شارپرێس:
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند، سزاکانی واشنتۆن هەڵاوسانیان لەئێراندا بۆ 300% تا 400% بەرز کردوەتەوەو توانای تارانیان لەناوچەکەدا سنوردار کردوەو ئاشكرایكرد، ئەم هەفتەیەش سزای نوێی بەسەردا دەسەپێنن.
تۆمی پیگۆت، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لەچاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی فۆکس نیوز ڕایگەیاند، هەڵمەتی سزاو گەمارۆکانی واشنتۆن لەچوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی دەرکراوی ئابوریدا کاریگەریی ڕاستەوخۆو توندی لەسەر دەسەڵاتدارانی تاران دروست کردوەو رێژەی هەڵاوسانی لەئێراندا بۆ 300% تا 400% بەرز کردوەتەوە.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئاشکرایكرد، ئەنجام و لێکەوتەکانی ئەو هەڵمەتە ئابورییە ڕاستەوخۆ توانای ئێرانی بۆ بەردەوامیدان بەچالاکییە تێکدەرەکانی لەناوچەکەدا سنوردار کردوە.
پیگۆت جەختی کردەوە گوشارە ئابورییەکان بەردەوامن و ڕۆژ بەڕۆژ کەڵەکە دەبن و بارودۆخەکە بۆ دەسەڵاتدارانی تاران سەختترو نالەبارتر دەبێت.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دوپاتی کردەوە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا زۆر بەڕونی ئەو بنەمایەی دیاری کردووە کە ئامانجی سەرەکی و نەگۆڕی ئەمریکا ئەوەیە ئێران هەرگیز نەبێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.
ئەوەشی ئاشكراكردوە، لەماوەی ئەم هەفتەیەدا بەهەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا چەندین بڕیارو سزای نوێی دیکە دەردەکەن بۆ بەهێزترکردنی ئۆپەراسیۆنی دەرکراوی ئابوری و بڕینی تەواوەتیی ئەو داهاتانەی تاران پێویستی پێیەتی بۆ درێژەدان بەسیاسەتەکانی.
