وەزارەتی پێشمەرگە وەڵامی قسەكانی سەرۆك ئەركانی سوپای ئێران دەداتەوە

کوردستان

18/08/2017‌ 1052 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
وتەبێژی وەزارەتی پێشمەرگەی حكومەتی هەرێمی كوردستان وەڵامی محەمەد حوسێن باقری سەرۆك ئەركانی سوپای ئێرانی دابووەوە، كە رایگەیاندبوو، لەگەڵ توركیا دژی ریفراندۆمی هەرێمی كوردستانن.

وتەبێژی وەزارەتی پێشمەرگەی حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئەمڕۆ هەینی لەراگەیەنراوێكدا بڵاویكردەوە، كە "بەپێی هەواڵێكی ئاژانسی هەواڵنێریی تەسنیمی ئێرانی سەرلەشكەر باقری سەرۆكی ئەركانی هێزە چەكدارەكانی ئێران لێدوانێكی لەبارەی ریفراندۆمی بیست‌و پێنجی ئەیلوولی 2017 ـی هەرێمی كوردستان داوەو وتوویەتی: ئەم ڕیفراندۆمە موستەحیلەو نابێت بكرێت".

وتەبێژی وەزارەتی پێشمەرگە راشیگەیاندووە "لێرەدا بەگشت لایەكی ڕادەگەیەنین، كە قسەكردن لەبارەی مافەكانی خەڵكی كوردستان كاری ئەو بەڕێزە نییەو ئەوە بەدەستێوەردانێكی ئاشكرا لەكاروباری ناوخۆی كوردستان هەژمار دەكرێت".

وەزارەتەكە جەختیكردووەتەوە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم "مافێكی ڕەواو سروشتی گەلی كوردستانەو جگە لەخەڵكی كوردستان هیچ كەسی تر مافی ئەوەی نییە قسەی لەسەر بكات".

محەمەد حوسێن باقری دوو رۆژ پێش ئێستا سەردانی ئەنقەرەی كردو لەگەڵ بەرپرسانی سەربازی‌و حكومی توركیا كۆبووەوە، كە دوای كۆبوونەوەكانیشی چەند لێدوانێكی لەبارەی ریفراندۆمی هەرێمی كوردستانەوەداو دژایەتی وڵاتەكەی بۆ دووپاتكردەوە.

هـ ـ ح