ئەمریكا ئێران بەبراوەی یەكەمی دوای رووخانی رژێمی سەدام حوسێن دەزانێت

عیراق

21/01/2019‌ 1536 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس/ وەرگێڕان: حلمی رەسول رەزا
توێژ‌ینەوەیەكی سوپای ئەمەریكا، كە بۆ ماوەی چەند ساڵ بەردەوام بوو، كورتەی ئەنجامەكەی ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، كە ئێران بوێرترو فراوانخوازی تر هەروەك ئەوەی سەركەوتووی یەكەم بێت دەردەكەوێت، لەپاش داگیركردنی عێراق لەساڵی 2003و رووخانی رژێمی سەدام حوسێن لەو ساڵە.

لەم دواییەدا سوپای ئەمەریكا كۆتایی بەتوێژینەوەكە هێناوەو لە 1300 لاپەرە پێكهاتووەو لە ساڵی 2013 ەوە دەست بەنووسینی كراوە، ئەمەش لەسەر داواكاریی سەرۆكی ئەركانی ئەوكاتی سوپا –ریموند توماس ئۆدیرنۆ-، بەڵام دەرچوونەكەی زۆر دواكەوت تاكو سەردەمی جەنراڵی ئێستا –مارك میلی-. 

توێژینەوەكە بریار وابوو لە ساڵی 2016 دەربچێ، بەڵام هەندێك كەس پاساویان بۆ ئەم دواخستنە هێنایەوە لەترسی بڵاوكردنەوەی – شۆرینەوەی پیس- سەبارەت بەو بڕیارانەی لەلایەن هەندێكك سەركردەكانەوە لە ماوەی ململانێكەدا هەبون، ئەمەش بەگوێرەی ماڵپەڕی – ئارمی تایمز-.

توێژینەوەكە زیاتر لە هەزار بەڵگەنامەی لەخۆگرتووە، كە بە شێوەی نهێنی بەرزكراوەتەوە‌و باس لە داگیركردنی عێراق دەكات‌و تێیدا باسی رژێمی عێراق رووخاو كشانوەی هێزەكانی ئەمەریكا لەعێراق‌و رێكخراوی داعش‌و كاریگەری هەردو وڵاتی سوریاو ئێران كراوە.

نووسەرانی توێژینەوەكە - جۆ ریبورن – و – فرانك سوبتشاك- ، كە هەردووكیان خانەنشینن و پلەی عەقیدیان هەیە دەڵێن: لەكاتی تەواوبوونی ئەو پرۆژەیەدا لە ساڵی 2018، پێدەچێت ئێران بوێرترو فراوانخواز تر بوبێت و سەركەوتوی یەكەم بێت.

كشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق لە كۆتایی ساڵی 2011 لە پاش 9 ساڵ داگیركاری بەسەرۆكایەتی ویلایەتە یەكگرتووەكان لە 2033ەوە وای كرد رووبەرێكی فراوان بكەوێتە ژێر دەسەڵاتی رێكخراوی داعش و ئەمەش وای كرد ئەمەریكا جارێكی تر دەست تێوەردان بكاتەوە.

نووسەرەكان ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن گەلی ئەمەریكا تووشی تێگەیشتنێكی ناروون بووەوە بەهۆی ئەو زیانانەی لە ئەنجامی جەنگی عێراقەوە تووشی ئەمەریكا هاتن و نیشانەی دروستكرد لەپەیوەندی نێوان سیاسەت و سوپا، بەم شێوەیەش گوزارشتیان كردووە، بەوەی جەنگی عێراق نەریتی سیاسەتی درێژ خایەنی سەبارەت بەجەنگی خۆپارێزی تێك شكاند.

هەردوو نووسەر ئەوە دووپاتدەكەنەوە، هەموو كاتێك تەكنەلۆجیا قەرەبووی كەمبوونی هێزە كاركەران ناگرێتەوە و پێیانوایە جەنگی عێراق تا رادەیەكی زۆر سەركەوتو نەبووە، لەبەر چەند هۆكارێك، كە گرنگترینیان نەبوونی تێگەیشتنی كاری ناوخۆیی سیاسەتەكانی عێراق‌و ململانێی گروپە چەكدارەكان، ئەم بابەتە بووە هۆكاری دروست بونی كێشەكان.

ماڵپەرەكە چەند هۆكاریكی ئەو سەرنەكەوتنەی ئەمەریكای لە تویژینەوەكەوە وەرگرتوە بەم شێوەیە:
پێویست بوون بە هیزی زیاتر: سەركردایەتی سوپای ئەمەریكا لە ماوەی جەنگدا هیزی پێویستی لەبەر دەست نەبو بۆ زاڵ بون بەسەر هەڵگەرانەوەی سونەكان و ئەو میلشیا شیعانەی ئیران پاڵپشتی دەكردن

شكستهێنانی لەبەرپێگرتنی سوریا و ئێران: ئەو دوو وڵاتە بونە شوێنێكی ئارام و هاوكار بۆ چەكدارەكانی سونەو شیعە، ئەمەریكاش ستراتیژیەتێكی كاریگەری نەبو بۆ وەستانی ئەم دۆخە.

جەنگی هاوپەیمانان سەركەوتو نەبو: بلاوكردنەوەی هێزی هاوپەیمانان نرخێكی سیاسی هەبو، بەلام تا رادەیەكی زۆر سەركەوتو نەبو، چونكە وڵاتە هاوپەیمانەكان هێزی پێویستیان نەنارد و سنوری ئۆپەراسیۆنەكانیان سنوردار بو.

شكست لە راهێنانی هێزە عێراقیەكان: هەوڵی ئەمەریكا لە راهێنان و پرچەككردنی هێزە عێراقیەكان لاواز بو بە درێژایی ماوەی جەنگەكە.

دیموكراتیەت سەقامگیری پێوست بەدەست ناهێنێ: سەركردە ئەمەریكیەكان بروایان وابو هەلبژاردنەكانی ساڵی 2005 كاریگەری هێوركردنەوەی هەبو، كەچی لە جیگای ئەوە بوە هۆكاری سەرهەڵدانی كێشەی رەگەزی و تائیفی لە عێراقدا.

سەرچاوە: العربیە