باڵیۆزی ئەمریکا لەنەتەوە یەکگرتوەکان: خۆمان بۆ ڕوبەروبونەوەیەکی درێژخایەن لەگەڵ ئێران ئامادە دەکەین

جیهان

4 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 141 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
لەگەڵ زیادبوونی گریمانەکان دەربارەی ئەنجامدانی شەپۆلێکی نوێی هێرشە چڕ و خێراکان لەلایەن ئەمریکاوە بۆ سەر ئێران، مایک والتز، باڵیۆزی ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕایگەیاندووە کە واشنتۆن خۆی بۆ ململا‌نێیەکی درێژخایەن لەگەڵ ئێران ئامادە دەکا.

 
ئەوەش لە کاتێکدا ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، هیوادارە هێرشەکانی بۆردومان و سزا ئابوورییەکان بتوانن تاران ناچار بکەن چەندین سازشی گەورە پێشکەش بکات.

والتز دانی بەوەدانا کە ئەمریکا لەوانەیە ساڵێکی دیکەش لە دۆخێکی چەقبەستوویی لەگەڵ ئێران بمێنێتەوە، بەبێ ئەوەی ڕێککەوتنێک لەبارەی بەرنامە ناوەکییەکەی ئێران بەدەست بهێنێت یان جووڵەی کەشتییەکان لە گەرووی هورمز بگەڕێنێتەوە ئاستی پێش جەنگ.

بەڵام والتز لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی "فاینەنشیال تایمز" کە ئەمرۆ هەینی بڵاوکراوەتەوە، هیوایخواستووە ئێران دوای گەمارۆی دەریایی و بۆردومانەکان سازشی گەورە بدات.

هەروەک وتویەتی" هیوادارین ئێران پێش گەیشتن بەو قۆناغە، بە شێوەیەکی جیددی بێتە سەر مێزی گفتوگۆ".

والتز جەختی کردۆتەوە کە ترەمپ و سوپای دەریایی ئەمریکا توانای بەردەوامکردنی گەمارۆی بەندەرە ئێرانییەکان بۆ ماوەیەکی درێژخایەن هەیە.

هەروەک ئاماژەی بەوە دا کە ئیدارەی ئەمریکا کار لەسەر توندترکردنی گوشارە ئابوورییەکان بۆ سەر ئێران دەکات. 

ناوبراو هەروەک ئامانجێکی ستراتیژیی بۆ واشنتۆنی دانا کە ئێران لە یۆرانیۆمی بەرز پیتێنراو ڕزگار بکرێت.

ئەم لێدوانانە لە کاتێکدا دەردرێن کە ترەمپ و بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، هەڕەشەکانیان بۆ ئەنجامدانی هێرشێکی نوێ بۆ سەر ئێران دوای هەڵبژاردنە نیوەییەکانی ئەمریکا لە 3ی نۆڤەمبەر نوێ کردۆتەوە.