ڕوسیا: ناتۆ بەئاشکرا خۆی بۆ جەنگ دژ بەئێمە ئامادە دەکات

جیهان

6 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 214 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ماریا زاخارۆڤا، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕوسیا، ئەمرۆ هەینی ڕایگەیاند کە هاوپەیمانیی باکووری ئەتڵەسیی (ناتۆ) بە ئاشکرا خۆی بۆ چوونە ناو ملمـلانێیەکی سەربازیی لەگەڵ ڕووسیا ئامادە دەکات و ئاماژەی بە گۆڕانکارییە بنەڕەتییەکان لە ستراتیژیی سەربازیی ئەم هاوپەیمانێتییە کرد.

 
زاخارۆڤا لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا وتی، دۆکتڕینی سەربازیی ناتۆ گۆڕانکاریی گرنگی بەخۆوە بینیوە؛ بە جۆرێک کە ستراتیژییەکەی چیتر تەنیا لە سنووردارکردنی دوژمن لە سنووری وڵاتانی ئەندامدا کورت نابێتەوە، بەڵکو ئاراستەی ئەنجامدانی هێرشە سەربازییەکان لە دەرەوەی ناوچەی بەرپرسیارێتیی هاوپەیمانییەکەش دەبێت.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا ئاشکرای کرد: "ناتۆ بە ئاشکرا خۆی بۆ ملمـلانێیەکی چەکداریی لەگەڵ وڵاتەکەمان ئامادە دەکات، کە سەرکردایەتیی ئەم هاوپەیمانییە چاوەڕێی ڕوودانی لە ماوەی 3 تا 5 ساڵی داهاتوودا دەکات".

هەروەک ئاماژەی بەوەش دا کە سەرەڕای ئەوەی مارک ڕووتە، سکرتێری گشتیی ناتۆ، دەڵێت هیچ مەترسییەکی دەستبەجێ لەلایەن ڕووسیاوە نییە، بەڵام پلانە دوژمنکارانەکانی ناتۆ بەردەوام زیاتر دەردەکەون.

زاخارۆڤا هەروەک ئاماژەی بە "تیۆریی سەرکەوتن"ی ناتۆ کرد و وتی ئەم تیۆرییە، کە ئەلێکسیس گرینکێڤیچ، فەرماندەی باڵای هێزەکانی ناتۆ لە ئەورووپا، پێشکەشی کردووە، لەخۆگرتنی هێرشکردنە سەر ئامانجە سەربازیی و مەدەنییەکان لە قوڵایی خاکی ڕووسیا و لە دوورییەکی چەند هەزار کیلۆمەتر دەگرێتەوە. بۆ جێبەجێکردنی ئەم پلانەش، ناتۆ هاوکاریی نێوان کۆمپانیا پیشەسازییە سەربازییەکان بۆ پەرەپێدانی چەکی دوورمەودا هاندەدات.

لە بەرانبەردا، زاخارۆڤا جەختی کردەوە کە ڕووسیا هیچ نیازی بە هێرشکردنە سەر وڵاتانی ئەندامی ناتۆ نییە و دەیەوێت لەگەڵ دراوسێکانی بە ئاشتی بژی.

 وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا هەروەک هۆشداریی دا کە هەر گفتوگۆیەک دەربارەی ئەگەری ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازیی نێوان هەردوو لا دەبێت فاکتەری چەکی ناوەکیی لەبەرچاو بگرێت، چونکە هەردوو لایەن خاوەنی توانای ناوەکین.