شەھیدانی لەبیركراو
قوربانیانی كۆمەڵەو دیموكرات لەكارەساتی ھەڵەبجەدا

کوردستان

16/03/2019‌ 1401 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئایا بیستووتە لە كارەساتی كیمیابارانی ھەڵەبجەدا دەیان پێشمەرگەی رۆژھەڵاتی كوردستان یان بە كیمیایی یان بە دەستی سوپای پاسداران كۆمەڵكوژ كراون؟ چیرۆكی ئەوان لە پەنای كارەساتە مەزنەكەدا خامۆش بووە. 

ئەوان كاتێ دژی كۆماری ئیسلامی ئێران لە خەباتی چەكدارییدا بوون لە دامێنی چیای سورێن بنكە و بارەگایان دانابوو، كەچی خاغڵگیرانە كەوتنە داوی ئەو پاسدارانەی كە بە ناوی ھێرش بۆ سەر ھەڵەبجە ھێنرابوونە سەر سنوور.

ھێشتا روون نییە چۆن نزیكەی ھەزار چەكداری كۆمەڵە و دیموكرات لەبەردەم ھێزێكی زەبەلاح و پڕ چەكی پاسداران لە دامێنی چیای سورێن لە باكووری شاری ھەڵەبجە دەمێننەوە كاتێ دەزانن كە ئەوان بە نیازی ھێرشێكی بەربڵاون بۆ سەر ھەڵەبجە و دەریاچەی سیروان، ئایا ئەو دوو حزبە گەورەی رۆژھەڵات ھێندە بێئاگا و بێ زانیاریی بوون لە مەرامی كۆماری ئیسلامی ئێران؟

ئەی ھاوكاری حزبەكانی باشووری كوردستان –یەكێتی، بزووتنەوەی ئیسلامی، سۆسیالیست،- كە لە پاڵ سوپای پاسداران نەخشەی رزگاركردنی ھەڵەبجە دەكێشن چی بووە بۆ قوتاركردنی پێشمەرگەكانی كۆمەڵە و دیموكرات؟

سەرەتای چیرۆكەكە
رۆژی ١٣/٣/١٩٨٨ سوپای پاسدارانی ئێران لە پاڵ بەشێك لە پێشمەرگەكانی باشووری كوردستان لەسێ قۆڵەوە- ناوچەی نەورۆڵی، ئەحمەدئاوا، ھەورامان- ھێرشیان كردە سەر شاری ھەڵەبجە و دەشتی سیروان و پردی زەڵم. مەرامی سوپای پاسدارانی ئێران پێكانی دوو ئامانجی سەرەكی بوو لەم ھێرشەدا یەكەم: كۆتاییەكانی شەڕی ئێران عێراق نزیكبوو ئەوكات ئێران ناوچەی (فاو)ی لە باشووری عێراق كۆنتڕۆڵ كردبوو، سوپای عێراق فشارێكی زۆری لەسەر سوپای پاسداران لەو ناوچەیە دروستكردبوو، ئێرانیش بۆ كەمكردنەوەی ئەو فشارانە ھێرشی بۆ سەر ھەڵەبجە دەستپێكرد. 

دووەم: ئێران دەیویست لەم ھێرشەدا زەبرێكی كوشندە لە حزبە ئۆپۆزیسیۆنە چەكدارەكانی لە ناوچەی ھەڵەبجە و ھەورامان بووەشێنێ. ئەوكاتە رێكخراوی زەحمەتكێشانی ئێران- كۆمەڵە ‌و حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران بارەگایان لەو ناوچەیە ھەبوو كۆمەڵە بە ھێزێكی ١٠٠ كەسی و دیموكراتیش نزیكەی ١٠٠٠ كەس.

ئەو رۆژەی ئێران نزیك دەبێتەوە لە ھەورامان تاریك و لێڵەی رۆژی ١٢ی ئازار، بە فێڵ دەست دەكات بە جێبەجێكردنی نەخشەی پەلاماردانی پێشمەرگەكانی كۆمەڵە و دیموكرات كە لە بیارە و گوندی ھاوار (كە گوندێكی كاكەییەكانی ھەڵەبجەیە) پێشمەرگەكانی كۆمەڵە ژمارەیان ٧٢ كەسە و لە بیارە بارەگایان داناوە و دیموكراتیش لە دەوروبەری ھاوارن.
    
لە شەڕێكی سەختدا لە نێوان پێشمەرگەكانی دیموكرات و پاسداران، سێ پێشمەرگەی دیموكرات شەھید دەبن و دوو دیكە بریندار دەبن، بەڵام پاسداران ناتوانن نزیكی بارەگاكان ببنەوە. وا دیارە ئێران نەخشە و پلانەكانی واز لێدێنێ بۆ ئەو كاتەی ھێرشە گەورەكە بۆ سەر ھەڵەبجە دەست پێدەكات.

ئاگا و بێ ئاگا
رێككەوتێكی سەیرە، بەرپرسانی دیموكرات و كۆمەڵە كە لەو كارەساتەدا لە ناوچەی ھەڵەبجە و ھەوارامان بوون دوو باسی جیاواز دەگێڕنەوە سەبارەت بە ئاگاداركردنەوەیان لە مەرام و پیلانەكانی ئێران. لە كاتێكدا ئەو كاتەدا ھەردوو حزب لەگەڵ حزبەكانی باشوور نێوانیان ئاسایی بووە و لە نزیكەوە ئاگاداری پلانەكانی رزگاركردنی ھەڵەبجەبوون.

‌گوردانی شوان كە ھێزێكی ٧٤ كەسی پێشمەرگەكانی كۆمەڵەیە و لە بیارە جێگیربوون، تا رۆژی ١٦ی مانگ رۆژی كارەساتەكەی ھەڵەبجە ئاگادار نەبوون ئێران ھێرش دەباتە سەریان. لەو رۆژەدا كاتێ دەزانن كە كات درەنگی كردووە و دەرفەتی قوتاربوون نەماوە بۆیە توشی سەر لێشێوان دەبن.

لەو گوردانە تەنیا دوو كەس رزگاریان بووە و ٧٢ یان شەھید كراون. یەكێك لە رزگاربووەكان ژنێكە بەناوی (نەسرین رەمەزان عەلی) نەسرین ئێستا لە ئەوروپا دەژی و ئەندامی رێبەریی حزبی رێكخراوی كۆمۆنیزمی كرێكارانی ئێرانە لە لێدوانێكدا بۆ گۆڤاری شار نكوڵی لەوە دەكات لە مەرام و پیلانەكانی ئێران ئاگادار كرابنەوە.

نەسرین دەڵێ: " ئێمە ئاگادار نەبووین و نازانم بەرپرسانی حزبەكانی باشوور بەرپرسانی ئێمەیان ئاگادار كردووەتەوە یان نا. تازە كار لەكارترازابوو بڕیاربوو لەنزیك شارۆچكەی سیروان ئێمە بە ھاوكاری ھێزێكی حزبمان  بەكەڵك وەرگرتن لە بەلەم و قایەق بپەڕینەوە بۆ ئەوبەری ئاوی سیروان، ئەو بەلەمەی كە بۆ ھاوكاری ئێمە ھاتبوو كەوتە كەمینی پاسدارانەوە و چوار كەسیان شەھیدبوون. دواتر ھێزەكانی گوردانی شوانیش پێكڕا كەوتنە كەمینەوە."

نەسرین ئێستا بەمجۆرە ئەو رووداوە ھەڵدەسەنگێنێ " ‌ھێزە ناسیۆنالیستەكانی كوردستانی عێراق بە ھۆكاری سەرەكی ئەو كارەساتە دەزانم چونكە كەوتنە بەر جاش و پاسدارانی ئێران و ھێنایانن بۆ كوردستان. جاش و پاسداران تەنانەت بەسەر تەرمی خەڵكی بێ تاوانی ھەڵەبجەدا دەرۆشتن و دەستیان كرد بە تاڵانی و دزیی لە ماڵ و سامانی ئەو خەڵكە لێقەوماوە."

تێكڕا لە ھێزی گوردانی شوان ٦٠ پێشمەرگەیان لە دەوروبەری سیروان كۆمەڵكوژكران یان كەوتنە ناو دەریاچە و ١٢ پێشمەرگەش بە برینداری كە بە گوللە و چەكی كیمیایی پێكرابوون بە دیلی كەوتنە دەستی پاسداران و دواتر لە شاری سنە ئیعدام كران.

ئەحمەد ساڵحی ئەندامی سكرتارێتی ئێستای كۆمەڵە كە ئەوكات لە ناوچەی باساك‌و چنارە لە نزیك دەربەندیخان بووە،دەڵێ لە نزیكەوە ئاگاداری رووداوەكانی ئەوكات بووە چونكە بە بەردەوامی بە ئامێری بێتەل پەیوەندییان لەگەڵ پێشمەرگەكانی گوردانی شوان ‎ھەبووە.

ساڵحی سەبارەت بە كارەساتی كۆمەڵكوژیی گوردانی شوان لێدوانی بۆ گۆڤاری شار دا تێیدا وتی: " دوای ئەوەی ھاوڕێیانمان كە ژمارەیان ٧٢ دوو كەس بوو زانییان سوپای پاسداران لە سەروبەندی ھێرشدایە بۆ سەر ھەڵەبجە و ئەوانیش ئامانجن، ھەوڵیانداوە خۆیان لەو پیلانە دەرباز بكەن. بۆ ئەمە چەند رێگەیەكیان لە بەردەست بووە. رێگەی یەكەم ئەوە بووە لە بیارەوە رووەو ئێران بڕۆن، كە ئەمە رێگەیەكی مەترسیداربووە، بۆیە ھەڵیاننەبژرادبوو، رێگەی دووەم پەڕینەوەبووە بە شاخی سورێندا، بەڵام بەھۆی ناشارەزایی ناوچەكە،‌ ئەو رێگەشیان ھەڵنەبژاردووە، رێگەی سێیەم رۆشتن بووە بەرەو ناو شاری ھەڵەبجە بۆ ئەوەی لە رووباری سیروان بپەڕنەوە بۆ ناوچەكانی باساك‌و چنارە."

بساڵحی درێژەی پێدەدا "دوای ئەوەی رێگەی سێیەمیان ھەڵبژارد، رۆژی ١٦ ی مانگ ئەو ٧٢ پێشمەرگەیە بە ئاراستەی رووباری سیروان ھاتوون تا ئێوارەی ھەمان رۆژ گەیشتوون بەرووبار، لەوێ ئامادەكارییان كردووە بە بەلەم بپەڕنەوە، بەڵام ھێزەكانی ئێران پێیانزانیون‌و شەڕو پێكادان لەنێوانیاندا روویداوە و تا بەرەبەیان درێژەی ھەبووە. بەھۆی ناھاوسەنگی ھێزو كاریگەریی چەكی كیمیایی لەسەر ھاوڕێكانمان، رۆژی ١٧ی مانگ ٦٠ كەس لەو ھاوڕێیانەمان شەھیدبوون و ١٢ تریان بە زیندوویی كەوتوونەتە دەست پاسداران. دواتر ئەوانیش لە سنە لەسێدارە دران."

بەڵام بەرپرسانی حزبی دیموكرات دەڵێن كە لە لایەن یەكێتی نیشتمانی كوردستانەوە ئاگاداركراونەتەوە لەو پیلانەی ئێران، بۆیە رەنگە ئەوە ھۆكارێكی باش بووبێ كە دیموكرات قوربانی زۆر كەمتربووە لە كۆمەڵە.

كاوە بەھرامی یەكێ لە بەرپرسانی ئەو كاتی كۆمیتەی ھەورامانی حزبی دیموكراتی كوردستان بۆ گۆڤاری شار دەڵێ: "بەھۆی ئەوەی تێكەڵاوییەكی زۆرمان لەگەڵ پێشمەرگەكانی یەكێتی لەو ناوچەیە ھەبوو، پێشتر لەلایەن بەرپرسانی یەكێتییەوە ئاگاداركراینەوە كە ھێزەكانی سوپای پاسداران ھێرش دەكەنە سەر ھەڵەبجەو بڕیاروایە ھەتا سلێمانی بگرن. ھەروەھا پێیان وترابوو كە دواتر ناوچە ئازادكراوەكان رادەستی ھێزە كوردییەكان دەكەن. وتیشیان پاسداران ھێرش ناكەنە سەر بنكەكانی دیموكرات گوایە یەكێتی‌و ئێران لەسەر ئەوە رێككەوتبوون!."

بەھرامی زیاتر لەسەری رۆیشت و وتی: " بەھۆی ئەوەی رێبەرایەتی ئێمە باش لە پیلان و مەرامی رژێمی ئێران تێگەیشتبوو، بە مەبەستی پێشگرتن لە ئاوارەبوونی ئەندامان‌و لایەنگرانمان لە سنووری (نەوسود) كە لەژێر كۆنترۆڵی ئێمەدا بوو، بڕیاردرا ھەموو ھێزەكەمان كە بریتی بوون لە ٨٥٠ پێشمەرگە بخرێنە دۆخی ئامادەوەو ھێزەكانی یەكێتیشمان ئاگاداركردەوە كە بنكەو بارەگاكانمان ئامانجی سەرەكی پەلامارەكەی ئێران دەبێ."

بەپێی گێڕانەوەكانی بەھرامی بە گشتی پێشمەرگەكانی دیموكرات و پاسداران لە گوندی ھاوار ١٨ سەعات شەڕیان كردووە و ھێزەكانی ئێران تێكشاون و سێ پێشمەرگەی دیموكرات شەھیدو دووی دیكە برینداربوون.

بەھرامی ئەو كات بەرپرسیاری سەرەكی پێشمەرگەكانی دیموكرات بووە لەو ناوچەیە و چۆنێتی دەربازكردنی پێشمەرگەكانیان بەمجۆرە دەگێڕێتەوە

"دوای ئەوەی زانیمان پردی زەڵم تەقێنراوەتەوە، بۆ پاراستنی ئەندامەكانمان پاشەكشەمان كرد ئێمە كادرو پێشمەرگەكانمان لە عەنەب كۆكردەوەو ئەوانەی كە بەھۆی گازی كیمیاییەوە برینداربوون گەڕاندەوە بۆ شاری پاوەو دوای كۆبوونەوەیەكی رێبەرایەتی ئەو كات، من وەكو فەرماندەی گشتی ھێزەكان ئەركی دەربازكردنی ٨٥٠ كادیرو پێشمەرگەو بنەماڵەكانیانم پێسپێردرا. لەیەكەم ھەنگاودا ئێمە پەیوەندیمان بە یەكێتی‌و سۆسیالیستەوە كرد كە ھاوكاریمان بكەن‌و پاش دوو رۆژ بە ھانامانەوە ھاتن. كادیرێكی یەكێتی‌و دووی سۆسیالیست كە  بەداخەوە یەكێكیان لە بناری سورێن بەھۆی تۆپبارانی ئێرانەوە شەھیدبوو، ھاوكارییان كردین."

ئەحمەد ساڵحی یەكێ لە بەرپرسانی كۆمەڵە سەبارەت بە ئاگادار نەكردنەوەیان لە پیلانەكانی ئێران وتی: "ئێمە تائێستاش نازانین و سەر دەرناكەین كە ھەڤاڵانی حزبەكانی باشوور ئێمەیان بۆچی لەو ھێرشە ئاگادار نەكردەوە، چەند جارێكیش لەكاتی خۆیدا داوای روونكردنەوەمان كرد، كەچی ھەر  وەڵامی قانعكەرمان دەست نەكەوتەوە."

دیسان ناكۆكی كورد
لە سەروەختی روودانی كارەساتی ھەڵەبجەدا، حزبەكانی رۆژھەڵات كە لەو ناوچەیە بارەگایان لە نزیكی یەك ھەبوو، بەڵام لە شەڕێكی سەختی ناوخۆ و دەستەو ئێخەدابوون لەگەڵ یەكتر و رووداوی ترسناك لە نێوان پێشمەرگەكانیان رووی دابوو. بۆیە تەبا نەبوون و كاری ھاوبەشیان لە نێواندا نەمابوو. كاوە بەھرامی بەرپرسەكەی حزبی دیموكرات روونی دەكاتەوە لەو كاتەی یەكێتی ھۆشداریی پێدابوون لەسەر پەلاماری پاسداران بۆ سەریان، ئەوانیش بەرپرسانی كۆمەڵە و گوردانی شوانیان ئاگادار كردبووەوە كەچی وەڵامیان وەرنەگرتبۆوە و گوێ بە ھۆشداریدانەكەیان نەدراوە!

بەھرامی وتی: "ئێمە پەیوەندییمان بە بەرپرسانی كۆمەڵەوە كرد تا پێكەوە لەو قەیرانە دەربازبین، كەچی ئەوان وەڵامیان نەداینەوەو رێگەیەكی دیكەیان گرتەبەر."

شەھیدەكان لە باشوور فەرامۆشكراون
بە گشتی كۆمەڵە ٦٠ شەھید و دیموكراتیش سێ شەھیدیان لەو رووداو و كارەساتەدا ھەیە لە ھەڵەبجە و دەوروبەری روویدا، كەچی تائێستا لە لایەن وەزارەتی كاروباری شەھیدانی كوردستانەوە وەكو شەھید تۆمار نەكراون و ھیچ ئیمتیازێك بە كەسوكاریان نادرێت. ھەرچەندە بەرپرسانی كۆمەڵەو دیموكرات دەڵێن چەندینجار ھەوڵیانداوە لەڕێی وەزارەتی شەھیدانەوە‎ ئەو شەھیدانەیان وەك شەھیدانی ھەڵەبجە بۆ ئەژمار بكرێت بێ ئەوەی داوای ھیچ ئیمتیازێك بۆ حزب و كەسوكاریان بكەن.

ئاراس عابد جێگری سەرۆكی كۆمەڵەی قوربانیانی ھەڵەبجە لە لێدوانێكدا بۆ شار ئاشكرایكرد چەند ساڵێك لەمەوبەر بەرپرسانی كۆمەڵە ناوی شەھیدەكانیان بردووە بۆ كۆمەڵەی قوربانیان و داوایان لێكردوون كە كارئاسانیان بۆ بكەن تا قوربانییەكانیان بە شەھیدی ھەڵەبجە تۆمار بكرێن. ئەوانیش لەگەڵ ئەوەدان ناوی شەھیدانی كۆمەڵە و دیموكراتیش بخرێتە سەر ناوی شەھیدانی كیمیاباران.

مەحمود حاجی ساڵح وەزیری كاروباری شەھیدان و ئەنفالكراوانی كوردستان بۆ شار وتی: ئەو داواكارییە لەسەردەمی وەزیری مندا پێشكەشنەكراوە، ئەگەر داواكارییەكی لەو جۆرەش بكرێ، ئەوا رێوشوێنی پێویست بۆ ئەو مەبەستە دەگرینەبەر."

بەرچاوڕوونی:
ئەم راپۆرتە ساڵی ٢٠١٦ لە بیست و هەشتەمین ساڵیادی كیمیاییبارانكردنی هەڵەبجە دا لە گۆڤاری شار بڵاو كراوەتەوە.