تورکیا هێز ڕەوانەی سعودیە دەکات و بەشداریی کاری هێرشبەرانە بۆسەر یەمەن ناکەن

جیهان

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 181 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
لەچوارچێوەی ڕێککەوتنی بەرگریی هاوبەش لەگەڵ عەرەبستانی سعودی و پاکستان، کە بە "ڕێککەوتنی مەککە" ناسراوە، تورکیا لە قۆناغی یەکەمدا بڕیارە کادیر و تەکنیکییە پسپۆڕەکان و شارەزایانی بوارەکانی بەرگریی ئاسمانی، جەنگی ئەلیکترۆنیی و سیستەمەکانی تری بەرگریی رەوانەی ئەو وڵاتە بکات.

پەڕلەمانتارێکی سەر بە پارتی داد و گەشەپێدان، لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ڕۆیتەرز، جەختی کردۆتەوە کە هێزە نێردراوەکانی تورکیا بەپێی ئەم ڕێککەوتنە بۆ دەرەوەی وڵات، بەشداریی هیچ ئۆپەراسیۆنێکی هێرشبەرانە لە یەمەن ناکەن.

بەپێی قسەکانی ئەو پەرلەمانتارە، دوای پەسەندکردنی پڕۆژەیاسای پەیوەندیدار، یادداشتی سەرۆککۆمار بۆ دەسەڵاتپێدانی ناردنی هێزەکان دەخرێتە بەردەم پەرلەمان.

تورکیا ڕۆژی سێشەممە ڕێککەوتنەکەی خستە بەردەم پەرلەمانی تورکیا بۆ پەسەندکردن. ڕێککەوتنەکە لە مانگی ئابی ڕابردوودا لەنێوان تورکیا، عەرەبستانی سعودی و پاکستان واژۆ کرا.

ئامانجی ڕێککەوتنەکە دامەزراوەییترکردنی هاوکاریی بەرگریی نێوان ئەنقەرە و ڕیازە، لە کاتێکدا عەرەبستانی سعودی ڕووبەڕووی هێرشی حوسییەکان دەبێتەوە.
دوو بەرپرسیش پێشتر بە ڕۆیتەرزیان ڕاگەیاندووە کە بەشداریی تورکیا بە شێوەیەکی سەرەکیی لە کەرەستەی سەربازیی، ئاڵوگۆڕی زانیاریی هەواڵگریی و سیستەمەکانی چەک پێکدێت و تا ئێستا هیچ بڵاوکردنەوەیەکی سەربازیی لە دەرەوەی ئەم چوارچێوەیە نەکراوە.

تورکیا، کە هێرشەکانی حوسییەکانی سەرکۆنە کردووە، هەروەک ڕازی بووە بێتە پاڵ هاوپەیمانیی بە سەرۆکایەتیی عەرەبستانی سعودی بۆ پاراستنی سەلامەتیی هاتوچۆی دەریایی لە دەریای سوور.