"دەبێت بەغدا قەرزەكانی هەرێم بداتەوە"
مەلا بەختیار باس لەئەگەری دواخستنی ریفراندۆمی هەرێم دەكات

کوردستان

20/08/2017‌ 2398 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
مەلا بەختیار كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان رایگەیاند، رەنگە بەغدا بتوانێت باوەڕ بەهەرێمی كوردستان بهێنێت، بۆ دواخستنی ریفراندۆم.

مەلا بەختیار لەمیانی چاوپێكەوتنێكی لەگەڵ ئاژانسی رۆیتەرز راشیگەیاند، دواخستنی ریفراندۆم لەلایەن هەرێمی كوردستانەوە بێ‌ بەرانبەر نابێت، بەشێوەیەك "دەبێت گرەنتی كاتی ئەنجامدانی بۆ دواخستنی بەكورد بدرێت".

لەبارەی پرسی ئابووری‌و چارەسەری كێشەكانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ حكومەتی عێراق، كارگێڕەكەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی رایگەیاندووە "حكومەتی هەرێم 10 بۆ 12 ملیار دۆلار قەرزارە، ئەوەش بەهۆی بڕانی بەشە بودجەكەی لەلایەن بەغداوە، بۆیە پێویستە لەسەر عێراق ئەو قەرزانەی بۆ بداتەوە".

هەروەها جەختیشیكردووەتەوە، كە لەبەرانبەر ئەگەری دواخستنی ریفراندۆم، دەبێت حكومەتی عێراق گرەنتی ئەوەش بدات، كێشەی ئەو ناوچانە چارەسەر بكات، چەند ساڵێكە لەنێوان هەولێرو بەغدا ململانێی لەسەرە.

ئەو قسانەی بەرپرسە كوردەكە لەكاتێكدایە، كە ئێستا شاندێكی هەرێمی كوردستان لەبەغدان، ئەوەش بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵ بەرپرسانی عێراق لەسەر پرسی ئەنجامدانی ریفراندۆمی هەرێم، كە بڕیارە مانگی نۆی داهاتوو بەرێوەبچێت.

مەلا بەختیار ئەوەشی راگەیاندووە، دوای گەڕانەوەی شاندەكە، كورد پرسی دواخستنی ریفراندۆم تاوتوێدەكات، كە لایەنە عێراقییەكان داوایان كردووە.

هـ ـ ح