ئینتەرنێتی زۆر خێرا.. ئەمازۆن پلان بۆ هەڵدانی ٣ هەزار مانگی دەستكرد دادەنێت

جیهان

06/04/2019‌ 690 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: 
كۆمپانیای ئەمازۆن رایگەیاند، لەپێناو پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری ئینتەرنێتی زۆر خێرا ، پلانی بنیادنانی تۆڕێكی هەیە كە سێ هەزار مانگی دەستكرد لەخۆ دەگرێت و  بە "پرۆژەی كایبەر ' ناسراوە .

كۆمپانیاكە بڵاویكردەوە، بەپێی پرۆژەكە چەندین مانگی دەستكرد لە بەرزایی زۆر كەم لەرووی زەوی جێگیر دەكرێت  تاوەكو  ئینتەرنێتی زۆر خێرا بۆ ئەو كەسانە دابین بكات كە ناتوانن دەستیان بگات بەو خزمەتگوزارییە بنەرەتییە لەسەرانسەری جیهان .

وابڕیارە مانگی داهاتوو وردەكاری پرۆژەكە بخرێتە بەردەم یەكییەتی نێودەوڵەتی پەیوەندییەكان كە سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكانە .

پرۆژەی كۆمپانیای ئەمازۆن بۆ مانگە دەستكردەكان بەچەندین پرۆژەی هاوشێوە رووبەرووی كیبڕكێی توند بۆتەوە ، وەك  پرۆژەی كۆمپانیای سبیكس ئیكسی ملیاردێر ئیلۆن ماسك و كۆمپانیای ( وان وێب) كە لەلایەن ئێرباسەوە پشتیوانی دەكرێت  ، ئەوە سەرباری چەندین پرۆژەی تر .

لەمانگی شوباتی ئەمساڵ ، كۆمپانیای وان وێب یەكەم شەش مانگی دەستكردی رەوانەی بۆشایی ئاسمان كرد .

وەرگێران: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی