ئەمریكا كار بۆ كەمكردنەوەی زیاتری هەناردەی نەوتی ئێران دەكات

جیهان

14/03/2019‌ 629 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
برایان هۆك نوێنەری سەرۆكی ئەمریكا بۆ كاروباری ئێران لەدانیشتنێكی بازاڕی وزەدا رایگەیاند، بوونی نەوتی زیادە لەبازاڕەكاندا دەبێتە هۆی ئەوەی، كە پڕۆگرامەكانی واشنتۆن بۆ جێبەجێكردنی سزا نەوتییەكان لەدژی ئێران خێراتر ببێت.

برایان هۆك راشیگەیاند، هەوڵ بۆ سفركردنەوەی هەناردەكردنی نەوتی ئێران ئامانج و خواستی واشنتۆنە و ئەمریكاش دەیەوێت لەنێوان بەدێهێنانی ئەو ئامانجەو هاوسەنگی بازاڕی نەوتدا، هاوتاییەك بەدیبێنێت.

هۆك جەختی لەوەش كردووەتەوە، ئەو سزایانەی، لە ساڵی2017ەوە لە دژی ئێران جێبەجێكراوە، تا ئێستا 10 ملیارد دۆلار دەرامەتی وڵاتی ئێرانی كەمكردووەتەوە و توانیویەتی ڕێژەی هەناردەكردنی نەوتی ئێران ڕۆژانە 1.5 ملیۆن بەرمیل كەمبكاتەوە، كە كار بۆ ئەوە دەكەن لەوە كەمتریشی بكەنەوە.

هاوكات ستیڤ میۆنشێن وەزیری گەنجینەی ئەمریكاش لەو دانیشتنە بەجەختكردنەوە لە قسەكانی هۆك كردووەتەوەو رایگەیاندووە، ئەو نموونە وڵاتە بەخشراوانەی، كە لەبارەی ئێرانەوە بۆ وڵاتان دەركراوە - كاتییەو هەموو وڵاتان لەداهاتوودا دەبێت پابەندی جێبەجێكردنی سزاكانی ئەمریكا بن‌و هاوردەكردنی نەوتی ئەم وڵاتە بەكۆتا بێنن.

پاش دەرچوونی ئەمریكا ڕێكەوتنی ئەتۆمی‌و دەستپێكی سزای نوێی ئەمریكا بۆ وڵاتی ئێران، هەندێك وڵات لەسزاكانی ئەمریكا بۆ هاوردەكردنی نەوت بەتایبەت لەم وڵاتە بەشێوەیەكی كاتی بەخشران‌و ئەمریكاش ڕایگەیاندووە، لەماوەی دوو مانگی داهاتوودا ئەم ماوە كاتییەش بۆئەوان بەكۆتا دەگات و ئەگەری تازەكردنەوەشی نابێت.

ڕۆژی ڕابردووش مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریكا داوای لەوڵاتانی كرد، لە جێی هاوردەكردنی وزە لە ئێران و ڕوسیاوە وزەی پێویستی خۆیان لە ئەمریكاوە هاوردە بكەن. 

پۆمپیۆ جەختیشیكردەوە، لەم سۆنگەیەوە ‌ئەمریكا هەوڵدەدات تا هەناردەكردنی نەوتی ئێران سفر بكاتەوە.

وەرگێڕان: یاسین نادر

بەپەلە