نوێنەرەكەی كۆمەڵ لەكۆمسیۆن روونكردنەوەیەك بڵاودەكاتەوە

کوردستان

15/08/2017‌ 713 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
شیروان زرار وتەبێژی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن‌و ڕاپرسی، كە لەپشكی‌ كۆمەڵی ئیسلامییە ئەو پۆستەی وەرگرتووە، رایگەیاند دەنگی بەو بڕیارەی ئەنجوومەنی كۆمسیاران نەداوە، كە 25 ی ئەیلول ڕیفراندۆم بكرێت‌و ئیمزاشی لەسەر ئەو بڕیارە نەكردووە.

شیروان زرار راشیگەیاند "ئەو نوسراوەی، كە بڵاوكراوەتەوە هی ئەنجوومەنی كۆمیسیارانەو دوای هەموو كۆبوونەوەیەك واژوودەكرێت بۆ ئامادەبوونی ئەندامانی ئەنجوومەن نەك بۆ بڕیاردان".

وتەبێژی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن ئەوەشی راگەیاندووە "دوای كۆبوونەوەی ئەنجوومەن لەلایەن بڕیاردەری ئەنجوومەن داواكرا ئەندامان واژووبكەن، كە ئامادەن، بەڵام دواتر واژووی بەشێك وەرگیرابوو بەبێ ئەوەی داوای واژوو لەتەواوی ئەندامان بكرێت".

ناوبراو هەروەها رایگەیاندووە "بەرپرسیارییەتی وەرنەگرتنی واژووەی ئەندامانی ترو بڵاوبوونەوەی كۆنوسی كۆبوونەوەكە لەئەستۆی بڕیاردەری ئەنجوومەنی كۆمسیاران دایە".

شیروان زرار لەبارەی دەنگدانی ئەوەی راگەیاندووە "پێشتر وتوومە، كە دەنگم بە ڕاپرسی 25ی ئەیلول نەداوە‌و دەنگم بە بەرێوەچوونی هەڵبژاردن لە 1 ی‌ 11 داداوە، كە  پێویستە ئەنجوومەن بەنووسراوی فەرمی شێوازی دەنگدان ڕوونبكاتەوە".

ئەمە لەكاتێكدایە كۆمسیۆنی راپرسی سەربەخۆیی‌و هەڵبژاردنی هەرێم رۆژی دوو شەممە كۆبووەوە، كە لەئەنجامی كۆبوونەوەكە بەكۆی دەنگ وەڵامی نووسراوەكانی سەرۆكایەتی هەرێم‌و پەرلەمانی كوردستانیان دایەوە، بەوەی لەوادەی دیاریكراو ریفراندۆم‌و هەڵبژاردنەكانی هەرێم دەكرێت.

هـ ـ ح