سەرەڕای ناڕەزاییەكان پارتی سوورە لەسەر ئەنجامدانی ریفراندۆم

کوردستان

20/08/2017‌ 848 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
مەحمود محەمەد وتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان سووربوونی حیزبەكەی دووپاتكردەوە بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆمی هەرێمی كوردستان لەمانگی نۆی داهاتوو، ئەمە سەڕەڕای نیگەرانییەكان‌و ناڕەزاییەكان لەو بارەوە.

مەحمود محەمەد لەمیانی چاوپێكەوتنێكی لەگەڵ دەنگی ئەمریكا، رایگەیاند "ئێمە ریفراندۆم دەكەین وەك هەنگاوێكی شەرعی‌و یاسایی بۆ ئەوەی یەكەم هەنگاو بێت بۆ سەربەخۆیی كوردستان."

ئەو هەڵوێستەی وتەبێژی پارتی لەكاتێكدایە، چەند رۆژێكە شاندێكی هەرێمی كوردستان لەبەغداو بۆ پرسی ئەنجامدانی ریفراندۆم گفتوگۆ لەگەڵ لایەنە عێراقییەكان دەكەن، كە لەئەنجامی گفتوگۆكانیش ئەوە دەركەوتووە، ئەو لایەنانە لەگەڵ ئەنجامدانی ریفراندۆم نین.

مەحمود محەمەد لەو چاوپێكەوتنەدا راشیگەیاند "بەردەوام عێراق هەوڵیداوە كێشە لەناوخۆی كوردستاندا دروستبێت‌و یەكگرتوو نەبێت‌و نەتوانن بەرگری لەمافە ڕەواكانی خۆیان بكەن."

سەبارەت بەسەربەخۆییش وتەبێژی پارتی ئەوەی راگەیاند "لەدوای راگەیاندنی سەربەخۆیی پێویستمان بەزەمەنێكی باش هەیە بەشێوازێكی گونجاوو سەردەمیانەو بەپێی پێوەرە زانستییەكان پێویستە یاساكان دابڕێژین."

مەسعود بارزانی‌و بەشێك لەلایەنە سیاسییەكان رۆژی 25/9/2017یان دیاریكردووە بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم، كە ئەمە كاردانەوەی ناوخۆیی‌و نێودەوڵەتی لێكەوتووەتەوەو زۆرترین كاردانەوەكانیش بۆ ئەوەیە پرۆسەكە دوابخرێت.

هـ ـ ح