بارزانی: ڕیفراندۆمی هەرێم پرسێكە لەسەرووی هەموو پرس‌و كێشەیەكی ترە

کوردستان

24/08/2017‌ 646 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
مەسعود بارزانی رایگەیاند، ڕیفراندۆمی هەرێمی كوردستان پرسێكە لەسەرووی هەموو پرس‌و كێشەیەكی ترە.

مەسعود بارزانی راشیگەیاند، بەهۆی ئەزموونی بێهەژمار و پێشێلكردنی شەراكەت‌و تەوافوق‌و دەستوور گەلی كوردستان لەگەڵ بەغدادا گەیشتووەتە بنبەست و نائومێد بووەو بڕیاری ڕیفراندۆم بڕیارێكی ڕەوایەو لەگەڵ هیچ یەك لە پڕەنسیپە دیموكراتی‌و مرۆڤییەكانی سەردەم ناكۆك نییە.

مەسعود بارزانی جەختیشیكردەوە، كە بڕیاری ئەنجامدانی ریفراندۆم لە 25ـی 9ـی 2017 یەكلابووەتەوەو دواناخرێت.

ئەو قسانەی مەسعود بارزانی ڕۆژی پێنجشەممە 28ـی ئاب لەمیانی كۆبوونەوەیەكی بووە لەگەڵ پاتریك سیمۆن باڵیۆزی یەكێتی ئەوروپا لەعێراق‌و شاندێكی یاوەری، ئەوەش بەپێی راگەیەنراوی كۆبوونەوەكە.

هەر بەپێی راگەیەنراوەكە، لەو دیدارەدا پڕۆسەی سیاسی هەرێم‌و پرسی ڕیفراندۆم خرایە بەر باس‌و گفتگۆو باڵیۆزی یەكێتی ئەوروپا ڕایگەیاند "هاوسۆزە لەگەڵ ماف و داواكانی گەلی كوردستان و هەڵوێستی یەكێتی ئەوروپا پاڵپشتیكردنە لەبەردەوامبوونی دیالۆگی نێوان هەرێم و بەغدا"و باسیشی لە كۆمەڵێك بۆچوون كرد لەمەڕ چۆنییەتی مامەڵەكردن لەگەڵ پرسی ڕیفراندۆم و پشتیوانیی یەكێتی ئەوروپایشی دەربڕی لە هەر ڕێككەوتنێك، كە لەنێوان هەرێم و بەغدا بێتە ئاراوە و ڕایشیگەیاند "ئامادەی پێشكەشكردنی ئاسانكارییە لەو بارەیەوە".

هـ ـ ح

بەپەلە