فەرمی.. یەپەگە لەسەر چوونی سوپای سوریا بۆ عفرین روونكردنەوە دەدات

کوردستان

19/02/2018‌ 2402 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بروسك حەسەكە، وتەبێژی یەكینەكانی پاراستنی گەل یەپەگە روونكردنەوەی لەسەر چوونی سوپای سوریا بۆ عفریندا.

بروسك حەسەكە لەبارەی ئەو هەواڵەی ئەمڕۆ دوو شەممە تەلەفزیۆنی فەرمی سوریا بڵاویكردەوە، كە گوایە لەچەند سەعاتی داهاتوو سوپای سوریا دەچنە ناو خاكی عفرین روونكردنەوەی داوە.

وتەبێژەكەی یەپەگە لەو بارەوە رایگەیاند، تائێستا لەگەڵ حكومەتی سوریا نەگەیشتوونەتە رێككەوتنی كۆتایی بۆ چوونی سوپای سوریا بۆ ناو عفرین‌و بڵاوبوونەوەیان لەسنوورەكان.

حەسەكە راشیگەیاندووە، كە لەگفتوگۆكان لەو بارەوە بەردەوامن، بەبێ‌ ئەوەی روونكردنەوەی زیاتر لەبارەی ناوەڕۆكی رێككەوتنەكەیان بدات.

ئەمە لەكاتێكدایە شەوی رابردوو راگەیەنرا، كە سوپای سوریاو یەپەگە رێككەوتوون بەچوونی سوپای ئەو وڵاتە بۆ ناو كانتۆنی عفرین ئەوەش بۆ رێگری لەهێرشی سوپای توركیا بۆ سەر كانتۆنی عفرین.

سوپای توركیا لە 20ی مانگی رابردووەوە دەستی بەئۆپەراسیۆنی سەر عفرین كردووەو ئۆپەراسیۆنەكەش بەردەوامی هەیە، كە یەپەگە بۆ رێگری لەهێرشەكان دەیەوێت رێككەوتن لەگەڵ حكومەتی سوریا بكات.

هـ ـ ح

بەپەلە