رەعد جەبار خەمیس: عێراق 10 ساڵی‌ تر هیچ كەمایەتییەكی‌ تێدا نامێنێت

عیراق

14/01/2016‌ 2951 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: نیقاش
یەكێك لەكەسایەتییە دیارەكانی‌ سائیبەی‌ مەندائی‌ پێی‌ وایە چارەنووسی‌ هەموو كەمایەتییەكان لەعێراق لەبەردەم مەترسی‌ گەورەدایە.

رەعد جەبار خەمیس یەكێكە لەكەسایەتییە دیارەكانی‌ سائیبەی‌ مەندائی‌، رەنگە هیچ یەكێكیش لەكەسەایەتییەكانی‌ ئەو كەمایەتییە بەقەد رەعد پۆست‌و پلەی‌ جیاجیای‌ نەبووبێت، ئەو بڕیاردەری‌ ئەنجومەنی‌ گشتی‌ سائیبەی‌ مەندائی‌‌و سەرۆكی‌ ناوەندی‌ توێژینەوەی‌ مەندائی‌‌و جێگری‌ سەرۆكی‌ ئەنجومەنی‌ كاروباری‌ مەندائی‌‌و ئەندامی‌ لیژنەی‌ سیاسەتە باڵاكانی‌ سائیبەی‌ مەندائییە، هەروەها هەتا ساڵی‌ 2012 نوێنەری‌ سائیبەی‌ مەندائی‌ بووە لەسەرۆكایەتی‌ كۆماری‌ عێراق، بەر لەوە وەك نوێنەری‌ كۆتای‌ مەندائییەكان ببێتە ئەندامی‌ ئەنجومەنی‌ پارێزگای‌ بەغدا.

لەبارەی‌ چارەنووسی‌ سائیبەی‌ مەندائی‌‌و بەشداریان لەپرۆسەی‌ سیاسی‌‌و كاروبارە گرنگەكان، رەعد وەڵامی‌ ئەم پرسیارانەی‌ "نیقاش"ی‌ دایەوە.

نیقاش: چۆن لەناو كەمایەتییەكەی‌ خۆتانەوە بۆ كورسی‌ كۆتای ئەنجومەنی‌ پارێزگای‌ بەغدا پاڵێورایت؟

رەعد جەبار: لەراستیدا ئێمە پێشوەختە لەنێو خۆماندا هەڵبژاردنی‌ ئامادەسازی‌ ئەنجام دەدەین بۆ دیاریكردنی‌ پاڵێوراوەكان، بەهۆی‌ ئەوەی‌ براوەی‌ ئەو هەڵبژاردنە بووم، بۆیە بۆ كورسی‌ كۆتا پاڵێورام.

نیقاش: دەتەوێ‌ بڵێت ئێوە لەناو خۆتاندا بەشێوەیەكی‌ دیموكراسی‌ كاروبارەكان بەڕێوە دەبەن؟

رەعد جەبار: سائیبەی‌ مەندائی‌ بەوە دەناسرێنەوە كە رێوشوێنی‌ دیموكراسی‌ دەگرنە بەر بۆ بەڕێوەبردنی‌ كاروبارەكانیان، چونكە سێ‌ سەرۆكایەتی‌ لەناو سائیبەی‌ مەندائیدا هەن كە بریتین لەئەنجومەنی‌ رۆحانی‌‌و ئەنجومەنی‌ گشتی‌ تایفەو ئەنجومەنی‌ كاروباری‌ گشتی‌ كە مێژووی‌ دروستبوونیان دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی‌ هەشتاكانی‌ سەدەی‌ رابردوو چین‌و توێژە جیاجیاكان تیایدا بەشدارن، ئەنجومەنی‌ رۆحانی‌ هەموو پیاوانی‌ ئاینی‌ لەخۆ دەگرێت‌و گرنگی‌ بەكاروباری‌ ئاینی‌ دەدەن‌و سەرۆكی‌ تایفەی‌ سائیبەی‌ مەندائی‌ لەعێراق‌و جیهان (كەنزبرا شێخ ستار جەبار حلو) سەرۆكایەتی‌ دەكات، ئەنجومەنی‌ گشتیش لەنوێنەرانی‌ عەشیرەتەكان پێكدێن كە لەهەڵبژاردنی‌ راستەوخۆدا دەستنیشان دەكرێن‌و رۆڵی‌ پەرلەمان دەگێڕێت لەنێو سائیبەكاندا، هەرچی‌ ئەنجومەنی‌ كاروباری‌ گشتییە لەنێو ئەنجومەنی‌ گشتییەوە ئەندامانی‌ هەڵدەبژێردرێن‌و كاروباری‌ رۆژانەی‌ سائیبەی‌ مەندائی‌ بەڕێوە دەبەن.

نیقاش: ئێوە حیزبی‌ سیاسیتان نییە، چۆن كاروباری‌ خۆتان رێكخستووە؟

رەعد جەبار: هیچ رێكخراوو پارتێكی‌ سیاسی‌ تایبەت بەخۆمان نەبووە، بەڵام ئەندامانی‌ ئەم تایفەیە چوونەتە ناو حیزبە چەپەكانەوە، بۆ ئەوەی‌ لەنێو كێبڕكێی‌ سیاسیشدا هیچ بۆشاییەك دروست نەبێت، سائیبەی‌ مەندائی‌ ئەنجومەنێكیان پێكهێناوە بەناوی‌ "لیژنەی‌ سیاسەتە باڵاكان" كە لە 9 بۆ 15 ئەندام پێك دێت‌و رۆڵی‌ گێڕانی‌ هەماهەنگییە لەدەرچوونی‌ بڕیارە سیاسییەكاندا.

نیقاش: سەركردە سیاسی‌‌و ئاینییەكانی‌ تایفەكە هەماهەنگی‌ لەنێوانیاندا هەیە؟

رەعد جەبار: لەئاستێكی‌ هەرە باڵادا هەماهەنگی‌ دەكرێت، ئێمە نامانەوێت سەرۆك تایفەو سەركردە ئاینییەكان سەرقاڵ بن بەململانێی‌ سیاسییەوە، بەڵكو ئەوان كاروباری‌ ئاینی‌ بەڕێوە دەبەن، بەڵام هەمانكات رۆڵی‌ گەورەیان هەیە لەدیاریكردنی‌ پاڵێوراوەكان‌و بڕیارە چارەنوسسازەكاندا.

نیقاش: لەپاش ساڵی‌ 2003 بەشداری‌ مەندائییەكان چۆن بووە لەپرۆسەی‌ سیاسیدا؟

رەعد جەبار: ساڵی‌ 2003 بەشداری‌ ئەنجومەنی‌ حوكممان نەكرد، بەڵام لەكۆمكاری‌ نیشتیمانیدا بەشداربوین‌و دوای‌ ئەوەش بۆ لیژنەی‌ نوسینەوەی‌ دەستور نوێنەری‌ سائیبەی‌ مەندائی‌ بۆ یەكێك لەلیژنە لاوەكییەكان زیادكرا، لەهەڵبژاردنی‌ پەرلەمانی‌ ساڵی‌ 2010 پاڵێوراومان هەبوو بۆ كورسی‌ كۆتای پەرلەمان، چوار ساڵ دواتر پێنج پاڵێوراومان بۆ هەمان كورسی‌ هەبوو، لەهەڵبژاردنی‌ ئەنجومەنی‌ پارێزگاكانیش كورسیەكمان بۆ زیادكرا‌و لە ساڵی‌ 2009ەوە لەوێش نوێنەرایەتیمان هەیە.

نیقاش: ئاستی‌ بەشداری‌ سیاسی‌ خۆتان لەدامەزراوەكانی‌ دەوڵەت چۆن هەڵدەسەنگێنن؟

رەعد جەبار: لەراستیدا بەشداری‌ ئێمە بەشدارییەكی‌ رەمزییەو رۆڵ‌و كاریگەری‌ نییە، نە وەزارەت‌و نە بەڕێوەبەرایەتی‌ گشتیمان نەدراوەتێ‌، بەرزترین پۆست كە وەرمان گرتووە بەرێوەبەری‌ گشتی‌ ئەوقافی‌ سائیبەی‌ مەندائییە لەدیوانی‌ وەقفی‌ مەسیحی‌‌و ئێزدی‌‌و سائیبەی‌ مەندائی‌، لەكاتێكدا ئێمە كۆنترین گروپی‌ ئاینین لەعێراقدا.

نیقاش: دیارترین داخوازییە سیاسییەكانی‌ ئێوە چین؟

رەعد جەبار: سائیبەی‌ مەندائی‌ ئومێدیان بەوەیە لەپرۆسەی‌ سیاسیدا فەرامۆش‌و كەنارگیر نەكرێن‌و مافی‌ دەستوری‌‌و یاسایی‌ خۆیان پێبدرێت، بەڵام دابەشكردنی‌ پۆستەكان لەنێوان هێزە سیاسییە سەرەكییەكاندا وایكردووە كەمایەتییەكان بخرێنە لاوەو هەموو شت بەدەستی‌ شیعەو سوننەو كورد بێت، بەراستی‌ ئێمە فەرامۆشكراوین‌و سادەترین مافی‌ خۆمان پێ نادرێت‌و بەشێوەیەكی‌ كارا بەشدار نین لەپرۆسەی‌ سیاسیدا، بەبڕوای‌ من پێدانی‌ وەزارەتێكی‌ خزمەتگوزاری‌ بەسائیبەی‌ مەندائی‌ رێگەمان بۆ خۆش دەكات خزمەتی‌ وڵات بكەین، هەرچی‌ كورسی‌ كۆتاكانە پێم وانییە هیچ شتێك لەبڕیاری‌ سیاسی‌ بگۆڕن.

نیقاش: چۆن لەئایندەی‌ مەندائییەكان دەڕوانی‌ لەعێراقدا؟

رەعد جەبار: بەر لەچەند ساڵێك بەگومان بووین لەوەی‌ عێراق خاڵی‌ دەبێت لەمەندائییەكان، بەڵام ئێستا ئەوەی‌ دەیبینین وردە وردە عێراق هیچ كەمایەتییەكی‌ تیا نامێنێت‌و لەماوەی‌ دە ساڵی‌ داهااتوودا هەموویان وڵات جێدەهێڵن، ئەگەر بەدیاریكراویش باسی‌ مەندائییەكان بكەین، ئەوا تەنانەت سەركردە ئاینییەكانیشمان كەوتوونەتە بەر شاڵاوی‌ كۆچ، ئەمەش وا دەكات ئەوانەی‌ ماون خۆ ئامادە بكەن بۆ جێهێشتنی‌ عێراق.