ڕاپۆرتێکی ڕوسی: هاتنی کەشتیی فڕۆکەهەڵگرەکان ئاماژەی دەستپێکردنی جەنگێکی گەورەن

جیهان

40 خولەک پێش ئێستا‌ 1620 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ڕۆژنامەی "پراڤدا ڕوو"ی ڕوسیی بابەتێکی بڵاوکردوه‌تەوەو باسی لەهەڕەشەکانی ئەمریکا بۆسەر ئێران کردوە، جەختیکردوه‌تەوە، مۆڵدانی کەشتیی فڕۆکەهەڵگرەکانی ئەمریکا لەناوچەکەدا، ئاماژەیە بۆ دەستپێکردنی جەنگێکی گەورە.


رۆژنامەکە دەڵێت، "به‌گوێره‌ى ڕاگەیاندنی میدیا ڕۆژئاواییەکان، پێنتاگۆن بەچڕیی کار لەسەر سناریۆکانی هێرشکردنەسەر ئامانجەکانی ئێران دەکات".

بەگوێرەی زانیارییەکانی ڕۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرنال"یش، هێزێکی گەورەی سەربازیی لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کۆکراوەتەوە، کە دوو گروپی کەشتیی فڕۆکەهەڵگرەکان لەخۆدەگرێت‌و چاوەڕواندەکرێت گروپێکی سێیەمیش بێتەپاڵیان.

هەروەک ڕۆژنامەی "نیویۆرک تایمز"یش نوسیویه‌تى، "ئەمریکاو ئیسرائیل خەریکی هەماهەنگیکردنی پلانەکانی هێرشی گریمانکراون کە لەوانەیە دوای هەڵبژاردنە نیوەییەکانی کۆنگرێسی ئەمریکا دەستپێبكه‌ن".

لاى خۆیشیه‌وه‌، ئیگۆر گێراسیمۆڤ شیکەرەوەی سەربازیی‌و پسپۆڕی ئاسایشیی، پێشبینی ناکات لەماوەیەکی نزیکدا هێرشبکرێتەسەر خاکی ئێران.

بەبۆچونی ئەو، پەرەسەندنی دۆخی ئێران بەگفتوگۆکانی نێوان ڕوسیاو ئەمریکاوە پەیوەستەو تا ڕێککەوتنێکی کۆتایی لەنێوانیاندا نه‌كرێت، گۆڕانکاریی ڕیشەیی لەبەرەی ئێران ڕونادات.

ئاماژە بەوەشدەکات، پیشاندانی هێزی واشنتۆن جوڵەیەکی هەڵبژاردنییە.

به‌گوێره‌ى هەڵسەنگاندنەکەی ئیگۆر، ناکۆکیی ئەمریکاو ئێران تاوه‌كو ساڵی 2029 بەردەوامدەبێت‌و لەوانەیە بەدەستبەسەرداگرتنی بەشێکی گەروی هورمز لەلایەن ئێران‌و هاوبەشیکردنی کۆنترۆڵی لەگەڵ عومان کۆتایی بێت، بەمەش، ئازادیی تێپەڕین لەو گەروە وەک جاران نامێنێت.

لەئێستادا، واشنتۆن لەنێوان هەڕەشەو سازشدا هاوسەنگی دەپارێزێت‌و هەوڵدەدات لەشەڕێکی گشتگیر دوربکەوێتەوە؛ شەڕێک کە لەقۆناغی ئێستادا بەرژەوەندیی هیچکام لەدوو لایەنەکە دابین ناکات.