عێراق هەوڵی بە‌هێزکردنی ئابوری خۆی دەدات و 10 نەوتهەڵگر بۆ گواستنەوەی نەوتەکەی دەکڕێت

عیراق

1 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 154 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

وەزیری نەوتی عێراق ڕایگەیاند، حکومەت پلانی کڕینی 10 نەوتهەڵگری نوێی هەیە، بۆ ئەوەی ناوەندی گواستنەوەی نەوتی وڵات بەهێز بکات. هەروەها حکومەت هەوڵ دەدات لەگەڵ خاوەن نەوتهەڵگرەکان گرێبەستی هاوبەشی ببەستێت. 

باسم محەممەد خەزیر، وەزیری نەوتی عێراق، ئاماژەی بەوە کردووە کە کڕینی نەوتهەڵگرەکان دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی خەرجی کرێی نەوتهەڵگر و زیادکردنی سەرچاوە داراییەکانی خەزێنەی دەوڵەت.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەی وال‌ستریت جۆرنال (The Wall Street Journal)، لە ئێستادا کۆمپانیای نیشتمانی نەوتی ئەبووزەبی، بە پشتبەستن بە ناوەندی نەوتهەڵگری خۆی و بە هاوئاهەنگی لەگەڵ هێزە سەربازی و ئەمنییەکانی ئەمریکا و ئیمارات، کاری گواستنەوەی نەوتی عێراق دەکات. 

بەپێی هەمان ڕاپۆرت، حکومەتی بەغدا بۆ هەر بەرمیلێک نەوت زیاتر لە ٢٥ دۆلار داشکاندن دەدات.

وەزیری نەوتی عێراق ڕوونی کردووەتەوە کە عێراق لە ڕابردوودا، بەهۆی سنوورداریی بودجە و پێشخستنی ئەولەویەتەکانی تر، وەک زیادکردنی توانای هەناردەکردنی نەوت و پەرەپێدانی ژێرخانی هەناردە، لەبری کڕینی نەوتهەڵگر ، زیاتر پشتى بە کرێگرتنیان بەستووە.

ناوەندی نەوتهەڵگری کۆمپانیای نیشتمانی نەوتهەڵگری عێراق تەنها لە شەش نەوتهەڵگرى بچووک و مامناوەند پێک هاتووە؛ لە کاتێکدا هەناردەی ڕۆژانەی نەوتی عێراق لە ٣.٥ ملیۆن بەرمیل تێدەپەڕێت، کە تەنانەت لە ئاستی هەناردەی پێش جەنگی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش زیاترە.