سلێمانی لەنێوان فشاری ترەمپ، قەیرانی ئابوری و ململا‌نێی واشنتۆن و تاران

کوردستان

58 خولەک پێش ئێستا‌ 241 جار خوێندراوه‌ته‌وه

سلێمانی بەهۆی پەیوەندییە ئابووری، جوگرافیایی و سیاسییەکانی لەگەڵ ئێران، یەکێکە لەو ناوچانەی هەرێمی کوردستان کە زیاتر لە گۆڕانکارییەکانی پەیوەندیدار بە نێوان واشنتۆن و تاران کاریگەری دەبێت. فشارەکانی دۆناڵد ترەمپ لەسەر ئێران و سنووردارکردنی بازرگانیی ئەم وڵاتە، بووەتە هۆی تێکچوونی دابینکردنی کاڵا، بەرزبوونەوەی نرخەکان و زیادبوونی فشارەکانی ژیانی ڕۆژانە لە سلێمانی.

یەکەم: کاریگەرییە ئابوورییەکان
بەشێکی گرنگی پێداویستییەکانی بازاڕی سلێمانی لە ئێرانەوە دابین دەکرێت. سنوورداربوونی بازرگانی لەگەڵ ئێران، تێچووی هاوردە و گواستنەوەی کاڵای زیاد کردووە و هەندێک بەرهەمی گرنگی کەم کردووەتەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی میدڵ ئیست ئای، نرخی هەندێک کاڵا تا ٢٠٠٪ زیاد بووە. ئەم دۆخە لەگەڵ قەیرانی دارایی هەرێم، دواکەوتنی مووچە و کەمبوونی هێزی کڕینی هاووڵاتیان، فشارێکی زیاتر لەسەر ئابووری سلێمانی دروست دەکات.

دووەم: یەکێتی لە نێوان واشنتن و تاران
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە سەرۆکایەتی بافڵ تاڵەبانی لە دۆخێکی سیاسیی هەستیاردا قرارى گرتووە. ئەم حزبە لە لایەکەوە هەوڵ دەدات پەیوەندییەکانی لەگەڵ واشنتۆن بەهێز بکات و لە لایەکی ترەوە پەیوەندییە مێژوویی و ئەمنییەکانی لەگەڵ تاران بپارێزێت.
ئەم هاوسەنگییە بە تایبەتی لە کاتی توندبوونەوەی ململا‌نێی ئەمریکا و ئێراندا قورس دەبێت؛ چونکە هەر هەڵوێستێکی سیاسی دەتوانێت کاریگەری لەسەر ئاسایش و بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی سلێمانی دابنێت.

سێیەم: ململانێی پارتی و یەکێتی
ململانێی سیاسیی نێوان پارتی و یەکێتی ڕەهەندێکی تری ئەم کێشەیەیە. پارتی بەهۆی پەیوەندییەکانی لەگەڵ تورکیا و واشنتۆن، پێگەیەکی جیاوازی هەیە؛ لە بەرامبەردا یەکێتی بەهۆی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئێران، هاوکێشەیەکی جیاواز بەڕێوە دەبات.
بافڵ تاڵەبانی دەیەوێت پشتیوانیی ئەمریکا بەدەست بهێنێت، بەبێ ئەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئێران بخاتە مەترسییەوە. ئەمە یەکێکە لە گەورەترین ئاڵنگارییەکانی یەکێتی لە قۆناغی ئێستادا.

چوارەم: مەترسییە ئەمنییەکان
نزیکیی جوگرافیایی سلێمانی لە ئێران و ئەزموونی هێرشە مووشەکی و درۆنییەکانی ڕابردوو، ئەم شارە دەخاتە بەردەم مەترسییە ئەمنییەکان.
هەروەها هەر نائارامییەکی ناوخۆیی لە ئێران دەتوانێت ببێتە هۆی زیادبوونی پەنابەران، جووڵەی پارتەکانى ڕۆژهەڵاتى کوردستان و بۆشایی ئەمنی لە سنوورەکان.
لەبەر ئەوە، تێکچوونی سیاسی لە ئێران بە مانای هەلی نوێ بۆ هەرێم نییە؛ بەڵکو دەتوانێت مەترسییەکانی لە قۆناغی یەکەمدا زیاتر بێت.

پێنجەم: ڕاسپاردەکان
1.    دابینکردنی ڕێگای جێگرەوەی بازرگانی بۆ کەمکردنەوەی گرێدراوى بە ئێران.
2.    پەرەپێدانی بەرهەمهێنانی ناوخۆیی و پشتگیریی کەرتی تایبەت.
3.    پاراستنی هاوسەنگیی سیاسی لە نێوان واشنتۆن و تاران.
4.    ئامادەکردنی پلانی هاوبەش بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەگەری نائارامی لە ئێران.

کۆتایی
سلێمانی لە قۆناغی ئێستادا لە نێوان سێ فشاردا قرار دەگرێت: سیاسەتی فشارەکانی ترەمپ لەسەر ئێران، قەیرانی دارایی هەرێمی کوردستان و هاوکێشەی ئاڵۆزیی پەیوەندییەکانی یەکێتی لەگەڵ واشنتۆن و تاران.
مەترسیی سەرەکی بۆ سلێمانی تەنها توندبوونەوەی ململا‌نێی ئەمریکا و ئێران نییە، بەڵکو نەبوونی ئابوورییەکی بەهێز و ستراتیژییەکی سیاسی و ئەمنیی هاوبەشە کە بتوانێت کاریگەریی ئەو ململا‌نێیە کۆنترۆڵ بکات.
سلێمانی پێویستی بە سیاسەتێک هەیە کە بەرژەوەندییەکانی بخاتە پێش ململا‌نێی نێوان هێزە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان.