شاندێكی هەرێم بۆ پرسی ریفراندۆم دەچێتە بەغدا

عیراق

02/08/2017‌ 558 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
دڵشاد شەهاب ئەندامی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند شاندێكی هەرێمی كوردستان بۆ تاوتوێكردنی پرسی ریفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێم بەسەردانێكی فەرمی دەچێتە بەغداو لەگەڵ بڕیار بەدەستدانی عێراق كۆدەبنەوە.

دڵشاد شەهاب راشیگەیاند "ئەو شاندەی دەچێتە بەغدا ئەگەر لەهەموو لایەنە سیاسییەكانی هەرێمیش پێكنەیەت، بەپێی رێككەوتنی نێوانمان بێت لایەنەكانی بەشدار لەشاندەكە نوێنەرانی هەموو لایەنە سیاسییەكانی هەرێم دەكەن".

ئەو ئەندامەی سەركردایەتی پارتی لەلێدوانێكی بۆ ئاژانسی ئەنادۆڵ ئەوەشی راگەیاند "تەوەری سەرەكی گفتوگۆكانمان لەگەڵ بەغدا لەسەر ئەنجامدانی ریفراندۆمە، دواتر تیشك دەخەینە سەر خاڵە هاوبەشەكانی نێوانمان، چونكە ئەگەر هەرێمی كوردستان دوای ریفراندۆم سەربەخۆیش رابگەیەنێت پەرە بەو خاڵە هاوبەشانە دەدات، كە لەبەرژەوەندی هەردوولاماندایەو وەك دوو وڵاتی دراوسێ درێژە بەپەیوەندییەكانمان دەدەین".

لەبارەی قۆناغی دوای ریفراندۆم دلشاد شەهاب رایگەیاند "چاوەڕوان دەكەین خەڵكی ئێمە لەڕیفراندۆم بە بەڵێ دەنگ بدات، دواتر هەنگاونانێكی دیپلۆماسی دەست پێدەكەین یەكەمجار لەگەڵ عێراق وەك وڵاتێك، كە لەرابردوو شەریك بووین‌و ئینجا هەموو وڵاتانی دراوسێ دڵنیادەكەینەوە لەوەی هەبوونی دەوڵەتی كوردستان لەم ناوچەیەدا نابێتە هۆی دروستبوونی هیچ جۆرە ئاڵۆزی‌و ناسەقامگیرییەك لەسەر وڵاتانی دراوسێ، بۆیە هیوادارین ئەم پەیامەمان بەدۆستان‌و دراوسێكانی هەرێمی كوردستان بگات، ماوەی ٢٠ ساڵە حوكمڕانی نیمچە سەربەخۆ لە هەرێم بەڕێوە دەبەین‌و هەموو دەسەڵاتێكمان بەسەر هەرێمی كوردستاندا هەبووەو لەئەنجامیشدا بووینەتە هۆكاری ئارامی و سەقامگیری بۆ خۆمان و هەروەها بۆ وڵاتانی دراوسێمان".

شەهاب هەروەها رایگەیاند "سنووری هەرێمی كوردستان لەئێستادا زۆر سەقامگیرو ئارامترن‌و هەركاتێك هەرێمی كوردستان سەربەخۆیی رابگەیەنێت، رێزی زیاتر لەپەیوەندی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ دەنێت، ئەركی زیاتریشمان دەكەوێتە ئەستۆ، هەروەها هەرێمی كوردستان پابەند دەبێت بەم ئەركانە كە نەهێڵێت خاكی هەرێمی كوردستان ببێتە هۆی نا ئارامی لەسەر وڵاتانی دراوسێ".

ئەو ئەندامەی سەركردایەتی پارتی ئاماژەی بەوەشدا، كە دوای تاوتوێكردنی پرسی دەوڵەتی كوردستان لەگەڵ عێراق‌و وڵاتانی دراوسێ، وڵاتانی زڵهێزی جیهان تێدەگەیەنن، كە ئێمە لەجەنگی دژ بە تیرۆر كاریگەر و بەردەوام دەبین‌و بە هیچ شێوەیەك هیچ دژایەتیكردن لە ئەجێندای دەوڵەتی ئایندەی كوردستاندا نابێت.

لایەنە سیاسییەكانی هەرێم رۆژی 25/9/2017 وەك رۆژی ئەنجامدانی پرۆسەی ریفراندۆم دیاریكردووە، كە ئەمە كاردانەوەی جۆراوجۆری بەدواوە هاتووە.

هـ ـ ح