"بەغدا مافی هاوبەشی نادات بەهەولێر"
هەرێم دەیەوێت ئەزموونی هەرێمی "كیبیك"ی كەنەدا بۆ سەربەخۆیی دووبارەبكاتەوە

کوردستان

06/07/2017‌ 2118 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەیان سامی عەبدولڕەحمان نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لەواشنتۆن رایگەیاند "خەڵكی كوردستان مافی خۆیانە داوای خۆبەڕێوەبردنێكی وەك ناوچەی كببیكی كەنەدا بكەن".

بەیان سامی عەبدولڕەحمان، نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لەواشنتۆن لەچاوپێكەوتنێكی لەگەڵ ڕۆژنامەیەكی كەنەدی سەبارەت بەپرسی ڕیفراندۆم لەهەرێمی كوردستان لەسەر دیاریكردنی داهاتووی سیاسی لەكوردستان، كە بڕیارە ٢٥ی مانگی ئەیلول بۆ ئەو مەبەستە راپرستی ئەنجامبدرێت قسەی كردووە.

نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لەئەمریكا لەو بارەوە رایگەیاندووە "خەڵكی كوردستان زۆر بەئاسایی دەیانەوێت مومارەسەی هەمان ئەو مافانە بكەن، كە خەڵكی كۆبێكی كەنەدی هەیانەو پیادەیان كردووە".

بەیان سامی ئەوەشی راگەیاندووە "خەڵك‌و حكومەتی هەرێمی كوردستان ویستوویانە لەگەڵ بەشەكانی دیكەی عێراق كاربكەن، بەڵام بەغدا خەڵكی كوردستانی وەك هاوبەشێك نەویستووە، بۆیە ئێستا كاتێكی گونجاوە بۆ ئەوەی ڕێگە بەخەڵكی كوردستان بدرێت مومارەسەی مافە دیموكراتییەكانی خۆی بكات، مافێك، كە خەڵك لەسەرتاسەتی جیهاندا هەیانە".

ئەمە لەكاتێكدایە بەبڕیاری مەسعود بارزانی‌و لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان رۆژی 25/9/2017 پرۆسەی ریفراندۆم ئەنجامدەدرێت، كە ئەو بڕیارە كاردانەوەی ناوخۆیی‌و نێودەوڵەتی لێكەوتووەتەوە.

هەرێمی كیبیك، لەساڵی 1995 پرۆسەی ریفراندۆمی ئەنجامداوە، كە دووەم پرۆسە بووەو پرسیار لەدەنگدەران كراوە، ئایا هەرێمەكە لەچوارچێوەی كەنەدا بمێنێـتەوە، یان ببێتە دەوڵەتێكی سەربەخۆ، كە زۆرینەی بەشداربووانی پرۆسەكە بە "نەخێر" دەنگیداوەو تائێستا لەسەر كەنەدا ماوەتەوە.

ئەنجامی پرۆسەكە بەشێوەك بووە، كە نزیكەی 93.52% بەشدارییان كردووەو دەنگی "نەخێر" 50.58% بووەو دەنگی "بەڵێ"ش 49.42 بووەو تائێستا لەسەر كەنەدا ماوەتەوەو هەڵدراوە بۆ سەربەخۆیی پرۆسەی ریفراندۆمی تر ئەنجامبدرێت.

هـ ـ ح

بەپەلە