فەرماندەیەكی باڵای ئێرانی: ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێم بەهیچ شێوەیەك قبوڵناكەین

کوردستان

17/07/2017‌ 1212 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
سەرلەشكەر باقری سەرۆكی ئەركانی هاوبەشی هێزە سەربازییەكانی ئێران ڕایگەیاند: ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان دەستپێكی كێشەیەكی نوێیە لەناوچەكەدا، بۆیە "بەهیچ شێوەیەك قبوڵی ناكەین".

بەڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، سەرلەشكەر باقری سەرۆكی ئەركانی هاوبەشی هێزە سەربازییەكانی ئێران لەكۆڕبەندی فەرماندەكانی سوپای پاسداران راشیگەیاند "دوای شكستی داعش‌و شەڕێكی سێ ساڵە لەگەڵ تیرۆریستان، بەپەلە باس كردن لەڕیفراندۆمی هەرێمی كوردستان‌و جیاكردنەوە بەشێك لەعێراق، بابەتێكی ئاسایی نییە".

سەرلەشكەر باقری ئەوەشی راگەیاند "باسكردن لەریفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستانی عێراق دەستپێكێكە بۆ سەرهەڵدانی كێشەو تەنگژەی نوێ لەم ناوچەیەو ئەم پرسە بە هیچ لەنێك لە لایەن دراوسێیەكانی عێراقەوە قبوڵناكرێت".

ئەو فەرماندەیەی ئێران جەختیشیكردەوە، كە پاراستنی سەربەخۆیی‌و یەكپارچەیی عێراق لەبەرژەوەندی سەرجەم "ئیتنیك، مەزەبەكان‌و دیكەی پێكهاتەكانی ئەم وڵاتەیە".

باقری هەروەها رایگەیاند "ئێران پێشنیار بەعێراق‌و وڵاتانی دیكەش لەپەراوێزی كەنداوی فارس دەكات، كە لەڕێگای گفتوگۆو بەدوور لەتوندوتیژی كێشەكانیان چارەسەربكەن".

ئەوەشی دووپات كردەوە، كە ناوچەكە ئیدی كێشەو شەڕی نوێ هەڵناگرێت‌و رایگەیاند "بێگومان سەرهەڵدانی شەڕی نوێ دەستدرێژی كەران دێنتەوە ناوچەكە".

ئەمە لەكاتێكدایە لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان بڕیاریانداوە رۆژی 25/9/2017 ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی ئەنجامبدەن، كە ئەمە كاردانەوەی نێودەوڵەتی بەدواوە هاتووە.

هـ ـ ح