عەبدولسەلام عارف.. ئەفسەرێكی سەركێش بەجلوبەرگی سەرۆكەوە

عیراق

28/03/2019‌ 4342 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
عەبدولسەلام محەمەد عارف لە 26ی ئازاری ساڵی 1921 لە دایك بووە، لە خێزانێكی دیاردا، كە لە بواری بازرگانی جلوبەرگدا كاریان دەكرد، دوای تەواوكردنی قۆناغەكانی خوێندن لە ناوەندی كەرخ لەساڵی 1938 دا دەرچوەو بووەتە مایەی ئەوەی زیاتر رووبەرووی ئاڵینگارییەكان ببێتەوە‌.

باپیری شێخێكی ناسراوی هۆزی (جمیلە) بووەو خالۆشی شێخ (زاری المحمود) یەكێك بووە لە سەركردەیەكی دیاری شۆرشی ساڵی 1920 دژی ئیستعماری بەریتانی لەو كاتەدا، كە لە ساڵی 1941 كۆلیژی سەربازی بە پلەی مولازمی دووەم تەواو كردووە.

تایبەتمەندییەكانی كەسایەتی عەبدولسەلام عارف
كەسایەتی ناوبراو چەندین سیفەتی لەخۆی كۆكردبوەوە، وەك سادەیی و بێ بەرنامەیی، سەرەرای توندوتیژی و بەهێزی‌و رەوانبێژییەكەی بووەتە هۆی ئەوەی لە زۆربەی كاتەكاندا ركابەرەكانی پارێزگار بن بەرانبەری.

بەشداریكردنی لەشۆڕشی رەشید عالی گەیلانی لە ساڵی 1941، كە بەشۆرشی ئایاری رزگاریخواز ناسرا و چوونە نێو جەنگی فەلەستین دژی ئیسرائیل لە ساڵی 1948، شارەزاییەكی زۆری پێبەخشی لە ململانێ كردن لەگەڵ ركابەرەكانی و خۆراگرتندا لەكاتی توندوتیژی.

مێژوونووسەكان لە نەوەی ئەفسەرە شۆرشگێرەكان پۆلێنی دەكەن، ئەوانەی بەرهەڵستكاری پرۆسەكانی گۆڕانكارییەكان دەكرد بە بەكارهێنانی سوپا وەك ئەوەی لە سوریادا روویدا بە كودەتا كردنەكەی (حسنی الزعیم)، یان لەسەر شێوازی ئەفسەرە ئازادیخوازەكان، ئەوانەی مەلیك فاروقیان لەسەر دەسەلات لادا لە میسر.

مامۆستای زانستە سیاسییەكان (موئەید ونداوی) بە ئەفسەرێكی سەركێش وەسفی دەكات كە حسابی بۆ مردن نەكردوە، بەبەڵگەی ئەوەی كاتێ فەرماندەیی چەند بەشێكی سوپای دەكرد لە لیوای 20، و رژێمی پاشایەتی ئەو كاتی لەكارخست.

عارف نامەیەكی بەناوبانگی هەیە بۆ باوكی – تیایدا داوای رازی بوون و نزای لێدەكات بۆ بەدەست هێنانی سەركەوتن یان شەهید بوون لەكاتی مردنیدا- دیارە كە سەرسەختی پێوە دیارە لە رووبەروو بونەوەی ئاڵینگارەكان و سەردانەواندن بۆ بەرانبەركەی، و خودی خۆی بەیاننامەی یەكەمی خوێندەوە لە بارەگای رادیۆ لە 14ی تەموزی 1958.

ململانێی دەسەڵات
عەبدولسەلام عارف بوە كەسی دووەم لە پاش عبد الكریم قاسم، هەردوو پۆستی جێگری سەرۆك وەزیران و ناوخۆی وەرگرت، بەڵام پاش ئەوەی چوونە ‌ نێو ژیانی سیاسیەوە، پەیوەندیەكانی لەگەل هاورێكەی لە ریزی سوپادا بەرەو ئالۆزی رۆیشت.

پێدەچێ ناكۆكی فیكری نێوان ئەو دوو كەسە هەر لە سەرەتاوە درزی خستبێتە نێوانیانەوە، ئاراستەی نەتەوەیی ئیسلامی لای عارف لەگەل جەمسەری راسترەودا نەدەهاتەوە بۆیە تۆمەتبار كرا بە پلانگێڕی، و دوورخرایەوە لە دامەزراوەی دەسەڵات، و لە بەرلین وەك بالوێز دەستنیشانكرا.

دوای ماوەیەك و گەڕانەوەی بەبێ پرسی دەسەلات بۆ ولات، تۆمەتباركرا بە پلانگێری دژی رژێم بە پاڵپشتی شیوعیەكان، بۆیە دەستگیركراو پاش دادگایی كردنی فەرمانی لە سێدارەدانی بۆ دەرچوو، لەكاتێكدا قاسم نەیدەویست ئەو فەرمانە جێبەجێبكرێت و پاشان ئازادی كرد و لە ژێر نیشتەجێبوونی بەزۆردا داینا تاكو ساڵی 1963.

جوڵانەوەی شوبات 
مێژوونووس عبد الجبار محسن لە قسەكردنیدا بۆ جەزیرە.نت، وای دەبینێ پاش ئەوەی بەعسیەكان هاتنە سەر دەسەڵات بە سەرۆكایەتی ئەحمەد حەسن بەكر حەزیان بە عبد السلام عارف بوو، بەوەی زیانمەندی سەردەمی شیوعیەكان بوو، لە هەمان كاتدا مێژوویەكی درێژی هەبوو لە بەرهەڵستكاری كردنی قاسمدا، بۆیە سەرۆكایەتی حكومەتیان پێبەخشی لەو كاتەدا.

ململانێكانی نێوان رێزەكانی بەعس رێگای كردەوە بۆ ئەوەی عارف بە توندوتیژی دەسەڵاتەكەی بچەسپێنێ، ئەمەش هاوكاری بوو بۆ دوورخستنەوەی ركابەرەكانی.

ناوبراو زۆر كاریگەر بوو بەكەسایەتی سەرۆكی كۆچكردووی میسر جمال عبد الناسر، و پەیوەندیەكی توندو توڵی هەبوو لەگەڵ نەتەوەییەكانی ناوخۆ بەوەی هێما بوو بۆ جوڵانەوەی نەتەوەیی، بڕوای بە یەكێتی عەرەبی هەبوو لەگەل میسرو سوریادا، بەڵام نەك بە خێرایی و یەكسەری.

ماوەی دوای ئەوەی فەرمانڕەوایەتیەكەی سەقامگێری بەخۆیەوە بینی، بەهۆی ئەوەی هاوسەنگ و تێگەیشتنی بۆ سیاسەتی دەرەوەو ناوخۆ هەبو، بە شێوەیەك ئایدۆلۆژیاكەی خستە روو دەربارەی سۆسیالیستی ئیسلامی و بە ئامانج گەیاندنی یەكێتی نیشتمانی بۆ هەر وڵاتێكی عەرەبی وەك سەرەتایەك بۆ یەكێتی عەرەبی مەزن.

مردنێكی تەم و مژاوی
عارف لە 13ی نیسانی 1966 لە ئەنجامی كەوتنە خوارەوەی فرۆكە تایبەتیەكەی لە ناوچەی (القرنە) دوای گەرانەوەی لە سەردانیكردنی پارێزگای بەسرەی باشوری عێراق گیانی لەدەستدا، ئەمەش پاش رۆژێكی تەواو لە میوانداری ئەو شارەداو هۆشداری پێدانی تیمەكەی لە مەترسی گەڕانەوەی بەشەو.

لێكۆلێنەوەكان لەو كاتەدا ئاشكرایان كردوە رووداوەكە بەهۆی گەردەلوولی لمیەوە بوە، بەلام ئەو تیمەی كە كۆمپانیای روسی دروستكەری فرۆكەكەی، دووپاتیانكردەوە هیچ كێشەیەكی هونەری نەبوەو تا ئێستاش بە ناروونی ماوەتەوە.

پاشان براگەورەكەی عبد الرحمن عارف دەسەڵاتی گرتە دەست بۆ تەواو كردنی سەردەمێكی تر لە فەرمانڕەوایی لە دەسەڵاتی دوو ئەفسەر، كە چوونە ژیانی سیاسیەوەو بە جلی سەرۆكەوە تیایدا دەرچوون.

سەرچاوە: الجزیرە
وەرگێڕان: حلمی رەسول رەزا