وەزارەتی دەرەوەی ئێران وەڵامی لێدوانەكەی مەسعود بارزانی دایەوە

کوردستان

11/09/2017‌ 5527 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران وەڵامی لێدوانەكەی مەسعود بارزانی دایەوە و رایگەیاند وڵاتەکەی ئامادەی نێوەندگیریی كردنە لە نێوان هەولێر و بەغدا بە مەبەستی چارەسەركردنی كێشەكانی نێوانیان.

بەهرام قاسمی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران  لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا وەڵامی لێدوانێكی مەسعود بارزانی دایەوە كە پێشتر رایگەیاندبوو ''ئێران دەتوانێت نێوەندگیریی لە نێوان هەولێر و بەغدادا بکات''.

قاسمی رایگەیاند بە خۆشحاڵییەوە پێشوازیی لە داواکارییەکەی مەسعود بارزانی دەكەن وتی 'ئێمە لەگەڵ ئەوەداین  کۆبوونەوەکانی نێوان هەولێر و بەغدا کە پێشتر دەستیان پێکردبوو، دووبارە دەستپێبکەنەوە."

بەهرام قاسمی لە بارەی ئەنجامدانی راپرسی هەرێمەوە وتی بۆچوونی ئێران سەبارەت بە یەکپارچەیی خاکی عێراق نەگۆڕاوە و لەگەڵ یەكپارچەییداین.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێرا ئاماژەی بەوەكرد ''ئێران بە هۆی ئەو پەیوەندییە باشەی لەگەڵ کورد، حکوومەتی ناوەندیی عێراق پێكهاتەكانی تر هەیەتی، ئەوەی لە توانایدا هەبێت بە مەبەستی رێگرییکردن لەو قەیرانانەی کە مەترسیدار و رووخێنەرن ئەنجامی دەدات''.

لە چەند رۆژی رابردودا مەسعود بارزانی لە لێدوانێکدا بۆ بی بی سی فارسی، رایگەیاند''ئێران لە رێگەی ئەو کاریگەرییەی کە لەسەر حکوومەتی ناوەندیی عێراق هەیەتی، دەتوانێت ببێتە نێوەندگیر لە پێناو چارەسەرکردنی ئەو کیشانەی کە لەنێوان هەولێر و بەغدا هەیە''.

ر.ا