داوایكردووە نوێنەری كۆمیتەی ریفراندۆم دیارینەكات
گۆڕان لەسەر پرسی ریفراندۆمی هەرێم هۆشداری داوەتە یەكێتی

کوردستان

28/06/2017‌ 7155 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بزووتنەوەی گۆڕان لەسەر پرسی ریفراندۆمی هەرێمی كوردستان هۆشداری داوەتە یەكێتی نیشتمانی كوردستان‌و داوای كردووە نوێنەر بۆ كۆمیتەی ریفراندۆم دیارینەكات.

بەپێی ئەو زانیارییانەی لەسەرچاوەیەكی ئاگادار دراوە بەشارپرێس، لەدواین كۆبوونەوەی سەركردایەتی هاوبەشی نێوان یەكێتی نیشتمانی‌و بزووتنەوەی گۆڕان، كە رۆژی هەینی 24 ئەم مانگە بەرێوەچوو، بەرپرسانی بزووتنەوەكە هۆشدارییانداوە بە بەرپرسانی یەكێتی.

هەر بەپێی زانیارییەكان، هۆشدارییەكەی گۆڕان لەسەر بنەمای رێككەوتنە سیاسییەكەی نێوانیان بووەو داوایان لێكردوون، كە نابێت یەكێتی هەنگاوێك بنێت، پێچەوانەی رێككەوتنە سیاسییەكەی نێوانیان بێت.

زانیارییەكان باس لەوەش دەكەن، گۆڕان داوای لەیەكێتیش كردووە، نوێنەری خۆی بۆ كۆمیتەی ریفراندۆمی هەرێمی كوردستان دیارینەكات، كە بڕیارە لەنێوان لایەنە سیاسییەكان كۆمیتەیەك بۆ ئەو پرسە دروستبكرێت.

پێشتر شارپرێس لەزاری سەركردەیەكی یەكێتی بڵاویكردەوە، كە ئەو حیزبە بڕیاریداوە دیاریكردنی نوێنەر بۆ كۆمیتەی ریفراندۆم دوابخات، كە شارپرێس ئەوەشی زانیوە ئەو دواخستنە پەیوەندی بەهۆشدارییەكەی گۆڕانەوە هەبووە.

مەسعود بارزانی‌و لایەنە سیاسییەكانی هەرێم رۆژی 7 ئەم مانگە كۆبوونەوەو بڕیاریاندا رۆفراندۆم ئەنجامبدەن، ئەوەش لە 25/9/2017و بۆ ئەوەش كۆمیتەیەك پێكدەهێنن، كە نوێنەری یەكێتیش لەو كۆبوونەوە بەشداربوو، ئەمەش نیگەرانی گۆڕانی لێكەوتەوە.

یەكێتی‌و گۆڕان ماوەی ساڵێك زیاترە رێككەوتنی سیاسی لەنێوانیان هەیە، كە بەپێی رێككەوتنەكە نابێت هیچ لایەكیان بەپێچەوانەی بەندو خاڵەكانی رێككەوتنەكە هەنگاوی سیاسی هەڵبگرێت.

هـ ـ ح