هەڕەشەكان بۆ سەر هەولێر زیاتربوون
كشانەوە یان مانەوەی پەرلەمانتاری كورد لەبەغدا پەیوەستە بەبڕیاری سەركردایەتی حیزبەكانی هەرێم

عیراق

17/09/2017‌ 1557 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
سەرباری ئاهەنگێڕانی هەوادارانی بەڵێ بۆ ریفراندۆم لەهەرێمی كوردستاندا، هاوكاتی پەسەندكردن‌و بڕیاردان لەسەر ریفراندۆم لەكاتی خۆیدا، بەڵام هەڕەشەو هەڵوێستە جیاوازەكان لەسەر ئەم پرسە لەلایەن كوتلە جیاجیاكانی پەرلەمان‌و هەندێك سرودخوێن‌و وتارخوێنی مزگەوتی شیعە مەزهەبەكان تێكڕا بارگرژی‌و توندبوونەوەیەكی بێوێنەی بەخۆوە بینیوە. 

بەپێی راپۆرتێكی دەنگی ئەمریكا هەر لەپرسی مەندەلییەوە تا لابردنی پارێزگاری كەركوك‌و كۆكردنەوەی واژوو بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك تێكڕا زەنگێكن، كە بەڕای چاودێران دەبێت زیاتر سەنگیان بخرێتەسەر.

زانا رۆستایی پەرلەمانتاری كورد لەئەنجوومەنی نوێنەرانی كورد "بەو كوتلانەی پەرلەمانی عێراق، كە بەئەندازەیەك میانڕەون پێمانوتن، كە ئەوە هەڵوێستێكی خراپبوو، پێویستە پاشگەزببنەوە."

زانا رۆستایی لەبارەی ئەگەری كشانەوە راشیگەیاند "كشانەوەو مانەوەمان لەبەغدا پەیوەستە بەبڕیاری سەركردایەتی حیزبەكانی هەرێمی كوردستان."

سەبارەت بەكۆمەڵێك هەڕەشەو هەڵوێستی توند بەرانبەر بەپرسی ریفراندۆم، زانا رۆستایی ئەوەی ئاشكراكردووە، "كۆمەڵێك وتاربێژی مزگەوتەكانی شیعە وتاری زۆر توندیان داوە بەرامبەر بە هەرێمی كوردستان."

هەروەها رایگەیاند "تەنانەت هەندێكیشیان ئەو سرودە ئاینیانەی، كە لەمەراسیمە شیعەكاندا بەكاردەهێنرێن، سرودی ئاینی وایان داناوە لەدژی كوردو هەرێمی كوردستان، ئەمە پەرەپێدانی گوتاری رق‌و كینەیە بەرانبەر پێكهاتەكان و نەتەوەكانی تر. "

ریفراندۆمی هەرێمی كوردستان لەرۆژی 25/9/2017 بەرێوەدەچێت، كە ئەمە كاردانەوەی لایەنی عێراقی‌و تەنانەت نێودەوڵەتیشی لێكەوتووەتەوەو كاردانەوەكانیش بەردەوامی هەیە.

هـ ـ ح