شارپرێس:
لەچەکە ناوەکییەکانی جیهانەوە تا شەڕەکانی ئۆکرانیا و ئێران، هەروەک زیرەکیی دەستکردو داهاتووی ئەو تەکنەلۆژیایە، کۆبونەوەیەکی 60 خولەکیی نێوان دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، ڤلادیمیر پوتین، سەرۆکی ڕووسیا، و شی جینپینگ، سەرۆکی چین، لە شاری شێنژنی چین، چەندین دۆسیەی ئاڵۆزی جیهانیی خستە بەردەم هەڵسەنگاندن.
ئەم کۆبوونەوەیە کە سەرنجی جیهانی بۆ لای خۆی ڕاکێشا، وەک تاقیکردنەوەیەک بۆ توانای بەیەکەوەژیانی سێ هێزی گەورە لە جیهانێکدا سەیر دەکرێت کە بەرژەوەندییەکانیان زۆرجار لەیەکتر جیاوازن.
ترەمپ بەشدارییەکەی بە دەرفەتێک بۆ تۆمارکردنی دەستکەوتێکی دیپلۆماسیی دەبینێت، لە کاتێکدا پوتین هەوڵدەدات پێگەی ڕووسیا وەک یەکێک لە هێزە کاریگەرەکانی بڕیاری جیهانی بسەلمێنێتەوە.
لە بەرانبەردا، چین بە میوانداریی کۆبوونەوەکە دەیەوێت جەخت لە پێگەی خۆی وەک هێزێکی سەرەکیی لە هاوسەنگییە نێودەوڵەتییەکاندا بکاتەوە.
بەڵام لە پشت پێشوازی و دەستدانەکاندا، ناکۆکییە کۆنەکان هەروا بەردەوامن. واشنتۆن داوا دەکات پەککین لە ڕێککەوتنەکانی سنووردارکردنی چەکە ناوەکییەکاندا بەشدار بێت، بەڵام چین ڕەتیدەکاتەوە جبەخانە ناوەکییەکەی بە جبەخانەکانی ئەمریکا و ڕووسیا بەراورد بکرێت.
لە دۆسیەی ئۆکرانیاشدا، ڕووسیا لەسەر بۆچوونەکانی خۆی سوورە، لە کاتێکدا چین نایەوێت بچێتە ناو ڕێککەوتنێکەوە کە ناکۆکییەکانی لەگەڵ ئەوروپا قووڵتر بکاتەوە.
سەبارەت بە شەڕی ئێران، سێ لایەنەکە لە پاراستنی ئاسایشی وزە و سەقامگیریی هاتوچۆی کەشتییەکان لە گەرووی هورمزدا بەرژەوەندیی هاوبەشیان هەیە، بەڵام لە شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵ تاراندا جیاوازن.
لە هەمان کاتدا، کێبڕکێی ئەمریکا و چین لە بواری بازرگانیی، تەکنەلۆژیا و کانزا دەگمەنەکان، بەربەستێکی دیکەیە لەبەردەم گەیشتن بە ڕێککەوتنی فراوان.
بەم شێوەیە، پرسیاری سەرەکیی ئەوەیە: ئایا 60 خولەک دەتوانێت بناغەی گۆڕانکارییەکی مێژوویی لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا دابنێت، یان ناکۆکییەکان لە سنووری کۆبوونەوەی دیپلۆماسییەکەدا دەمێننەوە؟