رەوشی ئەنبار لەلێواری داڕماندایە
شارێكی بێ‌ خاوەنەو باری ئەمنی رووی لەئاڵۆزییە

sharpress.net

823 جار خوێندراوه‌ته‌وه

23/12/2018‌

شارپرێس: نیقاش
ناكرێت ئەمڕۆ باسی یەك فەرماندەیی ناوەندی بكرێت ئەركی دۆسێی ئەمنی لە پارێزگای ئەنبار بگرێتە دەست، چونكە پێنج فەرماندەیی ئەمنی هەن ئەركەكانیان بێ هەماهەنگی ئەنجام دەدەن.

ماوەیەكی زۆر نییە‌و بەدیاریكراویش لە كۆتایی ساڵی 2013دا پێش ئەوەی گرووپەكانی داعش پارێزگای ئەنبار (110 كم لە خۆرئاوای بەغدای پایتەخت) كۆنترۆڵ بكەن، یەكێك بوو لەو پارێزگا گەرمانەی بەهۆی بوونی گرووپە چەكدارەكانەوە لە مەترسیدارترین ناوچەكان لەڕووی ئەمنییەوە پۆلین دەكرا ، چونكە دیمەنی تەقینەوە‌و تیرۆركردن ببوونە شتێكی نیمچە ئاسایی‌و رۆژانە.

بەڵام دوای ئەوەی هێزە ئەمنییەكان لە كۆتایی ساڵی 2017دا توانیان گرووپە تیرۆریستییەكان دەربكەن، دیمەنەكە زۆر جیاواز بوو، شارەكانی پارێزگای ئەنبار سەقامگیرییەكی ئەمنییان پەیداكرد كە ناكرێت بە ڕێژەیی وەسف بكرێت، چونكە ئامارە ئەمنی‌و میدیاییەكان لە ماوەی ساڵ‌و نیوی رابردوودا پێشێلكاری ئەمنی ئەوتۆی هاوشێوەی ئەوانەی پێشوویان تۆمار نەكردووە.

رەنگە هۆكارە راستەقینەكانی پشت جیاوازی نێوان ئەم دوو دیمەنە، بوونی ئەنبار بێت بە بنكەیەكی سەربازی بەهۆی ئەو رێوشوێنە ئەمنییە ئاڵۆزانەی ئازادی هاووڵاتیان‌و جموجوڵیان زەوت كردووە، لە بەرامبەر ئەمەشدا "ژیانێكی ئارامیان لە نێو سەربازگەیەكی گەورەدا یان زیندانێكی گەورەدا بۆ دابین كردوون" وەكو لیوا تارق یوسف عەسەل یاریدەدەری فەرماندەی حەشدی شەعبی لە ئەنبار وەسفیان دەكات.

عەسەل لەوبارەیەوە بە "نیقاش"ی وت: "ئەنبار زۆر ئارامە‌و پێویستە تا ئەم ڕادەیە ئارام بێت، بەڵام ئەوە بەهۆی هەماهەنگی بەرزەوە نییە، بەڵكو بەهۆی هێزی ئەمنی لەڕادە بەدەرەوەیە كە پارێزگاكەیان كردووەتە سەربازگەیەكی گەورە، سەپاندنی ئاسایش لەڕێی هێزەوە ئاسایشێكی ساختەیە، تەنیا لەناو شارەكاندا دەسەڵاتمان هەیە، بەڵام بیابان زۆنێكی ئارامە بۆ گرووپە چەكدارەكان".

عەسەل دووپاتیشی دەكاتەوە كە "هەموو ئەو فەرماندەییە ئەمنییانەی لە پارێزگای ئەنبار كاردەكەن هەماهەنگی لەنێوانیاندا نییە‌و بەئاشكراش بێ ناوەندێتی بە ئیدارەی ئەو فەرماندەییانەوە دیارە كە هەر یەكێكیان پێی وایە خۆی بەهێزترینە‌و خاوەنی دەسەڵات‌و بڕیاردانە لەو ناوچەیەی تێیدایە".

پێنج فەرماندەیی ئەمنی ئەركی دۆسێی ئەمنی پارێزگای ئەنباریان گرتووەتە دەست كە بریتین لە: فەرماندەیی ئۆپراسیۆنەكانی ئەنبار، فەرماندەیی ئۆپراسیۆنەكانی جزیرە‌و بادیە، فەرماندەیی ئۆپراسیۆنەكانی خۆرهەڵاتی ئەنبار، فەرماندەیی پۆلیس‌و دوایەمینیشیان فەرماندەیی هێزەكانی سنوورە، ئەمە جگە لە بەڕێوەبەرایەتییەكانی ئاسایشی نیشتمانی‌و هەواڵگری.

جگە لەوانەش فەرماندەیی هێزەكانی حەشدی شەعبی‌و هێزەكانی حەشدی عەشایری هەیە كە بەمدواییانە بۆ  پشتیوانی هێزە ئەمنییەكان لە جەنگی دژ بە گرووپەكانی داعش‌و گرتنەدەستی ناوچەكان لەدوای ئۆپراسیۆنەكانی ئازادی، پێكهێنران. ئەمە جگە لە بوونی هێزەكانی ئەمریكا لە هەردوو بنكەی حەبانییە (90 كم لە خۆرئاوای بەغدای پایتەخت)‌و بنكەی عەینولئەسەد لە شارۆچكەی بەغدادی (110 كم لە خۆرئاوای بنكەی حەبانییە).

بەگوێرەی ئەم پێدراوانە بەرپرسیارێتی ئەمنی پارێزگای ئەنبار كە رووبەرەكەی سێیەكی رووبەری عێراق پێكدەهێنێت، بووەتە فرەلایەن‌و ناكرێت باسی یەك فەرماندەی ئەمنی یاخود فەرماندەییەك بكەین تەنانەت ئەگەر پارێزگاری ئەنباریش بێت كە بەرزترین دەسەڵاتی ئەمنی هەیە بەپێی ئەو دەسەڵاتانەی دەستووری عێراق پێی بەخشیوە.

عەلی فەرحان پارێزگاری ئەنبار بە "نیقاش"ی وت: "پارێزگای ئەنبار دەسەڵاتی بڕیاری ئەمنی نییە تا نووسراوی رەسمی ئاڕاستەی فەرماندەیی گشتی هێزە چەكدارەكان نەكات، پاشان بەپێی رێككەوتن‌و رەزامەندی پێشوەخت كاردەكرێت لەسەر بنەمای ئەو نووسراو‌و پێشنیارانە".

رۆڵی هێزە عێراقییەكان بە جیاوازی پێكهاتەكانیانەوە تەنیا لە پاراستنی شارەكان‌و پارێزگاریكردن لەو دەستكەوتە ئەمنیانەی بەدیهاتوون، چڕ دەبێتەوە، هەرچی رۆڵی هێزەكانی سنووریشە ئەوا بریتیە لە چاودێریكردن‌و رێگرتنە لە دزەكردووان لەگەڵ چەند چالاكییەك كە رەنگە چالاكی ئاسایی بن لە بیابانی ئەنباردا كە بەشی هەرە زۆری كۆی رووبەری پارێزگاكە پێكدەهێنێت.

یەكێك لە ئەفسەرانی فەرماندەیی ئۆپراسیۆنەكانی ئەنبار، كە پێی باشبوو بە ناوی خوازراوی عەمید ئەمجەد حامید قسە بۆ "نیقاش" بكات، وتی: "كاركردن لەنێو ئەم بێ سەروبەرەییە ئەمنییەدا نیشانەی كارەساتێكە كە رەنگە بمانگەڕێنێتەوە بۆ دواوە، ئەگەر ئەم فەرماندەییانە یەكنەگرن‌و هاوبەش نەبن لە ئامانج‌و پلانەكانیاندا لەژێر سایەی یەك فەرماندەییدا كە بەرپرسی یەكەم‌و كۆتایی بێت لە دۆسێی ئەمنی".

هێزەكانی ئەمریكاش كە بەپێی چەند سەرچاوەیەكی ئەمنی ژمارەیان گەیشتووەتە زیاتر لە نۆ هەزار سەرباز لە پارێزگای ئەنبار، هێشتا رۆڵیان لە دۆسێی ئەمنی پارێزگاكەدا هەیە، بەڵام ئەم رۆڵە لەسەر زەوی دەرناكەوێت لە كاتە سەختەكاندا نەبێت.

ئەو هێزانە ئێستا چوار بارەگای سەربازییان هەیە، دووانیان لەسەر رێگای خێرای نێودەوڵەتین لەنزیك قەزای روتبە (450 كم لە خۆرئاوای بەغدای پایتەخت)‌و یەكێكیان لە كارگەی فۆسفاتە لە نزیك قەزای قائیم (350 كم لە خۆرئاوای بەغدای پایتەخت)‌و چوارەمیشیان لەسەر سنووری نێوان سوریا‌و عێراقە، ئەم هێزانەش بەجیا لە هێزە عێراقییەكان كاردەكەن هەرچەندە پێشتر بەشدارییان لە ئازادكردنی شارەكە لە دەستی داعش كردووە.

قسەكردن لەبارەی هەماهەنگی هاوبەش بەزۆری لە هەلومەرجی دیاریكراودا روودەدات، بۆ نموونە كاتێك هێزەكانی ئەمریكا رایانگەیاند بنكەیەكی نوێ بۆ خۆیان لە ناوچەی رومانەی باكووری خۆرئاوای قائیمی هاوسنووری سوریا دروست دەكەن، فەرماندە ئەمنییەكان دەستیانكرد بە راگەیاندنی رەتكردنەوەی ئەو پرسە لەڕێی كەناڵەكانی راگەیاندن‌و دەیانوت بارودۆخ باشە‌و هەموو شتێك لەژێر كۆنترۆڵدایە.

ئەنجومەنی پارێزگای ئەنباریش ئەو دەسەڵاتەی نییە رێگای دروستكردنی بارەگا یان دامەزراندنی بنكەی سەربازی لە هێزەكانی هاوپەیمانان بگرێت، چونكە ئەوە لە دەسەڵاتی حكومەتی فیدراڵیدایە، بەڵام بە بەیاننامەیەكی رەسمی رایگەیاند كە دروستكردنی بنكەی سەربازی لە پارێزگاكە رەتدەكاتەوە بەبێ ئەوەی بەڕەسمی ئاگاداریان بكاتەوە.

عەبدولكەریم خزەیر كە ئەفسەرێكی خانەنشینە‌و دانیشتووی شاری فەلوجەیە بە "نیقاش"ی وت: "رەوشی ئەمنی ئەگەرچی ئاماژەیە بۆ ئەوەی باش‌و سەقامگیرە، بەڵام لە لێواری داڕماندایە‌و نەبوونی هەماهەنگی‌و نەبوونی ناوەندێتی بۆ ئەم فەرماندەییانە ژمارەیەك كەلێنی ئەمنی دروست كردووە، كە دەكرێت گرووپە چەكدارەكان بیانقۆزنەوە‌و سەرلەنوێ خۆیان رێكبخەنەوە بەلانی كەمەوە لەو شوێنانەی دەسەڵاتی ئەو فەرماندەییانەیان تێدا بەریەك دەكەون".

وتیشی: "پێویستە هێزە ئەمنییەكان بە پێكهاتە جیاجیاكانیانەوە بۆشاییە ئەمنییەكان پڕبكەنەوە لەو خاڵانەی لەگەڵ فەرماندەییەكانی دیكە بەیەك دەگەن، ئەویش بۆئەوەی دەرفەت لەدەستی هەر كەسێك بدەن كە بیەوێت دەرچەیەك لەو بۆشاییانەوە بكاتەوە، بەتایبەتیش فەرماندەیی ئۆپراسیۆنەكانی جزیرە‌و بادیە كە كۆنترۆڵی بەشێكی گرنگی رووبەری پارێزگاكەی كردووە".






ads

زۆرترین خوێندراوە

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
ads
ads

ads
ads
Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 Shar Press. all rights reserved