ئیسرائیل ده‌چێته‌ شه‌ڕى دژ به‌حوسیه‌كان‌و تره‌مپ زانیاریى ئاشكراده‌كات

جیهان

17/10/2026‌ 2684 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند، پێشهاتی گەورە لەپڕۆسەی (ڕێککەوتنەکانی ئیبراهیم ـ ئه‌براهام) لەئارادایەو لەوانەیە سعودیه‌ لەشەڕی دژ بەچەکدارانی حوسی لەیەمەن، پاڵپشتی‌و هاوکاریی ڕاستەوخۆی ئیسرائیل قبوڵ بکات، جەختیکردەوە، "ئەم نزیکبونەوە نوێیەی ڕیازو تەلئەبیب هاوکاتە لەگەڵ ئامادەکارییەکانی واشنتۆن بۆ کۆتایهێنانی خێرا بەجەنگی ئێران لەڕێگەی وەشاندنی گورزی کتوپڕ بۆسەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی تاران".


دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لەچاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تۆڕی ڕاگەیاندنی (نیوزماکس) پێشهاتی نوێی لەسەر هاوسەنگیی هێز لەناوچەکەدا ئاشكراکردو ڕایگەیاند، عەرەبستانی سعودی لەوانەیە لەشەڕی دژ بەچەکدارانی حوسی لەیەمەن، پاڵپشتی‌و هاوکاریی ئیسرائیل قبوڵ بکات کە ئەمەش دەبێتە هۆی سەرلەنوێ زیندوکردنەوەی پڕۆسەی ڕێککەوتنەکانی ئیبراهیم (ئه‌براهام).

ترەمپ لەلێدوانەكه‌یدا هۆشداریی توندیدایە تاران‌و وردەکاریی پلانە سەربازییەکانی ئەمریکای لەچەند خاڵێکدا کورتکردەوەو وتى، "گرژیی‌و جەنگی ئێستا لەگەڵ ئێراندا لەماوەیەکی نزیکدا کۆتایی پێدێت، جا چ لەڕێگەی گفتوگۆی ڕاستەوخۆوە بێت یان بەهۆی ڕێوشوێنی دیكه‌وه‌، تەواوی بژاردە سەربازییەکان هێشتا لەسەر مێزەکە جێگیرن".

سه‌باره‌ت به‌هێرشكردنه‌سه‌ر (شاخی تەور) تره‌مپ جه‌ختیكرده‌وه‌، "سوپای ئەمریکا ئەگەری وەشاندنی گورزی سەربازیی نوێی بۆسەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران تاووتوێدەکات، بەتایبەتی بۆ سەر پێگەیەکی زۆر قایمکراوی تاران کە بە(شاخی تەور) ناسراوە، بەهیچ شێوازێک بەکارهێنانی بۆمبە زۆر بەهێزەکەی ئەمریکا کە بە(دایکی بۆمبەکان) ناسراوه‌، بۆ تێکشکاندنی ئەو پێگانە بەدور نازانم".

ئەم لێدوانە قورسانەی سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی ڕونن بۆ ئەگەری داڕشتنی هاوپەیمانێتییەکی نوێی سەربازیی‌و جیۆپۆلەتیکی لەناوچەکەدا، کە ڕاستەوخۆ بەرەی جەنگی دژ بەتاران‌و بریکارەکانی لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا قوڵتر دەکاتەوە.