دۆسیەی ئەمنی جورف سەخر ڕادەستی شانەی ئەمنی عێراق كرا

عیراق

4 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 413 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
شانەی ئەمنیی عێراق دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆن و وەرگرتنی دۆسیەی ئەمنیی جورف سەخری ڕاگەیاندو  وتەبێژی فەرماندەیی گشتیی هێزە چەکدارەکانیش جەختی كردەوە كەئەمڕۆ ڕۆژێكی مێژوییە بۆ عێراق.


شانەی ئەمنیی عێراق کە پێکهاتبون لەپۆلیسی فیدراڵی، حەشدی شەعبی، پۆلیسی وزەو هێزەکانی دیکە، لەکۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایانگەیاند، گۆڕانکاری لەناوچەکەو لەهێزەکاندا دەکرێت، ئۆپەراسیۆنەکە دەستپێدەکرێت و دۆسیەی ئەمنیی جورف سەخر دەگرنە ئەستۆ.

لای خۆیەوە، سەباح نوعمان، وتەبێژی فەرماندەیی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق ڕایگەیاند، ئەمڕۆ ڕۆژێکی مێژوییەو هێزە سەربازییەکانی عێراق پابەندیی خۆیان دەگرنە ئەستۆ.

ناوبراو ئاماژەی بەوەشدا،" ئەوەی ئەمڕۆ هەیە گۆڕانکارییە لەکەرتەکانداو بەشێوەیەکی ئاسایی گۆڕانکاری دەکرێت، جورف سەخر لەژێر چاودێریی ئێمەدا دەبێت و سەرۆکی هێزە چەکدارەکانی عێراق پاڵپشتیی تەواومان دەکات".

سەباح نوعمان وتیشی،" ئەرکی خۆمان جێبەجێ دەکەین، ئەمنییەت و ئاوەدانی بۆ ناوچەکە دەگەڕێنینەوەو قۆناغێکی نوێ و قۆناغی بووژانەوە دەستپێدەکات".

هاوکات پۆلیسی وزەی عێراق لەکۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا ڕایگەیاند، لەئۆپەراسیۆنەکەدا بەشدار دەبن و ئەرکی پاراستنی تەواوی وزەو نەوتی عێراق و جورف سەخریان لەئەستۆیە، هەروەها تەواوی هێزەکانیان لەئامادەباشیدان.

ئەوەش خرایەڕوو، کاتژمێر 6:00ـی بەیانیی ئەمڕۆ هێزەکانی نەوت و کانزاکان سەردانی ناوچەکەیان کردوەو سبەی شەممە کاتژمێر 6:00ـی بەیانی بەتەواوی رێگاکە دەکرێتەوەو هەموو هاوڵاتییەکی ئاسایی دەتوانێت سەردانی ناوچەکە بکات.