بەردەوامی رێوشوێنی ئەمنی.. ئەنبار بووەتە مۆڵگەیەكی گەورەی سەربازی

عیراق

04/08/2018‌ 625 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: نیقاش
ئەنبار كە گەورەترین پارێزگای عێراقە لەڕووی رووبەرەوە وردە وردە دەبێتە مۆڵگەیەكی سەربازی بەرفراوان، چونكە شەقامەكانی هێزی ئەمنی زۆر‌و ئەو بازگانەی لێ نابڕێت.

ساڵ‌و نیوێكە هێزە ئەمنییەكان چەند بازگەیەكی نوێیان لە دەروازەكانی هاتن‌و رۆیشتنی شارەكاندا لە سەرتاسەری پارێزگای ئەنبار (110 كم لە خۆرئاوای بەغدای پایتەخت) داناوە، ئەوەی ئەم بازگانە لەوانی دیكەی سەرتاسەری وڵات جیادەكاتەوە ئەوەیە لە چەند كاتێكی دیاریكراودا دەكرێنەوە‌و دادەخرێن لەچوارچێوەی ئەو یاسا‌و رێوشوێنانەدا كە فەرماندە ئەمنییەكان دایانناون، ئەمە جگە لە بڵاوبوونەوەی ئەمنی لە نێو شار‌و گەڕەك‌و قەزا‌و ناحییەكاندا كە بووەتە جێی سەرنج بەهۆی بەریەككەوتنی راستەوخۆی لەگەڵ ژیانی ئاسایی دانیشتووانی ناوچەكە.

ئەركی هێزە ئەمنییەكان لە پارێزگاكەدا لەنێوان چەند فەرماندەیی‌و هێزێكدا دابەشبووە كە بریتین لە فەرماندەیی ئۆپراسیۆنەكانی ئەنبار، فەرماندەیی ئۆپراسیۆنەكانی جەزیرە‌و بادیە‌و فەرماندەیی ئۆپراسیۆنەكانی خۆرهەڵاتی ئەنبار، ئەمە جگە لە فەرماندەیی پۆلیسی ئەنبار‌و هەردوو حەشدی شەعبی‌و عەشایری، هەموو ئەم هێزە ئەمنیانە بوونی خۆیان لەنێو شارەكان‌و رێگا سەرەكییەكانی نێوانیاندا چڕ كردووەتەوە، هەمووشیان میكانیزم‌و یاسای خۆیان هەیە‌و بە رێكوپێكی بەسەر دانیشتووانی ناوچەكەدا جێبەجێیان دەكەن.

بوونی چڕوپڕی هێزە ئەمنییەكان لەنێو شارەكاندا بەبیانووی پاراستنی دەستكەوتە ئەمنییەكان ژیانی رۆژانەی هاووڵاتیانی تێكداوە، بەتایبەتی كە ئێستا ژمارەیەكی زۆر لەو بازگانە دەبینین كە زۆربەیان نوێنەری هەموو هێزە ئەمنییەكان لەخۆدەگرن، ئەوەش وایكردووە ئەو بازگانە وەكو یەكەیەكی سەربازی گەورە وابن كە رێگا سەرەكی‌و لاوەكییەكانیان كردووەتە بارەگای خۆیان‌و لەڕێیەوە جموجوڵی هاتووان‌و رۆیشتووان رێكدەخەن.

ناسر عوبێد (39 ساڵ) دانیشتووی شاری رومادیە‌و بەم دواییانە دوكانێكی بچووكی وشكەفرۆشی لەناوەڕاستی شارەكەدا كردووەتەوە‌و وازی لە بارهەڵگرە كۆنتێنەرەكەی هێناوە كە تا كاتێكی نزیكیش باشترین سەرچاوەی بژێویی بوو كە بابەتی خواردەمەنی جۆراوجۆری لەنێوان عێراق‌و ئوردن‌و سوریادا بۆ هاوردەكار‌و هەناردەكاران پێ دەگواستەوە، بەڵام پێی باشبوو لەنزیك ماڵەكەی رایبگرێت نەك چەندین رۆژ‌و شەور لەو رێگایانەدا بەسەر ببات كە پڕن لە ڕێوشوێنی ئەمنی ئالًۆز.

عوبێد قسەی بۆ "نیقاش" كرد‌و وتی: "چیتر توانا‌و سەبری ئەوەم نەماوە بەرگەی ئەو رێوشوێنانە بگرم كە ئاستەنگ بۆ كاركردن لەو رێگایانەدا دروست دەكەن‌و كردوویاننەتە راڕەوی سەربازی‌و بۆ تێپەڕاندنیان پێویستمان بە ژمارەیەكی زۆر بەڵگەنامە‌و دۆكۆمێنت دەبێت، ئەوە جگە لەو كاتەی پێمان دەچێت تا دەگەینە شوێنی مەبەست كە هەندێك جار دەگاتە 10 رۆژی لەسەر یەك، بەتایبەتیش لە رێگا نێودەوڵەتییەكانی پارێزگای ئەنباردا".

ئەو بیرەوەرییەك دەگێڕێتەوە‌و دەڵێت: "لە یەكێك لە بنكەكانی ئەمریكا لە ناو عێراق كارم دەكرد كە هەندێك كەلوپەلمان بۆ دەبرد، لەو بنكانەدا خۆمان ئامادە دەكرد تا بەرگەی رێوشوێنەكانی پشكنین بگرین كە سەعاتێك یان دوو سەعاتی پێدەچوو ئیتر دوای ئەوە هەموو شتێك تەواو دەبوو، بەڵام ئەمڕۆ تۆ ناچاریت كاتێك كەلوپەلێك دەگوازیتەوە بەلانی كەمەوە بۆ ماوەی 10 رۆژ تەواو ئامادەبیت كە لە چاوەڕوانی‌و مانەوە لەسەر رێگای قیرتاوكرا‌و لە بازگەكان یاخود رۆیشتنی كیسەڵ ئاسادا بەسەری دەبەیت".

بەوپێیەی رەنگە رەوشی ئەمنی لە پارێزگای ئەنبار تایبەتمەندییەكی جیای لە پارێزگاكانی دیكە هەبێت بەهۆی ئەو بارودۆخەی پێیدا تێپەڕیوە‌و ئەو مەترسییەی دەورەی داوە، بۆیە دانیشتووانی ناوچەكە پێیان وایە رێوشوێنە ئەمنییەكان پێویستییەكی هەنووكەیین، بەڵام شێواز‌و میكانیزمەكانی جێبەجێكردنی ئەو رێوشوێنانە كە پارێزگاكە بەخۆوەی دەبینێت ئازادی ژیان‌و جموجوڵی ئاسایی تاكەكانیان بەرتەسك كردووەتەوە.

خەڵەف ئەبو زەید (59 ساڵ) دانیشتووی ناوچەی بەعلوان (10 كم لە خۆرئاوای شاری فەلوجە)  پێی باشە لە ناو گوندەكەیدا بمێنێتەوە‌و بەهیچ هۆكارێك بەجێی نەهێڵێت ئەویش بۆئەوەی خۆی بەدوور بگرێت لە بەریەككەوتن لەگەڵ ئەو هێزە ئەمنییانەی وەك خۆی دەڵێت رێگاكانیان تەنیوە.

ئەبو زەید قسەی بۆ "نیقاش" كرد‌و وتی: "لە ئەنباردا رێگای مەدەنیمان نییە، چونكە هەموو رێگا‌و رێڕەو‌و دەروازەكان سەربازین، دیمەنی تابلۆ ئەمنییەكان‌و بەربەستە كۆنكرێتییەكان‌و ئامێرەكانی پكشنین‌و سەگە پۆلیسییەكان لەلای ئەنبارییەكان بووەتە شتێكی باو، دەتوانیت لە كاتی هاتووچۆكردنت لە شارێكەوە بۆ شارێكی تر هەموو ئەوانە ببینیت، چونكە زیاتر لە 10 كیلۆمەتر نابڕیت بەبێ ئەوەی هەندێك لەو رێوشوێنانە یاخود هەموویان نەیەنەڕێت".

وتیشی: "شتێك نییە ناچارم بكات لە باخەكەم بچمە دەرەوە بەرەو رێگاكان‌و شارە پڕ لە تاسە‌و بازگە‌و بەربەستە سەربازییەكان كە وایان لێهاتووە داوای بەڵگەنامەكانی خۆمان‌و ژنەكانیشمان دەكەن هەركاتێك پێیاندا تێپەڕین، ئەمە جگە لە چاوەڕوانی چەند سەعاتێكی دوور‌ودرێژ تا یەك بازگە تێدەپەڕێنیت".

بەتێپەڕینی كاتیش زۆری ئەو جبەخانە‌و هێزانە بوونە میكانیزمێك كە تەنیا دانیشتووانی ناوچەكە بەدەستییەوە ناناڵێنن، بەڵكو كارەكە بۆ خودی هێزە ئەمنییەكانیش بێزاركەر‌و ماندووكەرە، چونكە مامەڵەكە وای لێهاتووە بووەتە رێوشوێنێكی رۆتینی رۆژانە‌و هەستی ئەمنی تێدا نییە، ئەویش بەگوێرەی قسەی هەندێك لە كارمەندانی هێزە ئەمنییەكان كە داوایان كرد نوێگەری‌و داهێنان بكرێت لەپێناو بەرزكردنەوەی ئاستی واقیعی ئەمنی.

ئەحمەد عەبدولحەمید ناوی خوازراوی ئەفسەرێكی سوپای عێراقە، ئەو دووپاتی دەكاتەوە كە چیتر ئەو رێوشوێنە چڕ‌وپڕ‌و ئاڵۆزانە پێویست نین‌و پارێزگاكە پێویستی بەو ئاڵۆزكردنە نییە، بەتایبەتی  كە دەبینین پارێزگای ئەنبار بووەتە مۆڵگەیەكی گەورەی سەربازی، چونكە لە هەموو شوێن‌و كاتێكدا جلوبەرگی سەربازی‌و چەك‌و ئۆتۆمبێلی سەربازی دەبینیت".

وتیشی: "رەنگە دیمەنێكی ئەرێنی بێت كە یەكێك لە ئەندامانی هێزە ئەمنییەكان ببینیت بەبێ چەك لە شەقامی نێو شارەكاندا بسوڕێتەوە، بەڵام ئەوە حاڵی هەر كارمەندێكی ئەمنییە كە بە ئازادی تەواو دەسوڕێتەوە كاتێك لە بنكەیەكی سەربازیدا دەبێت كە هێزە ئەمنییەكان بەردەوام دەیپارێزن، لە شارەكانیشدا هەروایە كە بوونەتە بنكەیەكی گەورەی سەربازی‌و سەربازان‌و كەسانی مەدەنی لەخۆدەگرن".

لیوای خانەنشین تارق یوسف عەسەل كە یەكێكە لە سەركردەكانی حەشدی عەشایری لە پارێزگای ئەنبار پێی وایە ئەو چڕوپڕییە ئەمنییە لە پارێزگاكەدا یارمەتیدەرە بۆ ئەو سەركەوتنانەی بەدیهاتوون‌و سەركەوتوو بووە لە تێكشكاندنی گرووپەكانی داعشدا، ئەو دەستكەوتانەش بۆ هێزە ئەمنییەكان هەژمار دەكرێن، بەڵام لەسەر حسابی ئاسوودەیی هاووڵاتیان‌و مافی ژیانیان لە ژینگەیەكی ئارام‌و ئاسوودەدا.

عەسەل بە "نیقاش"ی وت: "رەنگە چڕوپڕی ئەمنی پارێزگارییەكی رێژەیی فەراهەم بكات، بەڵام لەسەر حسابی هاووڵاتیانە‌و ناكرێت ئەوە تەنیا چارەسەر بێت، چونكە پێویستە هێزە ئەمنییەكان بە هەموو جومگەكانیانەوە كاری هەواڵگری چالاك بكەن‌و بڵاوبوونەوەی ئەمنی كەم بكەنەوە تا هاووڵاتی هەست بكات دەوڵەتی عێراق كار بۆ خزمەتكردن‌و پاراستنی دەكات، نەك بیخاتە نێو مۆڵگەیەكی سەربازی تەواو پارێزرا‌و بە بەربەست‌و تەل‌و دەروازەی دەستنیشانكراو كە ئازادی‌و جموجوڵی بەرتەسك دەكەنەوە".

هەروەها وتی: "بڵاوبوونەوەی هێزە ئەمنییەكان بەهەموو جۆرەكانیان‌و جلوبەرگی رەسمیان‌و تەواوی چەك‌و كەلوپەلیانەوە حاڵەتێك لە نیگەرانی لەلای دانیشتووانی ناوچەكە دروست دەكات، ئاماژەشە بۆئەوەی هێشتا مەترسی لەسەر پارێزگاكە ماوە، لێرەشدا پێویستە ئاگاداری ئەوەبین ئاسایش‌و ئارامی بێتەدی بەبێ ترس‌و تۆقاندن ئەویش لەڕێی كاراكردنی رۆڵی دەزگا ئەمنییەكان بە هەموو جومگەكانیانەوە، بەمەرجێك مافی دانیشتووانی ناوچەكە لە ژیانێكی مەدەنیانەی ئارام‌و دلًنیا زەوت نەكرێت".