شارپرێس:
پسپۆڕێکی پزیشکیی دادوەریی بە شیکردنەوەیەکی نوێ، گومانەکانی دەربارەی مردنی جێفری ئێپستاین، بازرگانە ئەمریکییە تاوانبارکراوەکە بە تاوانی سێکسی، دووبارە زیندووکردۆتەوە و پێیوایە ئەگەری ئەوە هەیە کوژرابێت، نەک خۆی خۆی هەڵواسیبێت.
مایکڵ فریمان، پسپۆڕی پزیشکیی دادوەری، دوای ساڵێک لە لێکۆڵینەوە لە دۆسیەی توێکاریی تەرمەکەی ئێپستاین، لە وتارێکدا لە کۆڕبەندی یاسایی "میدڵ تەمپل" لە لەندەن، ئەنجامەکانی توێژینەوەکەی خستەڕوو. ئەوەش لە کاتێکدایە کە شیکردنەوەکەی لە 16ی تشرینی دووەمی 2026 ئاشکرا کراوە.
فریمان بە پشتبەستن بە وێنەکانی تەرم و ڕاپۆرتی توێکاریی پزیشکیی دادوەری، ئاماژەی بە بوونی برینێکی قووڵ بە شێوەی پیتی "Y" لە مل، شوێنی پەنجەکان لەسەر هێڵی پەتەکە و خوێنبەربوونێکی قووڵ لە ماسولکەی شانەی چەپی ئێپستاین کردووە. بە بۆچوونی ئەو، ئەم نیشانانە دەکرێت ئاماژە بن بۆ ڕوودانی پێکدادان و ململانێ.
ناوبراو لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ تۆڕی "BBC" گوتویەتی، ئەگەری ئەوە زۆرە ئێپستاین لە پشتەوە خنکێندرابێت و دواتر تەرمەکەی بە پەت لەسەر جێگاکەی لە زیندان هەڵواسرابێت. فریمان جەختی کردۆتەوە کە برینەکان و شێوازی دۆزینەوەی تەرمەکە لەگەڵ یەکتر ناگونجێن.
لەبەرامبەردا، فەرمانگەی پزیشکیی دادوەریی نیویۆرک هێشتا لەسەر ئەنجامی پێشووی خۆی سوورە و مردنی ئێپستاین بە خۆهەڵواسیندەزانێت. باربارا سامپسۆن، سەرۆکی پێشووی ئەو فەرمانگەیە، پشتگیریی لە ئەنجامی پشکنینەکەی کردووە.
فریمان هەروەک ڕەخنەی لەوە گرتووە کە پشکنینی DNA لە ژێر نینۆکەکانی ئێپستاین نەکراوە و وێنەی تەرمەکە پێش دابەزاندنی نەگیراوە، بەڵام پسپۆڕانی تر دەڵێن برینەکان هێشتا دەکرێت لەگەڵ خۆهەڵواسیندا بگونجێن و وێنەکانی پشکنین بە تەنیا بەس نین بۆ دیاریکردنی هۆکاری مردن.
ئێپستاین لە 10ی ئابی 2019 لە ناوەندی بەندکردنێکی فیدراڵی لە مانهاتن بەمردوویی دۆزرایەوە، لە کاتێکدا چاوەڕێی دادگاییبوونی بە تۆمەتی بەڕێوەبردنی تۆڕێک بۆ سوودوەرگرتنی سێکسی لە کچانی کەمتەمەن دەکرد.
تا ئێستا لێکۆڵینەوە فەرمییەکان هیچ بەڵگەیەکیان لەسەر بەشداریی کەسێکی تر لە مردنەکەیدا پێشکەش نەکردووە.