بڕیارەكەی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركوك لەمیدیاكانی جیهان باس دەكرێت

کوردستان

29/08/2017‌ 1026 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئەو بڕیارەی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركوك دای بۆ بەشداری لەپرۆسەی راپرسی هەرێمی كوردستان لەمیدیاكانی جیهان بڵاوكرایەوە.

ئەنجوومەنی پارێزگای كەركوك ئەمڕۆ سێ‌ شەممە بڕیاری بەشداریكردنی لەپرۆسەی ریفراندۆمی هەرێمی كوردستاندا، كە لەمانگی نۆی داهاتوو ئەنجامدەدرێت.

لەو بارەوە هەردوو كەناڵی سكای نیوزو ئاڕتی لەدوو هەواڵی جیادا باسی بڕیارەكەیان كردووەو رایانگەیاندووە، ئەنجوومەنی پارێزگای كەركوك بەزۆرینەی دەنگ بڕیاریداوە بەشداری پرۆسەی ریفراندۆمی هەرێمی كوردستان بكات.

هەردوو كەناڵەكە راشیانگەیاندووە، كە ئەو بڕیارە بەبێ‌ رەزامەندی‌و رێككەوتن لەگەڵ پێكهاتەكانی عەرەب‌و توركمان بڕیارەكەیانداوە، كە ئەو دوو پێكهاتەیە لەو بڕیارە ناڕازین.

بڕیارەكەی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركوك لەكاتێكدایە، كە ئەو پارێزگایە لەچوارچێوەی مادەی 140 دەستووری عێراقەو بەناوچەیەكی كێشەلەسەر لەنێوان كوردو عەرەب‌و توركمان دادەنرێت.

هەروەها میدیاكانی توركیا، لەوانە ئاژانسی ئەنادۆڵ‌و دۆغان‌و چەند میدیایەكی تری ئەو وڵاتە بەجیا هەواڵیان لەسەر بڕیارەكەی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركوك كردووەو راشیانگەیاندووە، كە رەنگە بڕیارەكە كاردانەوەی لێبكەوێتەوە.

هـ ـ ح