بۆچی ئەمەریكا لەبوونی سیستەمی موشەكی ئێس٤٠٠ لەتوركیا دەترسێت؟

جیهان

10/03/2019‌ 4770 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
لەكاتێكدا  توركیا دەڵێت ئەو پابەندە بە گرێبەستی كڕینی سیستەمی بەرگری موشەكی "ئێس ٤٠٠ی"  ڕووسی و دەشڵێت لەهاوینی داهاتوودا ئەو سیستەمەی بەدەست دەگات، لەوكاتەدا واشنتۆنیش بەردەوامە لە ناردنی پەیامی هۆشداری توند بە هاوپەیمانەكەی لە پەیمانی باكووری ئەتڵەسی،  كە سەرجەم پەیامەكانیش خۆیان لەوەدا دەبیننەوە دەبێت حكومەتی رەجەن تەیب ئەردۆغان لەنێوان سیستەمە رووسییەكە و هاوتا ئەمەریكییەكەی یەكێكیان هەڵبژێرێت .

وەزیری بەرگری ئەمەریكا وتی: ئەگەر توركیا سوور بێت لەسەر كڕینی سیستەمی بەرگری موشەكی رووسی ئێس ٤٠٠ ، ئەوا دەبێت توركیا جاوەڕێی ئاكامی خراپ بكات ، لەو ئاكامە خراپانەش بریتییە لەسەپاندنی سزا بەسەر توركیا و بێبەشكردنی لەدەستراگەیشتنی ئەنقەرە بە سیستەمی پاتریۆت و فرۆكەی هەرەپیشكەوتووی ئێف- ٣٥ ی ئەمەریكی.

ئەمریكییەكان پییانوایە، كە ئەو سیستەمە موشەكییە ڕووسییە هەرەشەیەكی راستەخۆیە لەسەر فرۆكەكانیان لەناوچەكە، بەڵام هاوپەیمانی باكووری ئەتڵەسی پێیوایە ناكرێت ئەو سیستەمە ڕووسییە لەگەڵ سیستەمی بەرگری تایبەت بەناتۆ یەتێكەڵ بكرێت ، كە توركیا خۆی دووەم هێزە لەناو ئەو هاوپەیمانییەتییەدا .

واشنتۆنیش دەشڵێت: توركیا ناتوانێت لەیەككاتدا هەردوو سیستەمی موشەكی پیشكەوتووی ئەمەریكی و ڕوسی هەبێت .

هاوپەیمانی باكووری ئەتڵەسی باس لەوە دەكات لەبەر ئەوەی  بڵاوەپێكردنی ئەو سیستەمە موشەكییە رووسییە لە توركیا پێویستی بەهاوكاریی و ڕاهێنانی هاوبەشی نێوان هەردوو سوپای توركیا و رووسیا دەبێت  ، ئەمەش مەترسی هەیە، كە رەنگە سەربكێشێ بۆ دزەپیكردنی زانیاریی سەربازیی و هونەریی هەستیاری هاوپەیمانییەكە بۆ رووسیا .

مانگی دیسەمبەری رابردووش واشنتۆن وەك پیشاندانی نیەتپاكی بۆ توركیا،  پێشنیازی فرۆشتنی سیستەمی مووشەكی دژە ئاسمانی پاتریۆتی بۆ ئەو وڵاتە كرد تا لە كرینی سیستەمە رووسییەكە پاشگەز ببێتەوە .

بەرپرسە ئەمەریكییەكان دەڵێن ئەو ئۆفەرە فەرمییەی  ئەمەریكا بۆ توركیا پێشنیاری كردووە لەكۆتایی ئەم مانگە كۆتایی ، كە دەبێت تا ئەو بەروارە حكوومەتی رەجەب تەیب ئەردۆغان خۆی یەكلایی بكاتەوە كە دەیەوێت كام لەو دوو سیستەمە مووشەكییە بكڕێت .

لەبەرانبەر ئەو داواكارییەی واشنتۆن ، رەجەب تەیب ئەردۆغان بە ئاشكاریی ئەو ئۆفەرەی ئەمەریكییەكانی رەت نەكردەوە ، بەڵام بە روونی دووپاتی كردەوە كە بەهیچ جۆرێك دەستبەرداری كڕینی ئەو سیستەمە مووشەكییە پێشكەوتووەی ڕووسیا نابێت ، هەروەك گوتیشی كە توركیا بەشێك لە پارەی گرێبەستی كڕینی ئەو مووشەكەی كە بڕی دوو ملیار و نیو دۆلارە  ڕادەستی رووسیای كردووە .

لەكاتێكدا توركیا دووشمی "گەڕانەوە نییە"  بەرز دەكەنەوە بەڵام لەلایەكی تر ئەم هەینییە خەلووسی ئاكار وەزیری بەرگری توركیا گوتی هەوڵی چارەسەركردنی ئەو بابەتە دەدەین  ، بەتایبەت دوای ئەوەی بەرپرسە ئەمەریكییەكان باسیان لەوە كردووە كە ئەستەمە كۆنگرێس ڕەزامەندی بدات لەسەر فرۆشتنی  فرۆكەی پێشكەوتووی ئێف-٣٥  بە توركیا ،  ئەگەر بێت و ئەو وڵاتە  هەر سوور بێت لەسەر كڕینی سیستەمی مووشەكی ئێس -٤٠٠ ی ڕووسی  .

بەهۆی ئەوەی  فرۆكەی ئێف – ٣٥  پڕچەككراوە بە گەلێك ئامێری پەیوەندیی و هەستیار و تەكنیكی زۆر پێشكەوتووی هەڵفرین ، بەجۆرێك بەشێوەیەكی بەردەوام لەگەڵ ناوەندی فەرماندەیی سوپا پەیوەندی دەمێنێت ، هەروەك فرۆكەوان توانای ئەوەی دەبێت بەشوێن شوێنەواری دوژمن بكەوێت و ڕادارەكانی لەكار بخات و هێرشەكانی شكست پێبهێنێ ، هەربۆیە لەبەر ئەم هۆكارانە واشنتۆن دەترسێت بە كڕینی ئەو سیستەمە مووشەكییە ڕووسییە ببێتە هۆی ئاشكرابوونی نهێنییە سەربازییەكانی فرۆكەی پێشكەوتووی ئێف- ٣٥ ی ئەمەریكی ، كە وا دیزاین كراوە بتوانێت خۆی لەو سیستەمە رووسییە قوتار بكات .

هەر لەو چوارچێوەیەدا جەنەراڵی ئەمەریكی كۆرتیس سكاباروتی فەرماندەی باڵای هێزەكانی هاوپەیمانی باكووری ئەتڵەسی لە ئەوروپا گوتی " ئەگەر بێت و بەكردارەكی توركیا  ئەو جۆرە سیستەمە مووشەكییە ڕووسییە بكرێت  ، ئەوە ئەوكاتە بەبوونی ئەو  سیستەمە دژە ئاسمانییە ،  ئێمە ناتوانین رێگە بدەین فرۆكەی ئێف- ٣٥ لەو ناوچەیە هەڵبفڕن " .

بەڵام ئەگەر بێت و توركیا هەر سوور بوو لەسەر تەواو كردنی گرێبەستەكەی لەگەڵ رووسیا ، ئەوا ئەوكاتە دەبێت قوربانی بدات لەدەستراگەیشتنی بە فرۆكەی شەبەحی ئەمەریكی ئێف – ٣٥ ، ئەوە جگە لەوەی دەبێت چاوەڕێی ئەوەبێت بەپێی یاسای بەرەنگاربوونەوەی نەیارەكانی ئەمەریكا  واشنتۆن سزای بەسەردا بسەپێنێت.

پێشتر واشنتۆن لە مانگی كانوونی دووەمی ساڵی ڕابردوو یەكەم وەجبەی ئەو فرۆكەیەی ڕادەستی توركیا كرد ، بەڵام ئەو فرۆكانە تاوەكو ئێستا هەر لە وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا ماونەتەوە ،  تاوەكو فرۆكەوانە توركەكان ڕاهێنانی لەسەر بكەن ، ئەوەش پرۆسەیەكە بەقسەی پنتاگۆن ساڵێك بۆ دوو ساڵی پێویستە .

بەڵام سەرەڕای هەموو ئەوانە رەجەب تەیب ئەردۆغان لەچاوپێكەوتنێكی تەلەفزیۆنیدا بەدووری زانی كە گرێبەستەكەی لەگەڵ رووسیا هەڵبوەشێنێتەوە ، كەبێجگە لەو گرێبەستە  وێستگەیەكی وزەی ناوەكیش لە توركیا بنیاد دەنێت و هێڵێكی بۆڕی گازیش بەناو خاكی توركیادا بۆ ئەوروپا ڕادەكێشێت .


وەرگێران: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی
سەرچاوە: sky news Arabia