تۆمەتێکی قورس لەئەنكەرەوە؛ وەزیری دەرەوەی تورکیا: ئیسرائیل بەهێلیکۆپتەر چەک بۆ گروپێك له‌سوریا دەگوازێتەوە

جیهان

39 خولەک پێش ئێستا‌ 2105 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا، ئیسرائیلی تۆمەتبارکرد بەپڕچەککردنی گروپێکی دروزی لەباشوری سوریاو ڕەخساندنی زەمینە بۆ دەستوەردانی سەربازیی، هاوکات هۆشداریدا لەلێکەوتە هەرێمییەکانی ئەو هەنگاوەو داواشی لەواشنتۆن‌و تاران کرد بگەنە ڕێککەوتنێک کە ڕێگریی لەپەرەسەندنی جەنگ بکات‌و ئابوریی جیهان بپارێزێت.


فیدان لەچاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی (تی جی ئاڕ تی خەبەر)ی تورکی، ئیسرائیلی تۆمەتبارکرد بەوەی هەوڵی تێکدانی سەقامگیریی وڵاتانی ناوچەکە دەدات‌و دەیەوێت دراوسێکانی لەدۆخی لاوازیی‌و دابەشبوندا بهێڵێتەوە، هۆشداریشیدا لەوەی، هەر جوڵەیەکی سەربازیی نوێی ئیسرائیل لەسوریا ڕەنگە ببێتە هۆی ڕوبەڕوبونەوەیەکی هەرێمیی فراوانتر.

وەزیری دەرەوەی تورکیا ڕایگەیاند، "ئیسرائیل گرژییەکانی نێوان هەندێک گروپی دروزی‌و دەسەڵاتدارانی سوریا لەدیمەشق دەقۆزێتەوە بۆ ئەوەی زەمینە بۆ دەستوەردانێکی سەربازیی ئەگەریی لەباشوری سوریا خۆشبکات".

ئاماژەی بەوەشکرد، ئیسرائیل پشتیوانیی سەربازیی پێشکەش به‌یەکێک لەگروپە دروزییەکانی ناوچەکە دەکات، لەوانە گواستنەوەی چەک‌و تەقەمەنی بەشێوەیەکی هەفتانە لەڕێگەی هێلیکۆپتەرەوە، تاوەکو ئەو گروپە سوپای سوریا بوروژێنێت‌و بیانوو بداتە دەست ئیسرائیل بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی لەناوخاکی سوریادا.

فیدان ڕونیکردەوە، به‌گوێره‌ى خەمڵاندنەکانی ئەوان، کۆمەڵگەی دروزی لەباشوری سوریا بەسەر سێ گروپی سەرەکیدا دابەشبوە؛ دوو گروپیان پشتیوانی لەحکومەتی سوریا دەکەن‌و دژی ئیسرائیلن، لەکاتێکدا گروپی سێیەم لەلایەن ئیسرائیلەوە پشتیوانیدەکرێت.

هۆشداریشیدا کە ئەم سیناریۆیە تەنها لەسوریادا ناوەستێت، بەڵکو ڕەنگە ببێتە هۆی سەرهەڵدانی پێکدادانی نوێ‌و قەیرانی هەرێمی‌و ئەنكەرەش هۆشدارییەکانی خۆی گەیاندوەتە هاوپەیمانەکانی لەناوچەکە، ویلایەتەیەکگرتوەکانی ئەمریکاو وڵاتانی ئەوروپا.

لەدرێژەی ڕەخنەکانیدا لەسیاسەتی ئیسرائیل، فیدان وتی، "ئیسرائیل نایەوێت دەوڵەتی بەهێزو سەقامگیر لەدەوروبەریدا هەبێت، بەڵکو ئەو دەوڵەتانەی پێ باشترە کە بەدەست دابەشبون‌و قەیرانی ناوخۆییەوە دەناڵێنن"، جەختیشیکردەوە، بەدیهێنانی ئاشتی لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەبێ چارەسەری دوو دەوڵەت مەحاڵە.

سەبارەت بەجەنگی نێوان ئەمریکاو ئێرانیش، وەزیری دەرەوەی تورکیا پرسیاری لەبارەی ئەو بەرژەوەندییانەوە وروژاند کە واشنتۆن پاڵدەنێن بۆ تێوەگلان لەو ڕوبەڕوبونەوەیەو پێیوابوو، واشنتۆن ڕوبەڕوی پرسیاری زیاتر دەبێتەوە سەبارەت بەوەی ئایا به‌گوێره‌ى بەرژەوەندییەکانی خۆی دەجوڵێتەوە یان بۆ خزمەتکردنی ئیسرائیل.

فیدان وتی، "ئەمریکا یەکەم یان ئیسرائیل یەکەم؟"، هۆشداریشیدا کە بەردەوامبونی جەنگ دەبێتە هۆی قوڵبونەوەی لێکەوتە ئابورییە جیهانییەکان، ئاماژەی بەوەشکرد، دانوستانەکانی نێوان واشنتۆن‌و تاران سەبارەت بەکردنەوەی گەروی هورمز گەیشتونەتە بنبەست، سەرەڕای بەردەوامیی پەیوەندییە ناڕاستەوخۆکان لەڕێگەی نێوەندگیرەکانەوە.

جەختیشیکردەوە، گەیشتنە ڕێککەوتن نەک تەنها بۆ کردنەوەی گەروەکە، بەڵکو بۆ سنوردارکردنی قەیرانی دارایی جیهانی‌و کەمکردنەوەی بارگرانیی ئابوریی لەسەر وڵاتان پێویستە. هەروەها ئاشکرایکرد، لەچوارچێوەی هەوڵەکانی نێوەندگیریدا پەیوەندی بەسەرۆک وەزیرانی قەتەرەوە کردوەو داوایکردوە، ڕێگریی لە ئەنجامدانی هێرشێکی نوێی ئەمریکا بۆ سەر ئێران بکرێت.

لەتەوەرێکی دیکەدا، فیدان تیشکیخستەسەر هاوکاریی بەرگریی نێوان تورکیا، سعودیەو پاکستان‌و ڕونیکردەوە، هیچ بڕیارێک بۆ ناردنی هێزی تورکی بۆ یەمەن نەدراوە، بەڵام جه‌ختیكرده‌وه‌، "ئەنكەرە لەڕێگەی سیستەمی بەرگریی ئاسمانی‌و تواناکانی جەنگی ئەلیکترۆنییەوە یارمەتی بەهێزکردنی بەرگرییەکانی سعودیە دەدات".

سەبارەت بەپەیوەندییەکانیش لەگەڵ ئەمریکا، فیدان ئاماژەی بەپێویستیی چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانی پەیوەست بەسزاکانی ئەمریکا بۆسەر تورکیاو بەرنامەی فڕۆکە جەنگییەکانی "ئێف-35" کرد، ئه‌وه‌شى وت، "پەیوەندییە پتەوەکەی نێوان ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیاو دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا، یارمەتی هەردوو وڵاتی داوە بۆ تێپەڕاندنی چەندین ناکۆکی کە هەندێکیان دور لەچاوی کامێراکان چارەسەرکراون".