پارتی داوای دیاریكردنی نوێنەرەكان دەكات
یەكێتی‌و گۆڕان‌و كۆمەڵ بەبێ‌ كاراكردنەوەی پەرلەمان بەشداری كۆمیتەی ڕیفراندۆم ناكەن

کوردستان

05/07/2017‌ 2459 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
هەر یەكە لەیەكێتی، گۆڕان‌و كۆمەڵ بەشداری لەكۆمیتەی ڕیفراندۆمدا ناكەن‌و مەرجی بەشداریكردنیشیان بەستووەتەوە بەكاراكردنەوەی پەرلەمانەوە، ئەمە لەكاتێكدا دەبوو ٢ هەفتە پێش ئێستا ئەو كۆمیتەیە پێكبهێنرایەو كۆبوونەوەی خۆی بكردایە.

سەرەتای مانگی ڕابردوو لایەنە سیاسییەكانی هەرێم جگە لەكۆمەڵی ئیسلامی‌و بزووتنەوەی گۆڕان لەگەڵ مەسعود بارزانیدا كۆبوونەوەو تێیدا بڕیاردرا ڕۆژی 25 ئەیلوولی ئەمساڵ ڕیفراندۆم ئەنجامبدرێت‌و لایەنەكان لەو ماوەیەدا كاربكەن بۆ كاراكردنەوەی پەرلەمانی كوردستان‌و كۆمیتەی ئامادەكاری ڕیفراندۆم پێكبهێنرێت، لەئەندامییەتی حیزبەكان بەسەرۆكایەتی بارزانی، هەرچەندە دەبوو ٢ هەفتە پێش ئێستا كۆمیتەكە پێك بهێنرایە، بەڵام جگە لەیەكگرتوو و پارتی‌و چەند لایەنەكی تر، هێزەكانی وەك یەكێتی، گۆڕان‌و كۆمەڵ بەشداری كۆمیتەكەیان نەكردووەو سەرەتا داوای كاراكردنەوەی پەرلەمان دەكەن.

هەفتەنامەی ئاژانس لەزاری مەڕوان گەڵاڵی، ئەندامی سەركردایەتی كۆمەڵی ئیسلامی بڵاویكردووەتەوە، ״ڕیفراندۆم بۆ خەڵكی هەرێمی كوردستان دەكرێت، خۆ دەبێت ئاشتەوایی نیشتمانی هەبێت‌و پەرلەمانێكی كارا هەبێت، لەگەڵ ئەوەشدا بژێوی هاووڵاتییان باش بكرێت، ناكرێت خەڵكی بەسكی برسییەوە ببرێنە سەر سندووقەكانی دەنگدان".

مەڕوان گەڵاڵی وتیشی: ״كۆمەڵی ئیسلامی ئەو داوایانەی كردووە بە پرسیارو چاوەڕێی وەڵامی دەسەڵاتە بۆ ئەوەی بەرچاوی ڕوونبێت لەسەر پڕۆسەكە، تاوەكو پەرلەمان كارانەكرێتەوە بەشداری كۆمیتەی ئامادەكاری ڕیفراندۆم ناكەین".

مانگێك بەسەر دیاریكردنی وادەی ڕیفراندۆمدا تێپەڕیوەو هیچ ئامادەكارییەك نابینرێت، بەتایبەت ئەو كۆمیتەیەی بەرپرسیارییەتی ئامادەكردنەكەی لەسەرە، تا ئێستا پێك نەهاتووەو دیاریش نییە ئاخۆ كەی درووست دەكرێت.

شێركۆ میروەیس، ئەندامی سەركردایەتیی یەكێتی، لەو بارەوە رایگەیاند "پێویستە پێش ڕیفراندۆم پەرلەمان كارابكرێتەوە، بۆ ئەوەی یاسای بۆ دەربكرێت‌و هەنگاو بەهەنگاو لەگەڵیدا بچینە پێشەوەو ئەگەر پەرلەمان بەئەركی خۆی هەستا ئەوەی لەسەر حیزبەكان بێت بەدڵنیاییەوە پشتیوانی دەكەن".

هاوكات سەرچاوەیەكی باڵای یەكێتی، كە نەیویست ناوی بهێنرێت بەهەفتەنامەكەی راگەیاندووە ״یەكێتی بەبێ كاراكردنەوەی پەرلەمان ئەندام دیاریناكات بۆ كۆمیتەی ڕیفراندۆم".

سەرجەم حیزب‌و لایەنەكان تێبینی‌و قسەی جددییان لەسەر پرسەكە هەیە، بۆیە دەبێت لەپەرلەمانەوە پرسەكە گەڵاڵە بكرێت‌و هەمووان پێكەوە لەسەر پڕۆژەیەكی هاوبەش ڕێكبكەون.

لەهەمان ڕووەوە، فەیسەڵ حەمەساڵح، ئەندامی جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان ئاماژە بەوە دەكات، بزووتنەوەی گۆڕان لەبەر خاتری ئەوە نییە، كە سەرۆكی پەرلەمان لەحیزبەكەیەتی كاراكردنەوەی پەرلەمانی كردووە بەمەرج، بەڵكو لەبەر بەیاساییكردنی پڕۆسەكەو پشتیوانی یاسایی پڕۆسەكەیە لەئاستی ناوخۆو نێودەوڵەتیدا.

ئەو بە ״ئاژانس״ی وت: ״بەبێ كاراكردنەوی پەرلەمان بەشداری ئەو كۆمیتەیە ناكەین، پڕۆسەیەكی لەم شێوەیە دەبێت كۆدەنگی نیشتمانی لەسەر هەبێت، تا ئێستا لەسەر ئەو پرسە هیچ قسەیەكی نوێش لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان نەكراوە".

پرسی كاراكردنەوەی پەرلەمان پێش وادەی ڕیفراندۆم بەربەستی بەردەم پڕۆسەكەیەو پارتی دیموكراتی كوردستانیش دەڵێت: پێویستە لایەنەكان نوێنەر دیاریبكەن‌و گفتوگۆی كاراكردنەوەی پەرلەمانیش دەكەین.

لەو بارەیەوە عەلی حسێن، ئەندامی سەركردایەتی پارتی، وتی: ״جارێ پێویستە لایەنەكان نوێنەر دیاریبكەن بۆ ئەوەی كۆمیتەكە كارەكانی خۆی بكات‌و نەوەستێت، لەو نێوانەشدا گفتوگۆی كاراكردنەوەی پەرلەمان دەكەین".

هـ ـ ح