یەكێتی داوادەكات "بەجدی" وەربگیرێت
سەركردایەتی سیاسی كورد تاوتوێی "بەدیلەكەی" وڵاتانی زلهێز بۆ دواخستنی ریفراندۆم دەكات

کوردستان

16/09/2017‌ 2065 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
سەركردایەتی سیاسی كورد تاوتوێی "بەدیلەكەی" وڵاتانی زلهێز بۆ پرسی دواخستنی ریفراندۆمی سەربەخۆیی دەكات‌و یەكێتی نیشتمانیش داوە دەكات، ئەو "بەدیلە بەجدی وەربگیرێت".

مەلا بەختیار كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان رایگەیاند، لەم یەك دوو رۆژەدا سەركردایەتی سیاسی كورد چەند كۆبوونەوەیەكی "گرنگ" ئەنجامدەدات، ئەوەش بۆ تاوتوێكردنی چەند پرسێك.

مەلا بەختیار ئەمڕۆ شەممە لەمیانی لێدوانێكی رۆژنامەوانی راشیگەیاند، كۆبوونەوەكان زیاتر بۆ تاوتوێكردنی ئەو "بەدیلە دەبێت وڵاتانی زلهێز خستوویانەتە بەردەم كورد بۆ دواخستنی ریفراندۆمی هەرێمی كوردستان".

كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتی داواشی كرد، كە سەركردایەتی سیاسی كورد، ئەو "بەدیلە بەجدی وەربگیرێت‌و بەوردیش تاوتوێی ئەنجامەكانی بكرێت‌و گرەنتیش بۆ جێبەجێكردنی وەربگیرێت".

رۆژی پێنج شەممەی رابردوو نوێنەرانی وڵاتانی ئەمریكاو بەریتانیاو فەرەنساو ئەڵمانیاو نەتەوەیەكگرتووەكان لەشاری دهۆك لەگەڵ مەسعود بارزانی كۆبوونەوە، كە لەكۆبوونەوەكەدا داوایان كرد هەرێمی كوردستان ریفراندۆم دوابخات‌و لەبەرانبەر ئەوەشدا "بەدیلێكیاندایە بارزانی، كە پێشتر بۆ دواخستنی ریفراندۆم داوای كردبوو".

مەلا بەختیار ئەوەشی راگەیاند، "وڵاتانی زلهێز بەنیازن لەئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بەدیلەكە پەسەندبكەن‌و بەغداش قبووڵی بكات، دوای ئەوەش كورد بڕیاری خۆی لەبارەوە دەدات".

مەلا بەختیار هیچ وردەكارییەكی لەبارەی ئەو "بەدیلە" نەخستەڕوو، بەڵام روونیكردەوە، "بەدیلەكە بۆ مانەوەی كوردە لەچوارچێوەی عێراق"و جەختیشیكردەوە، دەبێت پرۆژەیەكی گشتگیربێت، ئایندەی كورد لەناوچەكە مسۆگەربكات.

هـ ـ ح

بەپەلە