۆکرانیا، باسی
سنووردارکردنی کارکردنی وەرگرەکانی "ستارلینک"ی کرد، کاتێک خێرایی جووڵەیان
لە 160 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا زیاتر بێت، هەرچەندە سەرچاوەیەک لە وەزارەتی بەرگریی
ئۆکرانیا رایگەیاند کە خزمەتگوزاریی "ستارلینک" لە خاکی ئۆکرانیا گەڕاوەتەوە
دۆخی ئاسایی.
ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی