فەرماندەیەكی هەسەدە بۆ شارپرێس: پێدەچێت كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە سوریا دوا بكەوێت

کوردستان

01/01/2019‌ 1346 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ژمارەیەك لە فەرماندەو سەربازانی هێزەكانی ئەمریكا لە رۆژهەڵاتی رووباری فورات سەردانی شارۆچكەی منبج دەكەن و لەگەڵ خەڵكی شارەكە بارودۆخی ئەمنی تاوتوێ دەكەن.

شەڕڤان دەروێش فەرماندەی ئەنجومەنی سەربازی منبج بە شارپرێسی راگەیاند، تائێستا هیچ گۆڕانكارییەك لە ژمارەی هێزەكانی ئەمریكاو گۆڕانی شوێنەكانیان لە رۆژهەڵاتی رووباری فورات بە تایبەت لە منبج رووینەداوەو ئەركە هاوبەشەكان بەیەكەوە  ئەنجام دەدەین.

دەروێش ئاماژەی بەوەشكرد، ئەگەر ئەمریكا هێزەكانی لەسوریا بكشێنێتەوە ئەوا چەند مانگێكی پێدەچێت و پێشبینیشی كرد ئەگەر هێزەكانی ئەمریكا بكشێنەوە ئەوا منبج دواین شوێن دەبێت كە هێزەكانی ئەمریكا تێیدا دەكشێتەوە.

 فەرماندەی ئەنجومەنی سەربازی منبج رونیشیكردەوە، لەیەكەم رۆژی سەری ساڵدا ژمارەیەك لە ئەفسەرو سەربازانی هێزەكانی  ئەمریكا سەردانی ناو شارچكەی منبجیان كردوە بەمەبەستی دڵنیاكردنەوەی خەڵكی شارەكە لە پاراستنیان و ئارامی منبج.

سەبارەت بە هێرشی سوپای توركیا بۆسەر رۆژهەڵاتی رووباری فورات شەڕڤان دەروێش كە هاوكات یەكێكە لە فەرماندەكانی هەسەدە باسی لەوەكرد، سوپای توركیاو گروپە چەكدارەكانی دیكەی سەر بەو وڵاتە چەند جارێك هێرشیان كردوەتە  سەر سەنگەرەكانی شەڕڤانان و ئەوانیش وەڵامیان داونەتەوە، بەڵام بەوتەی خۆی تائێستا ئەو هێزانە لە شوێنەكانی خۆیان جێگیرن و رێگەیان پێنەدراوە بچنە پێشەوە.

لەدوای بڕیارەكەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا بۆ كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە سوریا، سوپای توركیاو گروپە چەكدارەكانی سەر بەو وڵاتە بەرەو ناوچەكانی رۆژهەڵاتی رووباری فورات جوڵەیان پێكراو بەمەبەستی هێرشكردنە سەر هێزەكانی هەسەدە لە رۆژهەڵاتی رووباری فورات.
ه.س