لە 40 خولەکی کۆبونەوەی نێوان ترەمپ و پۆتین چیی رویدا؟

جیهان

16 خولەک پێش ئێستا‌ 336 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

یوری ئۆشاکۆف، یاریدەدەری سەرۆکی ڕووسیا، ئەمرۆ پێنجشەممە ڕایگەیاند کە دۆخی ئۆکرانیا تەوەری سەرەکیی گفتوگۆی دوولایەنەی نێوان ڤلادیمیر پوتین، سەرۆکی ڕووسیا و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بووە، کە لە شاری شێنژن لە باشووری چین ئەنجامدرا.

ئۆشاکۆف باسی لەوەکرد کە دیدارەکە نزیکەی 35 بۆ 40 خولەکی خایاندووە و تێیدا ڕێگاکانی چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانی ئۆکرانیا، پەیوەندییەکانی نێوان مۆسکۆ و واشنتۆن و ئامادەکارییەکانی کۆبوونەوەی سێقۆڵیی تاوتوێ کراون.

بەپێی ڕاپۆرتی ئاژانسی "سپوتنیک"، ئۆشاکۆف ئاماژەی بەوەداوە کە کۆبوونەوەکە بەرهەمدار بووە و لەگەڵ باسکردنی پەیوەندییە دوولایەنەکان، گفتوگۆی ڕاستەوخۆ لەبارەی چارەسەرکردنی شەڕی ئۆکرانیا کراوە.

ئەوەشی خستەڕوو کە ئۆکرانیا بابەتی سەرەکیی گفتوگۆکانی دوو سەرۆکەکە بووە.

ئۆشاکۆف کەشی کۆبوونەوەکەی بە ئەرێنی وەسف کردووە و گوتویەتی پوتین دوای کۆتاییهاتنی دیدارەکە لە دۆخێکی باشدا بووە.

دیدارەکە لە چوارچێوەی کۆڕبەندی هاوکاریی ئابووریی ئاسیا و زەریای هێمن "ئەپێک" ئەنجامدرا. ترەمپیش دوای کۆبوونەوەکە باسی لەوەکردووە کە چاوەڕێی ئەنجامێکی باش دەکات و ئاماژەی بەوەدا کە ئەم گفتوگۆیانە دەتوانن چەندین پێشهاتی گرنگی لێ بکەوێتەوە.

دوایین دیداری پێشووی ترەمپ و پوتین پێش ئەم کۆبوونەوەیە، لە ئاب 2025 لە شاری ئەنکۆرەج لە ئەلاسکا ئەنجامدرابوو.

ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی