لەپەرلەمانەوە بۆ پارێزگاكان
شیعە شەڕی گۆڕینی حكومەتە خۆجێییەكان دەكەن

عیراق

29/12/2018‌ 999 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: نیقاش
ململانێی نێوان حیزبە عێراقییەكان لەتەلاری پەرلەمانەوە گواستراوەتەوە بۆ ئەنجومەنی پارێزگاكان، چەند هەوڵێك بۆ گۆڕینی ئەندامانی حكومەتە خۆجێییەكانی باشوور‌و ناوەڕاستی وڵات لەئارادان.

كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن شكستی هێنا لەئەنجامدانی هەڵبژاردنی خۆجێیی لە وادەی بڕیارلێدراوی خۆیدا كە شەممەی رابردوو بوو، ئەمەش ململانێیەكی‌ دیكەی‌ دروستكرد.

هەفتەی رابردوو ئەنجومەنی پارێزگای بەغدا چەند رووداوێكی دراماتیكی بەخۆوە بینی، ئەنجومەن فازڵ شوێلی ئەندامی هاوپەیمانی "سائیرون"ی بە پارێزگاری بەغدا هەڵبژارد لەجێی پارێزگاری پێشوو عەتوان عەتوانی ئەندامی "هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا"، بەڵام هەر خودی ئەنجومەنەكە شەممەی رابردوو هەڵبژاردنێكی دیكەی ئەنجامدا‌و فەلاح جەزائیری بە پارێزگاری بەغدا هەڵبژارد ئەویش لەململانێیەكی نوێی نێوان هەردوو فراكسیۆنی "چاكسازی‌و ئاوەدانكردنەوە" كە موقتەدا سەدر پشتیوانی دەكات‌و "بنیاتنان" كە هادی عامری پشتیوانی دەكات، بەڵام سەرۆك كۆمار پەسەندكردنی هەڵبژاردنی هیچكام لە پارێزگارەكانی رەتكردەوە‌و بڕیاری دا ئەو پرسە رەوانەی دادگا بكات بۆ یەكلاكردنەوەی.

لە بەسرەش، هەفتەی رابردوو ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگا لە هاوپەیمانی "چاكسازی‌و ئاوەدانكردنەوە" كۆبوونەوە بۆ لابردنی ئەسعەد عیدانی پارێزگار، بەڵام ئەنجومەنەكە شكستی هێنا لەو كارەدا دوای بەرپابوونی خۆپیشاندان لە بەردەم بینای پارێزگادا، هاوكات ئەنجومەنی پارێزگای نەجەف لوئەی یاسری پارێزگاری لەسەر كار لابرد‌و پێدەچێت هەڵمەتێكی لەسەركارلابردنی دیكەش بەڕێوەبێت.

كێشەكە لەوەدایە كە وڵاتەكە لەساڵی 2013وە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی بەخۆوە نەبینیوە، كە بەپێی دەستوور دەبووایە هەڵبژاردن لە ساڵی 2017دا بەڕێوەبچووایە، بەڵام سەرقاڵبوونی وڵات بە جەنگی دژ بە رێكخراوی "داعش" حكومەتی ناچار كرد دوای بخات تا لەگەڵ ئەو هەڵبژاردنەی پەرلەماندا ئەنجام بدرێت كە لە ئایاری رابردوودا بەڕێوەچوو، بەڵام كۆمسیۆنی هەڵبژاردن شكستی هێنا لە ئەنجامدانی لەگەڵ هەڵبژاردنی پەرلەماندا، حكومەتی پێشووش 22ی كانوونی یەكەمی 2018 واتە شەممەی رابردووی وەك وادەیەك بۆ  ئەنجامدانی دیاریكرد، بەڵام كۆمسیۆن بۆ جاری دووەم شكستی هێنا لە ئەنجامدانی.

هەفتەی رابردوو حكومەت بەسەرۆكایەتی عادل عەبدولمەهدی بڕیاری دا سەرلەنوێ ئەو هەڵبژاردنە دوا بخات، بەڵام وادەیەكی نوێی بۆ ئەنجامدانی دیاری نەكرد، هاوكات كۆمسیۆنی هەڵبژاردنیش رایگەیاند ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە ساڵی داهاتوودا قورسە لەبەر هۆكاری تەكنیكی‌و یاسای‌و هەروەها سیاسی.

حازم ردێنی ئەندامی ئەنجومەنی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن بە "نیقاش"ی وت: "نەمانتوانی هەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا ئەنجام بدەین كە هەفتەی رابردوو بوو، هەروەها ناشتوانین لە شەش مانگی داهاتوودا ئەنجامی بدەین لەبەر چەند هۆكارێكی تەكنیكی‌و یاسایی".

ردێنی روونیشی كردەوە "راوەستانی كاری كۆمسیۆن بۆ ماوەی چوار مانگ لەدوای هەڵبژاردنی پەرلەمان لە ئایاری رابردوو بەهۆی ئەو مشتومڕەی دروستبوو سەبارەت بە بێگەردی كۆمسیۆن‌و تانەكان‌و دووبارە ژماردن‌و جیاكردنەوەی دەنگی دەنگدەران لەلایەن دەستەی دادوەرییەوە، كاریگەری لەسەر كاری كۆمسیۆن هەبوو".

دەشڵێت: "كۆمسیۆن‌و لیژنەی یاسایی لە پەرلەمان گفتوگۆ لەبارەی هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان دەكەن، ئەمەش هەندێك كاتی دەوێت".

بەڵام بەردەوامبوونی كاری ئەنجومەنی پارێزگاكانی ئێستا بەبێ ئەنجامدانی هەڵبژاردن نیگەرانی حزبەكانی لە پەرلەمان لێكەوتووەتەوە‌و بڕیاریان داوە میوانداری كۆمسیۆنی هەڵبژاردن بكەن بۆ تاووتوێكردنی ئەو پرسە‌و بڕیاردان لە یەكلاكردنەوەی چارەنووسی ئەنجومەنی پارێزگاكان كە بەپێی دەستوور بوونەتە نا شەرعی.

پەرلەمانتار رامی سەكینی لە هاوپەیمانی "سائیرون"  لەو بارەیەوە بە "نیقاش"ی وت: "حكومەت‌و كۆمسیۆن شڵەژاون لە پرسی دیاریكردنی وادەی هەڵبژاردنی خۆجێییدا، ئێمە مانەوەی ئەنجومەنی پارێزگاكان رەتدەكەینەوە، چەند پێشنیارێكیش لەئارادان بۆ درێژكردنەوەی وادەی كاركردنیان بۆ تەنیا شەش مانگ یاخود هەڵوەشاندنەوەیان‌و سەرپەرشتیكردنی كاری ئەنجومەنەكان لەلایەن پەرلەمانەوە تا ئەنجامدانی هەڵبژاردن".

شكستی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان حزبە شیعەكانی هانداوە بە هێز بیانگۆڕن لەڕێی چەند هاوپەیمانییەكی نوێوە بۆ لەسەركارلابردنی پارێزگارەكان‌و گۆڕینیان بە كەسانی دیكە كە سەر بە حزبە سەركەوتووە نوێیەكان بن.

لە دوایین هەڵبژاردندا كە ساڵی 2013 پارێزگاكان بەخۆیانەوە بینی، حزبی "دەعوە"‌و "هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا" كە هەردووكیان بە رێبەرایەتی نوری مالكی بوون، بەهێزترین لایەن بوو لەسەر گۆڕەپانی سیاسی‌و پلەی یەكەمی لە هەڵبژاردندا بەدەستهێنا، بەڵام مالكی لە دوایین هەڵبژاردنی پەرلەماندا كە لە ئایاری رابردوو بەڕێوەچوو، زۆر شتی لەدەست دا‌و تەنیا (25) كورسی لە پەرلەمان بەدەستهێنا كە پێشتر لەساڵی 2013دا خاوەنی (91) كورسی بوو.

ئێستا ئەنجومەنی پارێزگاكان رەنگدانەوەی ئەو واقیعە سیاسییە نوێیە نیە كە لەدوای هەڵبژاردنی پەرلەمانەوە هاتووەتە ئاراوە‌و هاوپەیمانی "سائیرون"ی بەرێبەرایەتی موقتەدا سەدر خستووەتە پلەی یەكەم، لەكاتێكدا "هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا" لە پلەی چوارەمدا دێت، بەهۆی قورسی ئەنجامدانی هەڵبژاردنیش كوتلە سەركەوتووەكان هیچیان لەبەردەمدا نەماوە پەنابردن بۆ گۆڕینی ئەو واقیعە نەبێت لەڕێی لەسەركارلابردنەوە.

ناكۆكیش لەنێوان دوو گەورەترین فراكسیۆنی پەرلەمان "چاكسازی‌و ئاوەدانكردنەوە"‌و "بنیاتنان" سەبارەت بە تەواوكردنی پێیكهاتەی حكومەت گواستراوەتەوە بۆ ئەنجومەنی پاریًزگاكان.

رۆژی 12ی ئەم مانگەش ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای بەغدا لە هەردوو كوتلەی "سائیرون"‌و "حیكمە" كە هەردووكیان ئەندامی هاوپەیمانی "چاكسازی‌و ئاوەدانكردنەوە"ن توانیان پارێزگارێكی نوێ لە رەوتی سەدر هەڵبژێرن كە ئەویش فازڵ شوێلی بوو لەبری عەتوان عەتوانی پارێزگار كە لە "هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا"بوو، بەڵام ئەندامانی دیكەی ئەنجومەن لە "هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا"‌و هاوپەیمانەكانی بڕیاریان دا هەڵبژاردنی شوێلی هەڵبوەشێننەوە‌و پارێزگارێكی نوێیان لە خۆیان هەڵبژارد كە ئەویش فەلاح جەزائیرییە.

دوای یەك رۆژیش هەمان ئەو كوتلانە هەوڵیان دا ئەسعەد عیدانی پارێزگاری بەسرە بگۆڕن، بەڵام كۆبوونەوەی خۆپیشاندەران لەبەردەم بینای پارێزگا‌و دواتریش دروستبوونی ئاژاوە‌و هاتنەناوەوەی هێزە ئەمنییەكان بوونە رێگر لە هەڵبژاردنی پارێزگاری نوێ، لە 19ی ئەم مانگەشدا ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای نەجەف لە رەوتی"حیكمە"‌و كوتلەی "وەفا" كە هەردووكیان ئەندامن لە هاوپەیمانی "چاكسازی و ئاوەدانكردنەوە" لوئەی یاسری پارێزگاریان لەسەركار لابرد.

بەڵام بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق پەسەندكردنی هەڵبژاردنی هیچكام لەو پارێزگارانەی بەغدای رەتكردەوە‌و داوای لە ئەنجومەنی پارێزگا كرد پەنا بۆ دادگا ببات بۆ یەكلاكردنەوەی ئەو پرسە بەر لە دەركردنی مەرسومی كۆماری تایبەت بە دانانی پارێزگاری نوێ.

لەگەڵ بەردەوامبوونی قەیرانی تەواوكردنی حكومەتی فیدراڵیش كە تائێستا سێ وەزارەتی گرنگی تەواونەكراوە كە ئەوانیش ناوخۆ‌و بەرگری‌و دادن، قەیرانی پارێزگاكانیشی هاتە سەر كە ئەوەش ئاڵۆزی نوێ بۆ دیمەنی سیاسی زیاد دەكات، ئەمەش لەكاتێدایە كە عێراقییەكان بە نیگەرانییەوە لە بڕیارەكەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا بۆ كشانەوە لە سوریا‌و لێكەوتەكانی ئەو بڕیارە لەسەر عێراق دەڕوانن.