شارپرێس: محەمەد حاجی مەحمود سكرتێری حیزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان رایگەیاند، ئەمریكاو بەریتانیاو فەرەنساو نوێنەری یوئێن، پێشنیازیان كردووە، پرسی كوردو ئەنجامدانی ریفراندۆمی هەرێم بەرنە كۆبوونەوەكانی رێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكان. محەمەد حاجی مەحمود، كە كەسێكی نزیك لەمەسعود بارزانییە لەلێدوانێكی بۆ رۆژنامەی شەرقلئەوسەت راشیگەیاندووە، ئەو وڵاتانە دەیانەوێت بۆ دوو ساڵ پرسی ریفراندۆمی هەرێمی كوردستان بۆ سەربەخۆیی دوابخەن، ئەوەش لەرێگەی نەتەوەیەكگرتووەكان. ئەمە لەكاتێكدایە رۆژی پێنج شەممەی رابردوو نوێنەری ئەمریكاو فەرەنساو بەریتاو یوئێن، لەگەڵ مەسعود بارزانی كۆبوونەوەو وەك راگەیەنرا، كۆبوونەوەكە بۆ تاوتوێكردنی پرسی دواخستنی ریفراندۆم بووە، كە بڕیارە لە 25 ئەم مانگە ئەنجامبدرێت. سكرتێری حیزبی سۆسیالیست دیموكرات ئەوەشی راگەیاندووە، بارزانی سوورە لەئەسەر ئەنجامدانی ریفراندۆم، مەگەر لایەنی بەغدا گرەنتی تەواو لەبارەی كوردەوە بدات، ئەوەش بەئامادەبوونی لایەنی نێودەوڵەتی. ریفراندۆمی هەرێم، كە لە 25/9/2017 بەرێوەدەچێت كاردانەوەی جۆراوجۆری بەدواوە هاتووەو لایەنە ناوخۆییەكانی عێراقو وڵاتانی نێودەوڵەتیش لەگەڵ پرۆسەكە نینو داوای دواخستنی دەكەن. هـ ـ ح