لاهور شێخ جەنگی: ئەگەر ڕۆژێک لەزیندان بێمە دەرەوە، کاتی ئەوە دێت سەرکردایەتی یەکێتی بڕۆن

کوردستان

1 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 679 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لاهور شێخ جەنگی بۆ یەکەمینجار لەزیندانەوە چاوپێکەوتنێکی میدیای ئەنجامدەدات و کۆمەڵێک زانیاری نوێ و نەبیستراو ئاشکرادەکات و دەڵێت،" ئەگەر ڕۆژێک لەزیندان بێمە دەرەوە، کاتی ئەوە دێت سەرکردایەتی ئێستای یەکێتی بڕۆن ".

لاهور شێخ جەنگی، سەرۆکی زیندانیکراوی رەوتی بەرەی گەل  لەچاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ماڵپەری ( The Amargi ) ئاماژەی بەوەکردوە،" پێش دەستگیرکردنم تاکە شت کە دەکرا بیکەم، ئەوە بوو سلێمانی جێبهێڵم بۆ ئەوەی لە دەستگیرکردن خۆم بپارێزم، و ئەمەش شتێک بوو بە هیچ نرخێک ئامادە نەبووم بیکەم ".

وتیشی،" هیچ پەیوەندییەکی ئۆرگانیم لەگەڵ پارتیدا نییە، بەڵام پەیوەندییەکی کەسیی باشم لەگەڵ مەسرور بارزانی هەیە ".

دەقی چاوپێکەوتنەکەی لاهور شێخ جەنگی لەزیندانەوە:

ئامارگی: زیاتر لە ساڵێک بەسەر دەستگیرکردنتدا تێپەڕیوە. دۆخەکە بۆ تۆ چۆن بووە؟ کاتەکانت چۆن بەسەر دەبەیت؟ لە زینداندا چۆن مامەڵەت لەگەڵدا کراوە؟

لاهور شێخ جەنگی: بۆ ماوەی ١٤ مانگ لە زیندانی تاکەکەسیدا بووم کە لە سەرەتادا زۆر سەخت بوو، بەڵام لەگەڵ تێپەڕبوونی کاتدا ئاسانتر بوو. کاتەکانم زیاتر بە خوێندنەوە بەسەر دەبرد و دوای ١٢ مانگ ڕێگەم پێدرا قەڵەم و کاغەزم هەبێت، بۆیە دەستم کرد بە نووسین، بەتایبەتی نووسینی شیعر و یاداشتەکانم. هەروەها دەستم بە وێنەکێشان کردووەتەوە؛ ئەوە شتێک بوو کە لە گەنجیدا تێیدا باش بووم، بەڵام لە ٣٠ ساڵی ڕابردوودا بەهۆی کارکردن و سەرقاڵییەوە ئەنجامدانی قورس بوو. لە یەکەم ڕۆژی دەستگیرکردنمدا لێکۆڵینەوەم لەگەڵ کرا و تا دوای ٨ مانگ و ڕۆژی دادگاییکردنەکەم جارێکی تر قسەم لەگەڵ نەکرایەوە، بۆیە مامەڵەکردن لەگەڵمدا باش بوو و بە تەنیا جێهێڵدرابووم.

ئامارگی: تۆ لە سەرەتادا داوات کرد کە دادگاییکردنەکەت لە هەولێر بەڕێوەبچێت، بەڵام لە کۆتاییدا لە سلێمانی بەڕێوەچوو. هۆکاری ئەوە چی بوو؟ ئایا هەست دەکەیت دادگاییکردنێکی دادپەروەرانەت بۆ کراوە؟

لاهور شێخ جەنگی: من بە تەواوی متمانەم بە سیستەمی دادگا لە سلێمانی لەدەستداوە، ٩٩٪ـی دادوەرەکان بە شێوەی سیاسی دانراون و ڕاستەوخۆ فەرمان لە قوباد [تاڵەبانی] و بافڵ [تاڵەبانی] وەردەگرن، لەبەرئەوە هیچ هیوایەکم نییە. ئەوان ڕێگرییان کرد لە گواستنەوەی دۆسیەکەم بۆ دادگای پێداچوونەوە لە هەولێر، چونکە دەزانن بەڵگەکان لە دادگای پێداچوونەوەدا ناچەسپێن و بەرگە ناگرن.

ئامارگی: پێت وایە لێکەوتە و شوێنەواری دەستگیرکردنەکەت و ئەو شێوازەی پێی ئەنجامدرا، بۆ سەر سیاسەت لە هەرێمی کوردستان چی دەبێت؟

لاهور شێخ جەنگی: پێم وا نییە هێرشکردنە سەر ماڵەکەم و ئەو شێوازەی پێی ئەنجامدرا تەنیا دژی من بووبێت. پێم وایە دژی دوایین سەنگەر و بەرگریی خەڵکی کوردستان بوو. هێرشکردنە سەر ماڵەکەم ئەوەی سەلماند کە دیموکراسی لەم هەرێمەدا بوونی نییە، هەروەها کاریگەری و دەستوەردانی دراوسێکانمانی لە ناو هەرێمی کوردستان و بەتایبەتی لە سلێمانی و سەرکردایەتیی ئێستای یەکێتیدا نیشان دا.

ئامارگی: کە ئاوڕ دەدەیتەوە، پێت وایە لەو مانگانەی پێش دەستگیرکردنت، یان کاتێک ڕوون بووەوە کە ڕووبەڕووبوونەوەیەکی توندوتیژ ڕوو دەدات، هیچ شتێکت بە شێوازێکی تر ئەنجام دەدا؟

لاهور شێخ جەنگی: تاکە شت کە دەکرا بە شێوازێکی تر بیکەم، ئەوە بوو سلێمانی جێبهێڵم بۆ ئەوەی لە دەستگیرکردن خۆم بپارێزم، و ئەمەش شتێک بوو بە هیچ نرخێک ئامادە نەبووم بیکەم. من وا لەدایک بووم و پەروەردە کراوم کە لە جێگەی خۆمدا بمێنمەوە و خەڵکەکەم بەجێنەهێڵم. ئەمە بەڵێنێک بوو کە بە خەڵکەکەمم دابوو. بەڵێنەکەمم بردە سەر هەرچەندە باجێکی قورسم دا، بەڵام پەیامێکی بەهێز بوو بۆ ئەوەی پیشانی بدەم پێویستە دژی گەندەڵەکان و دەستکردەکانی دوژمنی کورد بوەستیتەوە.

زە ئامارگی: پێت وایە هیچ ئەگەرێکی ئاشتەوایی لە نێوان تۆ و یەکێتیدا هەبێت؟ سەرەنجام، ڕێککەوتنێکمان لە نێوان نەوەی نوێ و یەکێتیدا بینیوە.

لاهور شێخ جەنگی: من هیچ کێشەیەکم لەگەڵ ئەندامانی بنکەی جەماوەریی یەکێتیدا نییە، نیگەرانیی من لە سەرکردایەتیی گەندەڵی ئێستای یەکێتییە کە کارکردن لەگەڵیاندا لە داهاتوودا زۆر سەخت دەبێت، بۆیە دەرەنجامەکەم ئەوەیە کە جێگەیەک بۆ ئێمە نییە و تەنیا یەکێکمان دەتوانین بمێنینەوە. لە ئێستادا لە زیندانم، بەڵام ئەگەر ڕۆژێک بێمە دەرەوە، کاتی ئەوە دێت ئەوان بڕۆن.

ئامارگی: حیزبەکەت [بەرەی گەل] هێشتا نوێنەرایەتی لە پەرلەمانی کوردستاندا هەیە. پێت وایە چی بەسەر حیزبە سیاسییەکەتدا دێت؟


لاهور شێخ جەنگی: حیزبە سیاسییەکەم هێشتا چالاکە و لەم دواییانەدا بە ٢ کورسی ڕۆڵی یەکلاکەرەوەی بینی و یارمەتیدەر بوو لە کاراکردنەوەی پەرلەمان.

ئامارگی: هەندێک کەس دەڵێن بڕیاری تۆ بۆ هێشتنەوەی هێزێکی چەکدار – هێزی دووپشک – یارمەتیدەر بووە بۆ پاساوهێنانەوە بۆ دەستگیرکردنت. لە کاتێکدا حیزبێکی سیاسیت دامەزراندبوو، بۆچی هێزەکەت هێشتەوە؟


لاهور شێخ جەنگی: من ئەندامی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان و بەرپرسی پێشووی هەواڵگری و دژەتیرۆر بووم لە کوردستان، و بەهۆی کارەکەمەوە، بەداخەوە دوژمنی زۆرم لە ناوچەکەدا بۆ خۆم دروست کرد، هەر لەبەر ئەوەش ڕێگەم پێدرا هێزێکی پاراستنم هەبێت بۆ پاراستنی خۆم و خێزانەکەم، بەتایبەتی لە کاتێکدا کە سلێمانی بووە گۆڕەپانی بریکارەکانی ئێران.

ئامارگی: پەیوەندیی ئێستات لەگەڵ پارتی چۆنە؟

لاهور شێخ جەنگی: هیچ پەیوەندییەکی ئۆرگانیم لەگەڵ پارتیدا نییە، بەڵام پەیوەندییەکی کەسیی باشم لەگەڵ سەرۆکوەزیراندا [مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان] هەیە.

ئامارگی: دەنگۆی ئەوە هەیە کە پیلان و ململانێی جیۆپۆلەتیکی هەبوون پەیوەست بە دژایەتیکردنی تۆ بۆ سەرکردایەتیی یەکێتی لەسەر هێنانەناوەوەی ئێران و ئیسرائیل و ئاژی ئەمین بەرپرسی پێشووی هەواڵگریی یەکێتی. هیچ بنەمایەک بۆ ئەمە هەیە؟

لاهور شێخ جەنگی: من لە ڕوانگە سیاسییەکانمدا زۆر ڕاشکاو بووم، بەتایبەتی سەبارەت بە دۆزی کورد لە ئێران و تورکیا و سووریا. لەبەرئەوە، لەلایەن دراوسێکانمانەوە زۆر خۆشەویست نەبووم، و جاروبار، بە شێوەی ناڕاستەوخۆ، هەوڵیان دەدا دوورم بخەنەوە – بەتایبەتی دراوسێکانی ڕۆژهەڵات.

ئامارگی: پێت وایە لێکەوتە و شوێنەواری دەستگیرکردنەکەت و ئەو شێوازەی پێی ئەنجامدرا، بۆ سەر سیاسەت لە هەرێمی کوردستان چی دەبێت؟


لاهور شێخ جەنگی: پێم وا نییە هێرشکردنە سەر ماڵەکەم و ئەو شێوازەی پێی ئەنجامدرا تەنیا دژی من بووبێت. پێم وایە دژی دوایین سەنگەر و بەرگریی خەڵکی کوردستان بوو. هێرشکردنە سەر ماڵەکەم ئەوەی سەلماند کە دیموکراسی لەم هەرێمەدا بوونی نییە، هەروەها کاریگەری و دەستوەردانی دراوسێکانمانی لە ناو هەرێمی کوردستان و بەتایبەتی لە سلێمانی و سەرکردایەتیی ئێستای یەکێتیدا نیشان دا.